ئەمڕۆ سێشەممە 31/10/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش لە هەولێر دەستی پێ کرد.

لە ڕێوەڕەسمەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ”بڕیاری 1325ی یوئێن یەکێکە لە بڕیارە گرنگەکان و کاریگەریی لەسەر ئازادیی ئافرەتان هەبووە” و گوتیشی: ”سەرباری قەیرانەکان کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 1325ی یوئێن دەکەین.”

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە کۆمەڵگەی کوردی و هەرێمی کوردستان ساڵانێکی زۆرە بەگشتی قوربانیی شەڕ و ماڵوێرانین و لە درێژایی سەدەی ڕابردوو خەڵکی کوردستان ڕووبەڕووی شەڕ و هێرش و پەلاماری سەربازی و کۆمەڵکوژی بووەتەوە و ئافرەتانی کوردستانیش هەمیشە قوربانییەکی سەرەکیی ئەم شەڕ و پەلامارانە بوون.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای وەبیرهێنانەوە شاڵاوەکانی ئەنفال بۆ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی کوردستان، ئاماژەی بە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کوردستان کرد و گوتی: ”بەتایبەتی لە شنگال و دەوروبەری بە هەزاران کەس لە خوشک و برایانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ئافرەتی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانەوە وەک کۆیلە و کەنیزەک بردران.

مەسرور بارزانی گوتیشی: بۆ ئەوەی کۆتایی بە نائاسایی و ناسەقامگیریی دەڤەری شنگال بهێنرێت، جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکەینەوە و داوای کرد گرووپە چەکدارە نایاسییەکان شارەکە بەجێ بهێڵن.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە :

بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان

ئامادەبووانی بەڕێز

ڕۆژتان باش

دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەکسانیی ڕەگەزی و تواناسازیی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN Women) دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنەیە کە تایبەتە بە ساڵیادی دەرچوونی بڕیارنامەی ژمارە 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش.

ئەم بڕیارە، یەکێکە لە بڕیارە گرنگ و مێژووییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، کە کاریگەرییەکی دیار و بەرچاوی لەسەر گرنگیدان بە پرسی ئافرەتان بەگشتی هەبووە، بەتایبەتی لەو وڵات و ناوچانەی کە شەڕ و ناسەقامگیرییان تێدایە و ئافرەتانیش قوربانییەکی سەرەکیی شەڕ و جەنگن.

ئامانجی سەرەکی لە پشت دەرچوونی ئەم بڕیارە، بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژییە دژی ئافرەتان لە کاتی شەڕ و جەنگدا و هەروەها برەودانە بە بەشداریی ئافرەتان لە چەسپاندنی ئاشتی و کاراکردنی ڕۆڵیانە لە بڕیاری سیاسی و دەسەڵاتدا.

سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگە داراییانەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، ئێمە هەوڵمان داوە بەپێی توانا، بودجە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە تەرخان بکەین و بەردەوامیش دەبین و هەرچی پێویست بێت بۆ درێژەدان بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە دەیکەین.

کۆمەڵگەی کوردی و هەرێمی کوردستان بەگشتی، ساڵانێکی زۆرە قوربانیی شەڕ و ماڵوێرانین. خەڵکی کوردستان لە درێژایی سەدەی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی شەڕ و هێرش و پەلاماری سەربازی و کۆمەڵکوژی و وێرانکاریی زۆر بووەتەوە و ئافرەتانی کوردستانیش، هەمیشە قوربانییەکی سەرەکی ئەم شەڕ و پەلامارانە بوون.

لە ساڵانی هەشتاکاندا، خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان، دووچاری دڕندانەترین شاڵاوی جینۆساید هاتن و لە شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباراندا، دەیان هەزار خەڵکی بێتاوانی کوردستان، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە ئەنفال کران و شەهید بوون کە بەشێکی زۆریان ئافرەت بوون.

