خەبات: پەریهان عومەر:- گەر سەرنجێكی كورت لەسەر ژمارەی ئەندامانی خێزان لەسێ‌ نەوەی ڕابردوودا بدەین، ئەوا بەڕوونی بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو ژمارەیە تادێت كەمتر دەبێت. واتا گەر بنەماڵەی باپیرانی ئێمە لانیكەم لە دە ئەندام پێكهاتبوو، ئەو ژمارەیە بۆ دایك و باوكمان بۆ نزیكەی پێنج منداڵ و ئەو نەوە نوێیە بۆ دوو منداڵ دابەزیوە. ئایا ئێمە وەك قەبارەیەكی سیاسی و نەتەوەیی و لە ڕووی ئابووری تا چەند لە عێراقێك كە باوەڕەیان بە ژمارەی زۆری منداڵە، لەو گۆڕانكارییە زەرەمەندین. ڕای چەند كەسێك لەو ڕاپۆرتە خراوەتەڕوو.

لانە محەمەد كارگێری ناوچەى ڕێكخراوی مەدەنی بۆ بابەتی كورت بوونەوەی قەبارەی خێزان دەلێت: بچوكبوونەوەی خێزان دەكرێ بەچەند خاڵ پۆلێن بكەین، هۆكاری ئابووری، هۆكاری كۆمەڵایەتی و هۆكار گەلێك كە ئێمەی مڕۆڤ دروستی دەكەین. لەم ساڵانەی دوای بە دیاریكراوی لە ساڵی 2014 كاتێك شەڕی داعش ڕوویكردە كوردستان كەمبوونەوەی موچە و بێكاری هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی خێزانەكان كەمتر بیر لە دروستكردنی منداڵ و گەورە كردنی خێزان بكەنەوە. هۆكارێكی تر كەمی كاتی هەندێ خێزان لەبەر چەند هۆكارێكە، یەكێ لەو هۆكارانە كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات یان سەرقاڵی ژن و مێردە بە خوێندن یان كاری تایبەت كە هەندێجار كاتێك بەخێزانێك دەڵێن بیرتان لە دروستكردن یان زیادكردنی خێزان نەكردۆتەوە ڕاستەوخۆ دەلێن كاتمان نییە، یان جارێ كاتی نییە. هەڵبەت چەندین هۆكاری دیكەی جیاواز هەیە كە خاتوو لانە زیاتر رونیكردەوە: بەپێی ئامارەكان لە 2003 ژمارەی دانیشتوانی عێراق 23ملیۆن كەس بوو، لەو ژمارەیە هەرێمی كوردستان 4 ملیۆن و 300 هەزار كەس بووە، بەڵام لە ساڵی 2019دانیشتوانی عێراق بووە 39 ملیۆن كەس، لەم ژمارەیە هەرێمی كوردستان 5.8 ملیۆن كەسە واتا دەگاتە ڕێژەی لە ٪14.8دانیشتوانی عێراق، كەواتا لەماوەی 16ساڵدا ڕێژەی كورد لە عێراق‌ لە ٪ 3.89 كەمیكردووە، ئەگەر ڕێژەی گەشەكردنی دانیشتوانی عێراق بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە ساڵی 2050 دانیشتوانی هەرێمی كوردستان تەنها ٪‌7 جەماوەری عێراق پێكدێنێ. بۆیە دەكرێ حكومەتی هەرێم و ڕێكخراوەكان كاری جددی بكەن لەسەر بابەتی زیادكردنی خێزان.

