خهبات: شلێر كۆیی:- فهرمانگهی شوێنهوارو كهلهپووری كۆیه دهستیانكرد به نۆژهنكردنهوهی خانووەکانی مەلای گەورەى کۆیە، كه مەترسی لەناوچوونیان لهسهربوو. مەلا محەمەد کوڕی حاجی مەلا عەوڵای جەلیزادەیە، ناسراو به (مهلاى گهوره) ساڵی 1876 لە کۆیە لەدایکبووە. یهكێك له زانا و رۆشنبیرە پێشڕەوهكانی كورد بووه. یەکێک لەو بابەتانەی کە مەلای گەورە زۆر ئاوڕی لێداوەتەوە، بابەتی ئازادیی ژنان و خوێندنیان بووە. بۆ ئهم مهبهستهش بۆ یهكهمجار نهجیبهخانى كچی له كۆیه ناردووته بهر خوێندن.
هێمن نهعمان شوێنهوارناس له فەرمانگەی شوێنەوارو کەلەپووری کۆیە سهبارهت به نۆژهنكردنهوهی خانووی مهلای گهوره بۆ خهبات گوتی: خانووی مەلای گەورە لە ساڵی (٢٠١٩) وەک یەکێک لە بینا کەلەپوورییەکانی کۆیە بە ژمارە (٧) دیاری کراوە و لە لیستی بینا کەلەپورییەکانی فەرمانگەکەمانە. ئەو شوێنەوارناسە گوتیشی: بە پێی بەدواداچوونەکانمان مێژووی خانووەکە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی (١٩) و سەردەمی (مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە) دەگەڕێتەوە، وەک دەردەکەوێت خانووەکە زیاد لە جارێک و بەچەند قۆناغێک نۆژەنکراوەتەوە و تەنانەت نەخشە بنەڕەتییەکەشی گۆڕانکاری تێدا کراوە.
ئەو شوێنهوارناسەی فەرمانگەی شوێنەوارو کەلەپووری کۆیە دەشڵێت: بۆ وەبیرهێنانەوەش ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی خانەوادە و نەوەکانی مەلای گەورەی کۆیە بڕیایاریاندا کە خانووەکەیان بێ بەرامبەر بە فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپووری کۆیە ببەخشن، بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە و پاراستنی لە قۆناغی یەکەمدا دواتر بە هاوکاری هەموو لایەک کردنی بە خانەیەکی کەلتووریی تایبەت بە بنەماڵەی ڕۆشنبیری مەلای گەورە و شاری کۆیە بەگشتی.
هێمن نەعمان گوتیشی: ئێمە وەک فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپووری کۆیە هەر لەساڵی ڕابردوو دەرخستەیەکی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی تێکڕای خانووەکەمان ئامادەکرد، بە هاوکاری سەرووی خۆمان توانیمان ڕەزامەندی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو دارایی و ئابووری بۆ بەدەست بهێنین، بەڵام هۆی ئەوەی ڕەزامەندییەکان کەوتنە کۆتایی ساڵ و (خەرجییەکانیش لەکۆتایی ساڵ) دەوەستن، بۆیە لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی نوێ و دوای دەستپێکردنەوەی خەرجییەکان ڕێکارە کارگێڕییەکانمان دەست پێکردەوە و توانیمان لە کۆتاییەکانی مانگی (٧) ساڵی٢٠٢٤ ڕەزامەندییەکەمان نوێ بکەینەوە، پڕۆژەی ناوبراو بە سەرپەرشتی لیژنەیەکی هاوبەش لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و فەرمانگەی شوێنەواری کۆیەوە لە بەرواری ٢٥/٧/٢٠٢٤ کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن.
هێمن نهعمان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژهی بهوهشكرد، كه پێویسته سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بکەین کە ڕۆڵیان هەبوو لە وەرگرتنی ڕەزامەندیی پڕۆژەی ناوبراو، بەڵێن بە خەڵکی شاری کۆیە و بنەماڵەی بەڕێزی (مەلای گەورەی کۆیە) و ئەو بەڕێزانەش دەدەین، ئەو پەڕی هەوڵی خۆمان بخەینەگەڕ تاکو بەباشترین شێوە کارەکان ئەنجامدەین.
شایهنی گوتنه نەجلا رەئوف سەعید، نهوهى مهلاى گهورهى له لێدوانێكی پێشترله ساڵی رابردوو، به خهباتی گوت بوو، كه ئەوان داواکارییان پێشکەشی حكوومهت کردووە، کە موڵکەکانیان لەخۆ بگرن، بۆ ئهوهى لهناونهچن و وەک ئاسەوارێک ببێتە موڵكی دەوڵەت.