خەبات: هێمن ئاری:- جیا لەپیشەی مامۆستایەتی، هەم بواری شیعر، هەم شانۆ، هەم وەرزش، ئەو بەهرەیە بوون لەگەڵ تەمەنی سالار عەبدالرحمان نەش و نمایانکردووەو بوونیان هەبووە، سالار لەدایکبووی مەخمورە، قوناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی هەر لەمەخمور تەواوکردووە تا بووە بەمامۆستا، لەدیمانەیەکی (خەبات) دا سالار عەبدودالڕەحمان باس لەو بوارانە دەکات کاری تێدادەکات و تا ئێستا بەردەوامە.
بواری وەرزش و شانۆ
ئەو لەبارەی ئەوەی چۆن توانیوویەتی لەو بوارانە کاربکات دەڵێت: سەرەتا بە چالاکی وەرزشی دەستم پێکرد، لەسەرەتای ساڵانی هەشتاکان پەیوەندیم بەتیپی بنکەلاوانی مەخمور کردو بەشداریم لەچەند خولی تۆپی پێکرد لە مەخمور و دەوروبەری و هەولێر یەکم تیپیش کەدامان مەزراند تیپی تۆپی پێێ شۆڕش بوو، دواتر لەزۆربەی تیپەکانی تۆپی پێی مەخمور بەشداربووم لەوانە ئاشتی، پشەسازی، قەرەچوغ، مشار، دواتر بووم بە ڕاهێنەری تیپی مشار و ساڵانێک لەوەرزش بەردەوام بووم، بواری هونەریش بەهرەیەکی دیکەی سەردەمی منداڵیم بوو، ساڵی 1978 لەیەکەم بەرهەمی شانۆیی بەشداربووم بەناوی قەبرەستان ئەوکاتە لەخولێکی هاوینە لەمەخمور کرابۆوە تێدا ڕۆڵم گێڕا ئەوکارە وایکرد زیاتر خولیای شانۆبم، دواتر لەساڵی1986 دوای دامەزراندنی تیپی شانۆی مەخمور لەبنکەی لاوانی مەخمور توانیم زیاتر لە پازدە بەرهەمی شانۆیی بەشداربم یەکم بەرهەمم لەگەڵ تیپی شانۆی مەخموربوو بەناوی (وێنەیەک لەئێرانەوە) لەنووسین و دەرهێنانی مامۆستا پیرداود مەخموری بوو، دواتر بەردەوام بووم تا ڕاپەڕینی1991 بۆماوەیەک لەشانۆ دوورکەتمەوە بەهۆی ئاوارەیم هاتمە هەولێر و دواتر لەچالاکی قوتابخانەکانی هەولێر چەند بەرهەمێکی منداڵانم پێشکەشکرد لەگەڵ سێ کورتەفیلمی بەروەردەیی، لەدوای ئازادی عێراقیش گەڕامەوە دووبارە لەمەخمور چەند بەرهەمێکمان لەگەڵ تیپی شانۆی مەخمور پێشکەش کرد دواینیان ساڵی2006 بوو.
لەچاوەڕوانی دەرفەتێک
سالار عەبدالڕەحمان سەبارەت بەچوونە نێو بواری ئەدەب و شیعر بۆمان دواو گوتی: لەدوایی ڕاپەرین دەستم بەشیعر نووسین کرد، یەکەم بەرهەمم بەناوی (یادێک بۆ هەڵەبجە) بوو لەم بوارەشدا توانیم دوونامیلکە شیعری پێشکەش بکەم یەکەمیان بەناوی (ڕۆژانی باران ) لەساڵی1992 لەهەولێر چاپکراو بڵاوکرایەوە.
دووەم بەرهەم بەناوی(چاوەڕوانی لەشەوانی تەنیایدا) لەساڵی2004 بەهاوکاری گۆڤاری نەواڵەی نوێ بڵاوکرایەوە ئێستاش بەردەوامم لەنووسین و چاوەڕێی بەرهەمی نوێم لەدەرفەتێکدا بڵاوی بکەمەوە، دەشڵێت: کارکردنم لەم سێ بوارە دەگەڕێتەوە بۆ خولیابوونم بۆیان کە توانیم تاڕادەیەک سەرکەوتوبم.
لەوەڵامی ئەو پرسیارە ناوەڕۆکی شیعرەکانت گوزارشت لەچی دەکەن سالار دەڵێت: دەتوانم بڵێم شیعرەکانم لەکێشی ئازادن و گوزارشت لە ناوەڕۆکی تابلۆیی خۆشەویستی مرۆڤ، دایک، نشتیمان، … هتد دەکەن.
شیعر و شانۆ
سەبارەت بەوەی چ پێناسەیەکی بۆ شانۆ و شیعر هەیە دەڵێت: لای من دونیای ئەودیووی جیهانە، لێکدانەوەی سۆز و هەستی جوانە، شیعر تەنها بۆ جوانکردنی شتە ناشیرینەکان نییە، بەڵکو شیعر بەرائەتی مرۆڤەکانە، شانۆ لای من قوتابخانەی گەلانە، بەشداریم لەپازدە بەرهەمی شانۆیی کردووە لەگەڵ سێ کورتە فیلم.
بارودۆخی سیاسی و دارایی و شانۆ
سالار عەبدولڕەحمان پێیوایە بواری شانۆ لەئاستێکی خراپدایەو دەڵێت: شانۆ بەگشتی لەکوردستان ڕوو لەکزیە، بەداخەوە بارودۆخی دارایی و سیاسی ناوچەکە وایکردووە شانۆ تووشی قەیرانی شانۆیی ببێت. هۆکارێکی دیکەش نەبوونی دەقی باش و پشت کردن لە دەقە خۆماڵییەکان و کەمبوونەوەی نوسەرانی ئەم بوارە، لەگەڵ دوورکەوتنەوەی شانۆکارانی بەئەزموون و پەراوێز خستنیان لەگەڵ نەبوونی هۆڵی شانۆیی مۆدێرن هەموو ئەمانە هۆکاری کزی بواری شانۆن.
هزری جوان
لەکۆتایشدا گوتی: هیوادارم جارێکی تر گرینگی بەبواری هونەر و وەرزش بدرێتەوە، چونکە ئەم بوارانە وادەکەن گەنج و لاوانمان دووبارە هزری جوانیان تێدا بوونیات بنێنەوە لەکۆتایی زۆرسوپاسی ئێوەو ئەوکەسانە دەکەم کەپاڵپشتی کارەکانم بوون لەمەخمور و هەولێر.
سالار عەبدولڕەحمان لەگەڵ عەبدوڵڵا پەشێو