هەروەها لە کاتی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ سەر شنگال و دەوروبەری ، بە هەزاران کەس لە خوشک و برایانی ئێزدیمان کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ئافرەتی ئێزدییش لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، وەک کۆیلە و کەنیزەک بردران. بە هەمان شێوە کریستیان و کاکەیی و گشت پێکهاتەکانی گەلی کوردستان، لە ستەم و زۆرداری و کارە تیرۆریستییەکانی داعش بێبەش نەبوون.

لە دوای ئازادکردنی شنگال و دەوروبەری لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، پرۆسەیەکی بەرفراوانی ئازادکردنی ئافرەتانی ڕفێندراوی ئێزدی لە دەست تیرۆریستانی داعش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێ کرد، کە خۆشبەختانە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان ئازاد کراون و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئازادکردنی ئەوانەی ماون.

لەم بۆنەیەدا، جەخت لە گرنگیی و پێویستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەکەینەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە دۆخی نائاسایی و ناسەقامگیریی دەڤەری شنگال بهێنرێت و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە دەربچن بۆ ئەوەی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە، بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان.

سەرەڕای ئەو هەموو کارەسات و کۆمەڵکوژیانەی لەدژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، هەرێمی كوردستان هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ هەموو ئەوانەی لە دەست تیرۆر و شەڕ و توندوتیژی لە ناوچەکانی تری عێراق پەنایان بۆ کوردستان هێناوە و لێرەش بەوپەڕی خۆشەویستییەوە، میوانداری کراون کە ئەمڕۆش سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە پێکهاتە جیاوازەکانەوە، بە ئاشتی و ئارامی لە هەرێمی کوردستان دەژین. دووپاتیشی دەکەینەوە کە گوتاری ئێمە هەمیشە گوتاری خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەبێت.

بەڕێزان:

ئافرەتانی کوردستان هەمیشە ڕۆڵێکی دیار و پێشەنگیان لە مێژووی گەلەکەماندا هەبووە و لە هەندێک قۆناخ و شوێندا، ڕۆڵی سەرکردایەتییان بینیوە و لە قۆناخە سەختەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانیشدا، بەشدارییەکی کارایان لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا كردووە کە مایەی شانازیمانە.

لە دوای سەرهەڵدانی ئاداری 1991 و پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەتانی کوردستان، لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیدا، زیاتر پەرەی سەند و ئێستا بە شداریی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردندا، ڕۆڵێکی گرنگ و دیارە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان كار دەکات بۆ زیاتر بەهێزکردن و پەرەپێدانی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لەناو حکومەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێکی ڕۆڵی ئافرەتان لە بڕیاری سیاسی و حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و کار دەکات بۆ زیاتر پەرەپێدانی کولتووری یەکسانیی نێوان پیاو و ئافرەت.

ئێمە لە ئاستی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە سیاسەتی ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن، بە شێوەیەکی یەکسان لە دەوڵەتسازی و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندنی کوردستاندا بەشدار بن. لەسەر ئاستی خۆجێییش کار لەسەر بەرزکردنەوەی تواناکانيان دەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرتر و زیاتر لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکاندا بەشدار بن.

هەروەها لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هەماهەنگی دەکەین بۆ گەیاندنی دەنگی ئافرەتانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (بەتایبەت قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی داعش) کە دەنگیان ببیسترێت و هاوکات دەرفەتیشیان بۆ دەڕەخسێنین خۆیشیان لە پرۆسەکەدا بەشدار بن.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا، پابەندین بە جێبەجێکردنی بڕیاری 1325 و لەم چوارچێوەیەشدا، ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆمان کار بۆ جێبەجێکردنی دەکەین. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکانی هەموو لایەکمانە.

دووبارە پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەکەم و ئافرەتانی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی مافە ڕەواکانیان دەبم بۆ ئەوەی بەپێی توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە، ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان هەبێت لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەدا.

هەر شاد و سەرفیراز بن.