خەبات: ئەحمەد تاریق:- خانمە شانۆکار هەوار فارس هەمیشە لەسەر تەختی شانۆ وەک کچێکی بوێر و ئازا دەردەکەوێت و ڕۆڵ دەگێڕێت و خانمێکی دیاری نێو ئەو بوارەیە. هەوار فارس، لە زۆربەری کارە هونەرییەکانی لەشاری کەرکووک ئەنجامدەدات، بەڵام ئەو وەکو خۆی دەڵێت بە پێویستی دەزانم هەر کارێکی هونەری لە کەرکووک بکرێت پشتیوانی لێبکەم بەهەر شێوازێک بێت، چونکە هونەر لە ناخمدایە هەمیشە حەز دەکەم هونەری جوان و سەردەمیانە و پێشکەوتوو بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین هونەرێکی دەوڵەمەند و جوانمان هەبێت.

هەوار فارس، لە نوێترین کاری شانۆییدا بە خەباتی ڕاگەیاند و گوتی: لە ئێستادا خەریکی خۆ ئامادەکردنی کارێکی شانۆیین کە گرووپی شانۆیی ستەیج بە هاوکاری لەگەڵ گرووپی شانۆیی هەوار نمایشی شانۆیی کۆمیدی بە ناوی (هەموو دزەکان یەک نین) بەرهەم دەهێنن، بڕیارە لە 28 ی ئەم مانگە نمایش بکرێت بۆ ماوەی چوار ڕۆژ نمایشەکە بەردەوام دەبێت، لەسەنتەری ڕۆشنبیریی کەرکووک، ئەم شانۆگەرییە لە نووسینی نووسەری ئیتالی داریۆفۆیە لە دەرهێنانی عیماد مەهدی یە.