سیامند سێلکی
خودای مه‌زن له ‌قورئانی پیرۆزدا ده‌فه‌رموێ (ڵقَدْ خَڵقْنَا ٱلْإِنسَٰنَ فِیٓ أَحْسَنِ تَقْوِیمٍۢ) واته‌ مرۆڤمان له‌ باشترین شێوه‌ یان وێنه‌دا ئه‌فراندوه‌. ئه‌م ئایه‌ته‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و ڕاستیه‌ی که‌ مرۆڤ لای خودای مه‌زن پیرۆزه‌و رێز لێگیراوه‌. له‌م سونگه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ شێخانی بارزان پێیان وابووه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی خودای مه‌زن به ‌مرۆڤی به‌خشێوه‌ ، پێویسته‌ ڕێز له ‌مرۆڤ بگیرێت و به‌ها مرۆڤیه‌کان پارێزراوبن و بکرێنه‌ پێوه‌ر له ‌بنیاتنان و به‌ڕێوه‌بردنی ژیاندا.
به‌م دونیابینیه‌و به‌پشت به‌ستن به‌ده‌قه‌ ئایینیه‌کان یه‌ک سه‌ده‌ به‌ر له‌ ئێستا له ‌بارزان و له‌پێناو به‌خته‌وه‌ری مرۆڤدا هه‌نگاوێکی بوێرانه‌و ژیرانه‌ نرا بۆ خۆماڵیکردنی بنەما و پرەنسیپەکانی ئايین وه‌کو حه‌قانیه‌تی په‌یامی خودای مه‌زن بۆ مرۆڤایه‌تی .هه‌ڵبه‌ت خۆماڵیکردن بنەما و پرەنسیپەکانی ئايین به‌ واتای تێگه‌یشتن له ‌په‌یامی خوداو ئاشنا بوون له‌گه‌ل جه‌وهه‌ری ئايین . نه‌ک ئه‌و لێکدانه‌وه‌ سه‌قه‌ت و ناڕاست و ناواقعیه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵکێکه‌وه‌ بۆ ده‌قه‌ ئایینیه‌کان کراوه‌و ده‌کرێت و ، له‌ پێناو ئامانجه‌ سیاسیه‌کانیان دین به‌کار دێنن و خه‌ڵک بۆ تووندو تیژی و خوێن ڕشتن هان ده‌ده‌ن ، وه‌کو ئه‌وه‌ی ئیستا داعش و هاوبیرو هاوسۆزه‌کانی ده‌یکه‌ن . دیاره‌ به‌ حوکمی باڵا ده‌ستی تورک و فارس وعه‌ره‌ب به‌سه‌ر کومه‌ڵگای کوردیداو، کاریگه‌ری ئه‌و لێکدانه‌وه‌ ناراسته‌ی ئه‌وان بۆ چه‌مکی دین و دینداری و ده‌قه‌ ئایینیه‌کان هه‌یان بووه‌، به‌بێ زه‌مینه‌سازی و په‌روه‌رده‌ کردن و پێگه‌یاندنی تاک وه‌کو مرۆڤێکی هوشیارو کامڵ، سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌یه‌کی له‌م شێوه‌یه‌ مه‌حاڵ بووه‌. بویه‌ یه‌که‌م هه‌نگاو بۆ به‌ خۆماڵیکردنی بنەما و پرەنسیپەکانی ئايین له ‌پێگه‌یاندنی تاک و مرۆڤ سازیه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد. له‌ ڕێگای شیکردنه‌وه‌یه‌کی راست و دروست واقعی بۆ ده‌قه‌ ئایینیه‌کان . ئه‌و ڕاستیيه‌ بۆ خه‌ڵک روون و خۆیا کرا، که‌ ڕێگای خوداپه‌رستی و نزیک بوونه‌وه‌ له‌خودای مه‌زن ، له ‌مرۆڤ بوون و ڕێزگرتن له‌ به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات. دین واته‌ ئه‌خلاق، دین واته‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ کاری خه‌راپ و نزیک بوونه‌وه‌ له‌ کاری چاک. یان به‌واتایه‌کی دیکه‌ موسڵمانی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌و که‌سه‌یه‌ خه‌راپی خه‌ڵک به‌خه‌راپی خۆی بزانێت و له‌ به‌رامبه‌ریشدا چاکه‌ی خه‌ڵک به‌ چاکه‌ی خۆی بزانێت.
