ئەمڕۆ چوارشەممە 18/10/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سێرگیێ دیکشن، باڵوێزی نوێی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی لە باڵوێزی نوێی بەلجیکا لە عێراق و ئوردن کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی و هەروەها هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
هەر لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەلجیکا و هەرێمی کوردستانمان تاوتوێکرا بە تایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.