خەبات: عەلی بانیشاری:- لە قەزای سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئەو نانەواخانانەی كولێرەی جۆ دەكەن تادێت ژمارەیان زیاتر دەبێت. پێشتر لە سنووری ئەو قەزایە (كولێرەی جۆ) دەست نەدەكەوت و هاووڵاتیانی سنوورەكە بۆ بۆ ئەو مەبەستە دەچوونە سلێمانی، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی زۆری خواست لەسەری، لە سەیدسادق هەشت نانەواخانە لە پاڵ نانی گەنمدا، كولێرەی جۆیش دەكەن. خاوەنی یەكێك لە نانەواخانەكان دەڵێت: لای من نەخۆش و ساغ كولێرەی جۆ دەكڕن.

لوقمان عەلی، بۆ چوار ساڵ دەچێت لەگەڵ عوسمانی هاوبەشی لە نانەواخانەكەیان لە قەزای سەیدسادق لە پاڵ نانی گەنمدا، كولێرەی جۆ دەكەن. ئەو دەڵێت: زۆر خواست لەسەر كولێرەی جۆ ناچاریكردین لە پاڵ نانی گەنم، كولێرەی جۆیش بكەین. دەشڵێت: پێشتر لە سەیدسادق كولێرەی جۆ دەست نەكەوت، بەڵام ئێستا چەند نانەواخانەیەك هەن كە كولێرەی جۆ دەفرۆشن.

ئاماژەی بەوەشدا، لەسەرەتادا وەكو تاقیكردنەوەیەك تەنیا دوو فەردە ئاردی جۆیان هێناوە، بەڵام كە بینیان هاووڵاتیان بە ڕێژەیەكی زۆر داوای كولێرەی جۆ دەكەن و ئارەزووی خواردنی دەكەن پەرەیان بە كارەكاندا، دوای ئەوانیش ژمارەیەك لە نانەواخانەكانی سەیدسادق دەستیان بە كردن و فرۆشتنی كولێرەی جۆ كرد.

لوقمان عەلی گوتیشی: ئێمە كە كولێرەی جۆ دەكەین جگە لە كەمێك خوێ و ڕێژەیەكی زۆر كەم لە سۆدە، هیچ جۆرە ماددە و پێكهاتەیەكی دیكەی دانەوێڵە تێكەڵی كولێرەكە ناكەین، چونكە خەڵكێكی زۆر هەیە كە نەخۆشە ڕۆژانە ئەو جۆرە كولێرەیە نەبێت نایخوات، بەڵام نانەواخانەی دیكە هەیە دەڵێت ((ئێمە ئاردی سفر تێكەڵی كولێرەی جۆ دەكەین)). دەشڵێت: بۆیە خوێ و سۆدە تێكەڵی ئاردی جۆ دەكەین تاوەكو لە كاتی كردنیدا، كولێرەكە بە تەندوورەكە بەجێنەمێنێت.

كولێرەی جۆ ژمارەیەك سوودی هەیە لەوانە: (ڕێژەی كۆڵستڕۆڵ لە خوێندا كەمدەكاتەوە. بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە زۆر بەسوودە، چونكە ڕێگیری دەكات لە بەرزبوونەوەی شەكر لە خوێندا و جێگری دەكات. كولێرەی جۆ سەرچاوەیەكی باشە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش. بۆ تەنگەنەفەسی و كۆكە بە سوودە و 50% ڕێژەی توشبوون بە ڕەبۆ كەمدەكاتەوە. سەرچاوە پزیشكییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كولێرەی جۆ دەبێتە هۆی پاراستنی ددانەكان لە كلۆربوون). جگە لەمانە، كولێرەی جۆ دەیان سوود و تایبەتمەندی دیكەی هەیە.

نانەواخانەی سەیدساق هەشت كولێرەی جۆ دەدەن بە هەزار دینار، بەڵام پێشتر چوار تا شەش كولێرەی جۆر بەو بڕە پارەیە بوو. لوقمان عەلی دەڵێت: چەندین نەخۆش هەبووە پزیشك ڕێنمایی كردووە بۆ ئەوەی كولێرەی جۆی بخوات، پاش ماوەیەك ئاگاداری كردووینەتەوە كە سوودی لە كولێرە بینیووە و دەستخۆشی لێكردووین، هەروەها ئەو كەسانەشی وەرزش دەكەن لە بری نانی گەنم، لای ئێمە كولێرەی جۆ دەكڕن.

ئاردی جۆ لە توركیاوە هاوردە دەكرێت و و خۆماڵی نییە. لوقمان عەلی بۆ (خەبات) باسیلەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی ئاشەكانی هەرێمی كوردستان جۆ ناهاڕن، ئەو ئاردەی ئەوان و نانەواخانەكانی دیكەش دەیكەن بە كولێرەی جۆ هاوردە كراوە و هیچی هی ناوخۆی هەرێمی كوردستان نییە. سەبارەت بە جیاوازی شێلانی هەویری جۆ و ئارد، ناوبراو گوتی: هەویری جۆ دەبێت زیاتر لە هەویری گەنم بشێلدرێت و بمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەویرەكە نەرم بێت و بە ئاسانی بدرێت بە تەندوورەوە، چونكە ئەگەر هەویرەكە توند بێت ناكرێت بە كولێرە یان جوان دەرناچێت.

یەكێك لەو نانەواخانانەی نانی جۆ دەكات – سەیدسادق