وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی هەڵمەتێكی ناڕاستی دژ بە وەزارەتەكە، بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21/8/2024، وەزارەتی دارایی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی ناڕاست و ناڕەوا دژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان دەستی پێکردووە و دەیانەوێت هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ڕێگایەوە چەندین زانیاریی ناڕاست لەسەر لیستی مووچە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە هۆکاری نەناردنی مووچە. زیادبوونی تەمویلی مووچە و ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرە، لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بۆ ڕای گشتی دەخەینە ڕوو:

1ـ سەبارەت بەدوبارەبونەوەی ناوی موچەخۆران لەنێوان هەرێم‌و بەغدا، دوای بەدواداچون دەرکەوتوە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییەو زۆربەیان فەرمانبەرن بەگوێره‌ى یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە، بەڵام لەحکومەتی عێراق سودمەندن لەهاوکاری چاودێریی کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی موچە پێویستبوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک موچە، پێویستبوو لەکاتی بونی سەرپێچی یاسایی لەلایەن هەردولاوە ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بونی موچەو هاوکاری لەیەککاتدا بەگوێره‌ى یاسا لەهەرێم ڕێگەپێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دوبارەبونەوە هەبێت، ڕاستتروابوو هاوکاریەکە ڕابگیرێت نەک موچە لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕوی یاساییەوە بۆ پێدانی موچە هیچ گرفتێکی نییە، دەبوایە هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم‌و فیدراڵ لەڕێگه‌ی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچون‌و وردبینیان بۆ دۆسیەکان بکردایەو چۆنیەتی سزاو بڕەکەیان دیاری بکردایە، کە ڕەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت بەگوێره‌ى یاسا بەرکارەکانی هەرێم.

2ـ سەبارەت بەکێشەی نەبونی بایۆمەتری لەهەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردوە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ موچەخۆران‌و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە بونی وارسی خانەنشین‌و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن‌و ئەوەش بەو مانایە نایات ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت موچەخۆر نییە، لەجیاتی ئیعتیماد لەسەر بایۆمەتری کە حکومەتی هەرێم بەفەرمی وتویەتی تەواو نەبوە، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کەهەموو هاوڵاتی‌و موچەخۆرێک بەسەربازیی‌و مەدەنیەوە هەیەتی لەتەواوی عێراقدا.

3ـ بەشێکی تر لەو ناوە دوبارانەی لەلیستی موچەدا هەیە بەتایبەت لەچەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێم کە یەکێک لەتێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بەدواداچون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتوە ناوی چواریان دووبارەیە، بەڵام ناوی دایکیان‌و تەمەنیان جیاوازە (تشابە الاسما‌و)، هیچ یاسا شکێنیەکی تیانییە، بەڵام بەبێ گەرانەوە بۆ هەرێم وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەنیازە موچەیان ببڕێت، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردون.

4ـ سەبارەت بەکێشەی موچەی مامۆستایان‌و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک‌و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمه‌ ئەوەش کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی 2003وه‌ بەردەوامە تائێستا وەکو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم‌و بەغدا درێژەی هەیەو پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتی هەیە واتە ڕێکەوتنی سیاسی.

5ـ سەبارەت بەزیادبونى تەمویلی موچەى نێوان مانگى (6و 7)ى 2024 ، به‌گوێره‌ى بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینانی هەرێم هاوتای موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەگوێره‌ى بڕیاری دادگای فیدراڵی موچەی خانەنشینانی هاوتاکردوەو بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردوەو بڕی 54 ملیارو 208 ملیۆن دینار زیادبوە، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لەتەمویلی داواکراو بۆ موچەی مانگی حەوت لاببەی، تەمویلی داواکراو نزیکەی 956 ملیارو 876 ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کە نزیک‌و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی ڕابردوە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجیکردوە.

لەکۆتایدا پێویستە هەمولایەک ئاگاداربن حکومەتی هەرێم لەدوای ساڵی 1992وە دابڕانێکی دورودرێژی لەبواری سیستەمی کارگێڕیی‌و دارایی‌و ژمێریاریی هەبوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تا دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەشوباتی ئەمساڵ تایبەت بەموچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.

لەدوای ئەو بڕیارەوە هەردولا کاردەکەن بۆ ئەوەی ئیجرائاتە ئیداریی‌و دارایی‌و یاسایی‌و ژمێریاریەکان یەکبخەن، کەئەمەش کارێکی ئاڵۆزو پڕ گرفتە، ئێمە لەساڵی ڕابردوەوە کاری لەسەر دەکەین‌و بەردەوامیشین، ئومێدەوارین تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشەکان چارەسەربکرێن. داواکارین لەوەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوکارو هەماهەنگ بێت لەگەڵمان بۆ چارەسەرکردنی ڕێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەریانەی تائێستا چارەسەرنەکراوە، نەک ئیجرائاتی (تعسف)ی بەرامبەر فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.

 ئیتر موچەخۆران‌و خانەنشینانی هەرێم خۆتان قەزاوەت بکەن کێشەکە (ئیداریی‌و دارایی‌و ژمێریارییە یان سیاسی).

بەڕێوبەرایەتی گشتیی ژمێرکاریی/ وەزارەتی دارایی‌و ئابوری
21ى 8ى 2024