گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: “ئەگەر هۆکار و بیانوویەکی دیکەی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەبێت لەم هەفتەیەدا 700 ملیار دینارەکە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.”
ئەمڕۆ سێشەممە 31/10/2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بە كەناڵی (كوردستان 24)ی ڕاگەیاند: “دەبوایە پێش هەفتەیەک 700 ملیار دینارەکە بنێردرایە، ئەگەر هۆکار و بیانوویەکی دیکەی بۆ نەدۆزرێتەوە، دەبێت لەم هەفتەیەدا بگات.”
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا، گوتەبێژی حکوومەت گوتی: “وەزارەتی دارایی عێراق داوای تەرازووی پێداچوونەوەی سێ مانگیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو، ئەوەی پێویست بوو، بۆیان نێردراوە، بۆیە پێویستی نەدەکرد شاندی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا.”