شێخ زەیتۆ تۆفیق: كارێكی جوانە، كە خەڵك بەشداری لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتی بكات

سۆلاڤ یەعقوب: ئەو باڵەخانەیە لەسەر ڕووبەری حەوت هەزارو 800 مەتر چوارگۆشە دروستكراوە و 65%ـی بینایە و % 35ـی سەوزاییە

خەبات: ئاشتی شەهباز:- لە هەولێر سەنتەرێك بۆ چاودێری بەساڵاچووان لەلایەن دەزگای شێخ باز بەرزنجییەوە كرایەوە و لایەنی ماددی و تەواوی پێداویستییەكان لەسەر ئەركی دەزگای ناوبراو بووەو بۆ دابینكردنی كارمەندان و خەرجییەكانی دیكەش پشت بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بەستراوە، ماڵی شێخ باز بەرزنجی بۆ چاودێری بە ساڵاچووانی ئاسایی ماوەیەكە كەوتۆتە كراوەتەوەو خزمەت بە بەساڵاچووانی ئاسایی دەكات، بەساڵاچووی ئاسایی ئەو كەسانەن كە گرفتی جەستەییان نییە و لە ژیانی رۆژانەیان پێویستییان بە كەس نییە بۆ چوونە گەرما و و سەرئاو و جلگۆڕین و هاتوچۆكردن، لە ئێستادا هەشت بە ساڵاچوو لە هەر دوو رەگەزی نێر و مێ‌ لەو خانەیە دەژین و تەواوی پێداویستییەكانیان بۆ دابینكراوە.

سەنتەری شێخ باز بەرزنجی بۆ چاودێری بەساڵاچووان، یەكێك لەو مۆدێلە جوان و نوێیانەیە، كە لە جیهاندا هەیە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی خۆبەخشانەیە بە كۆمەڵگا، هاوشێوەی ئەم سەنتەرە لە زۆرێك لە وڵاتان هەیە، لە كاتێكدا باری ئابووریان زۆر باشە و حكوومەتی ئەو وڵاتانەیش دەرگای واڵایە بۆ بەشداری خەڵك لە پێشكەشكردنی كارە خێرخوازیی و كۆمەڵایەتییەكان، وەك كارێكی مرۆیی و حەزێكی هاووڵاتیان بۆ پاڵپشتی حكوومەت و دامودەزگاكانی دەوڵەت.

زەیتۆ تۆفیق تاهیر بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی هەولێر، سەبارەت بەو سەنتەرە و لەڕووی چۆنیەتی كاركردن و هەماهەنگیكردنی حكوومەت بۆ خەبات گوتی: دوای واژۆكردنی گرێبەستێك لە نێوان دەزگای شێخ باز و كوێستان محەمەد وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، دەستكرا بە دروستكردنی خانەی بەساڵاچووان، كردنەوەی سەنتەرێكی لەمجۆرە بۆ چاودێری بەساڵاچووان لە شاری هەولێر لەلایەن دەزگای شێخ باز بەرزنجییەوە لە رووی ماددی و تەواوی پێداویستییەكانی و دابینكردنی كارمەندان و خەرجییەكانیش پاڵپشت بە رێكارە یاسایی وكارگێریی و رێنماییەكانی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لە سەر ئەركی خۆی دابینی كردووە و بەتەواوی كارەكان دابەشكراون، كە بە یەكێك لەو پڕۆژە جوانانەی كابینەی نۆیەمی حكوومەت وەسف دەكرێت.

گوتیشی: ئەوە كارێكی جوانە، كە خەڵك بەشداری خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتی حكوومەت بكات، وەك ئێستا لەلایەن كەسایەتییەكی خێرخوازی شاری هەولێر هەستێت‌ بە هاوكاریكردنی حكوومەت و دامەزراوەیەكی خزمەتگوزاری بۆ بەرێوەببات، بەرێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی هەولێر باس لەوەش دەكات، كە زۆرجار پێداویستییەكانی ئەو دامودەزگایانە ناكەوێتە ناو سیستەمی حكوومەت، لەبەر ئەوەی سیستەمی حكوومەت كۆمەڵێك رێكار و ئالیەتی هەیە و بەتایبەتی لەرووی داراییەوە بە كۆمەڵێك رێنمایی تێپەڕ دەبن بۆ خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەو خانانە. زەیتۆ تۆفیق گوتی: هەندێجار كە حاڵەتی كتوپڕ روودەدات و كەسانێك پێویستییان بە هاوكاری بەپەلە هەیە، ئەگەر ئەو خانانە نەبێت ئێمە دەستەوەستان دەمێنین.

سەنتەری شێخ باز بۆ چاودێری بەساڵاچووان لە شاری هەولێر لە مانگی 5/2024 بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خاوەن سەنتەرەكە كرایەوە, بەڵام لە 21ی تەمووزی ئەمساڵ دەستی بە كارەكانی خۆی كردووە. سۆلاڤ یەعقوب بەرێوەبەری سەنتەری چاودێری بەساڵاچووان بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: ئەو باڵەخانەیە لەسەر ڕووبەری حەوت هەزارو 800 مەتر چوارگۆشە دروستكراوە و 65%ـی باڵەخانەیە و % 35ـی سەوزاییە.

دەتوانرێت 82 كەسی بەساڵاچوو لە خۆ بگرێت و بەشێوەیەكی ستانداری جیهانی دروستكراوە، كە لە 38 ژوور پێكهاتووە وه ەموو پێداویستییەكانی تێدان و هەر ژوورێك دوو تەختی خەوتنی هەیە و دوو ژووریش پێنج تەختی نووستنیان تێدایە و لە شێوەی سوویت دروستكراوە، جگە لە بەشی پێشەوە بۆ كارگێڕی و بەرێوەبردن. گوتیشی: یەكەی تەندروستی و هۆڵی وەرزش و هۆڵی دانیشتن و كتێبخانەی هەیە، لە ئێستادا 8 بەساڵاچوو لە نێر و مێ‌ ( 3 ئافرەت و 5 پیاو ) تێیدا دەژین.

سۆلاڤ یەعقوب دەشڵێت: لە رووی ماددی و تەواوی پێداویستییەكانی سەنتەر و دابینكردنی كارمەندان و پێدانی مووچەی ستاف هەروەها خەرجی گیرفانی بەساڵاچووان كە مانگانە 50 هەزار دینارەو تەواوی خەرجییەكانیان دەزگا لە سەر ئەركی خۆی دابینی كردوون، بەرێوەبەری سەنتەرەكە لە رووی كاتی كاركرنەوە ئاماژە بەوە دەدات، كە ماوەی سێ‌ شەفت ستافێك لە پەرستار و توێژەری كۆمەڵایەتی لە 18 كەس پێكهاتوون و لەگەڵ كارگوزارەكان كار دەكەن.