خەبات: پەریهان عومەر:- شێوەکار لەنیا حەیدەر، دەرچووی کۆلیژی پەروەردە بەشی ئینگلیزییە، لە ئێستادا پیشەی هونەری نیگارکێشانە، لە دیدارێک بۆ (خەبات) باس لە هونەری نیگار کێشان دەکات.
*چۆن چوویتە ناو بواری وێنە کێشان؟
وێنەکێشان خولیای منداڵیم بوو لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنمدا بەهرەکانم تەشەنەی کرد و زیاتر پەرەم پێدا، هونەر وەک خۆراکی ڕۆح و دەروون وایە لە جەنجاڵییەکانی ژیان دوورت دەخاتەوە، بیرکردنەوەم وایە کە دەکرێت هەر مرۆڤێک بۆ هۆکارێک لەدایکبووبێ، منیش بۆ هونەر.
*وێنەکانت زیاتر لەسەر لەوحە یان کاغەز دەکێشیت؟
تابلۆکانم بەشێوەیەکی بەرچاو خۆی لە لەوحەی کانڤاسدا دەبێنێتەوەو بە بەکارھێنانی خامی ڕەسەن.
*لە ڕووی ماددی سوود لە وێنەکانت وەردەگریت؟
بەڵێ تا ڕادەیەک تابلۆکانم دەفرۆشرێن، زیاتر وێنە پۆرترەیتەکان خواستی زیاتری لەسەرە کەمتر لە هونەرە هاوچەرخەکانی سەردەم وەک ئەبستراک.
*زیاتر چ چۆری بۆیە و قەڵەمێک بەکار دههێنێت؟
لەڕووی جۆری بۆیەوە بەهەمەڕەنگی بەکاری دەهێنم، بەرچاوترینیان بۆیەی زەیتی و فەحمە ، کارپێکردنیان ناوازەیە و چێژی تایبەت بەخۆی ھەیە، چونکە گرتنی فڵچە دەتباتە دنیایەکی تر.
*وێنەی سرووشت یان وێنەی هەمەجۆر دەکێشی؟
سرووشت یەکێکبووە لە هۆکارە ئیلهام بەخشەکان بۆ نەخشاندنی تابلۆکانم، لەسەرەتادا بە نەخشاندنی کەرەستە سەرەتاییەکانی ڕۆژانە دەستم پێکرد، دواتر وردە وردە بە مەشقکردنی بەردەوام توانیم ئاستێکی باش بەدەستبهێنم و زیاتر وێنەی سرووشت و مرۆڤەکان دەکێشم.