گوڵستان عەبدولكەریم نووسەر ڕای خۆی بۆ ئەم بابەتە بەمشێوەیە خستەڕوو: بەڕای من بەشێكی كێشەكە ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە چەند ساڵێكە قەیرانی ئابووری ڕووی لە كوردستان كردووە، خێزانەكان نەتوانن مناڵ بخەنەوە بەتایبەت باسی بەڕێوەبردنی خێزان لە ڕووی دارایی، چونكە ناتوانن وەك پێویست پێداویستی بۆمنداڵەكان دابینبكەن. ئێمە دەبێ بە بڕوای ئەمنی قەومی منداڵەكانمان پەروەردەبكەین بۆ ئەوەی لە داهاتوو كوردستان لە زۆر ڕووە پێشكەوێ. چارەسەری بابەتەكە تەنها ڕێژەی نییە، بەڕای من لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكان و لە كوردستانیش وایلێهاتووە كە دەلێن كورد مندالی زیاتر بێت وەچە بخاتەوە دەنگی كورد زیاتر دەبێت، ئەمە سیاسەتی وڵاتە دواكەوتووەكانە، كێشەی كورد لە ئێستادا ڕێژەی نییە، بەڵكو ئەوەیە كە تۆ دەبێ ئەمنی قەومی خۆت بپارێزی، بۆ نموونە چۆن جولەكە و یەهودەكان ڕێژەیان زۆر كەمە، بەڵام چونكە ئەمنی قەومی خۆیان پاراستوە هەموو وڵاتە عەرەبییەكان چۆكیان بۆ دائەدەن، بۆیە بڕوام وایە كوردیش لەبڕی ئەوەی بێت، باسی ڕێژەی بكات یان ئەوەیكە بێت مناڵی زۆر بخاتەوە دەبێ كار لەسەر ئەم فاكتانە بكات. كار لەسەر پەروەردەی منداڵەكان بكات بۆ ئەوەی هەستی نەتەوایەتی لە منداڵدا زیاد بكات.

مامۆستای زانكۆ لە بەشی كۆمەڵناسی، توانا عوسمان محەمەدەمین لەسەر ئەم بابەتە گوتی: خێزان گوزارشتە لە دامەزراوەیەكی كۆمەڵایەتی و یەكەیەكی گرنگی بونیادی كۆمەڵگایە، بەمەش هەر گۆڕانكارییەك بەسەر كۆمەڵگادا بێت كاریگەری لەسەر خێزان دەبێت. سەبارەت بە قەبارەی خێزان لە كۆمەڵگەی كوردیدا بە بەراورد بە كۆمەڵگای عەرەبی عێراقی، جیاوازییان هەیە، چونكە كۆمەڵگای كوردی زووتر (لە ساڵانی نەوەدەكانەوە) بەر هەژموونی كرانەوە بەڕووی جیهانی دەرەوە كەوتووە. هەروەها ئامرازە تەكنۆلۆژییە نوێكان و كاریگەربوون بە بەها و پێوەرە ڕۆژئاواییەكان لەلایەك و دیاردەی بەشاری بوون و كۆچی گوندنشینان بۆ شار و بەرزبوونەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و پێداویستییەكان لە لایەكیترەوە، هەموو ئەمانە بە گشتی كاریگەرییان هەبووە بەسەر جۆری خێزان لەڕووی قەبارەوە لە كۆمەڵگەی كوردیدا و لە خێزانی فراوان (Extended Family )ەوە، بۆتە خێزانی ناوكی(Nuclear Family)، كە لە دایك و باوك و چەند منداڵێكی كەم پێكهاتوون. هەروەها چوونە دەرەوەی ئافرەت بۆ كار، هۆكاریكیتری بچوكبوونەوەی قەبارەی خێزان و كەمبوونەوەی ژمارەی منداڵە لە كۆمەڵگای كوردیدا، بەڵام خێزانی عەرەبی عێراقی درەنگتر بەر ئەم گۆڕانكارییانە كەوتووە( لە ٢٠٠٣ بەدواوە). بێگومان گەر بەم شێوەیەی ئێستابێت لە داهاتوویەكی دووردا كاریگەری دەبێت لەسەر ڕێژەی كورد بەرامبەر عەرەب لە عێراقدا، بەڵام نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت كە كۆمەڵگای عەرەبی عێراقیش بەهەمان شێوە دەكەوێتە ژێر ئەم فاكتەرانەوە و لەداهاتودا لە خێزانی فراوان و ئاوێتەوە دەگۆڕێن بۆ خێزانی ناوكی، چونكە دیاردەی بچوكبوونەوەی قەبارەی خێزان لە سەردەمی ئێستادا دیاردەیەكی جیهانییە و زۆرینەی كۆمەڵگەكانی جیهانی گرتۆتەوە.

گوڵستان عەبدولکەریم
توانا عوسمان
لانە محەمەد