دوای ئه‌م هه‌نگاوه ‌و ئاماده‌کردنی تاک و کومه‌لگا بۆ گۆڕانکاریه‌کی ڕیشه‌یی. له‌پێناو ئاڤاکردنی کومه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست و ساخله‌م له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌، که ‌تێیدا که‌رامه‌تی ئینسانی بۆ مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه‌و ماف و ئازاديیه‌کان بۆ هه‌موو پێکهاته‌و چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکرێن. له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ، شێخ عبدولسه‌لامی دووه‌می بارزان پڕۆژه‌یه‌کی گشتگیرو هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له ‌ده‌ڤه‌ری بارزان ڕاگه‌یاند و خستیه‌ واری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ . هه‌ڵبه‌ت له‌ڕووی گرنگی پێدانه‌وه‌ پرۆژه‌که‌ دوور مه‌وداو ستراتیژی بوو، نیه‌ت و ئامانج له ‌پرۆژه‌که‌ ئه‌وه‌ بوو هه‌موو کوردستان بگرێته‌وه‌ و بکرێته‌ بنه‌ما بۆ ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان .دیاره‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دۆژمنانی کورد و داگیرکه‌رانی کوردستان هه‌ستیان به‌و راستیه‌ کرد بوو. بویه‌ به‌ هه‌موو هێز و توانایانه‌وه‌ دژایه‌تیان کرد و هه‌وڵیاندا به‌ هاوکاری خیانه‌تکارانی ناوخۆیی ، پرۆژه‌که‌ له‌ناو ببه‌ن یان به‌لای که‌مه‌وه‌ سنوورداری بکه‌ن .
ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌کیانه‌ن، که‌ له ‌پرۆژه‌که‌دا هاتبوون :
یه‌که‌م: چه‌سپاندنی یه‌کسانى و عه‌داله‌تی کومه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی که‌رامه‌تی ئینسانی بۆ تاک و پێکهاته ‌و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌کانی نێو کومه‌ڵگا بگه‌ڕێته‌وه‌ . یه‌کسانی و عه‌داله‌تی کومه‌‌ڵایه‌تی به‌ مانا راسته‌قینه‌که‌ی جێبه‌جێ کرا. له‌م پێناوه‌دا سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی له‌ ناوچه‌که‌ دا هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و، هه‌مووان له ‌ئه‌رک و مافدا یه‌کسانکران.
دووه‌م: لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ ژیانی ئاشتيیانه‌، به‌حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ دانیشتوانی ناوچه‌که‌ له ‌بڕوادارانی هه‌رسێ ئایینی ئاسمانی ، ئیسلام و کریستیان و جوله‌كه‌ پێکهات بوون . لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتيیانه‌ وه‌کو بنه‌مایه‌کی نه‌گۆڕو چه‌سپاو له‌ناوچه‌که‌دا جێگیر کرا . له‌ژێر ڕۆشنایی جه‌وهه‌ری دینی پیرۆزی ئیسلامدا ئازادی دینی و به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌رکه‌ ئایینیه‌کان به‌بێ جیاوازی بۆ موسڵمان و مه‌سیحی و یه‌هوديیه‌کان فه‌راهه‌م و ده‌سته‌به‌ر کرا .
سێیه‌م: مافی ئافره‌ت، له‌پێناو دابینکردنی ماف و ئازادیيه‌کان بۆ ئافره‌ت، کوتایی به ‌ده‌سه‌ڵاتی پیاو سالاری هێنراو، هه‌موو کۆت و به‌نده‌کان له‌سه‌ر ئافره‌ت هه‌ڵگیران . به‌ زۆری به ‌شودانی کچ و نه‌خت وه‌رگرتن به‌رامبه‌ر به‌شودانی کچ و ژن به‌ژنی و به ‌شیری ماره‌کردن و ….هتد. قه‌ده‌غه‌ کران و کچ ئازاد و سه‌ربه‌ست کرا له ‌پێکه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌ریدا.
چواره‌م: ژینگه‌ پارێزی، پاراستنی ژینگه‌ وه‌کو بنه‌مایه‌کی نه‌گۆڕو چه‌سپاو له‌ناوچه‌که‌دا جێگیر کرا .خه‌لکی ناوچه‌که‌ هاندران له‌پێناو ئاینده‌یه‌کی باشترو ده‌سته‌به‌رکردنی کومه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروستدا ژینگه‌یان خۆش بوێت و دوستی ژینگه‌ بن و بی پارێزن .
پێنجه‌م: تفاق و برایه‌تی، له‌پێناو ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی مه‌ترسيیه‌ ده‌ره‌کیيه‌کان و سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئالنگاری و کێشه‌ و ئاسته‌نگه‌کانی ژیاندا ، تفاق و برایه‌تی یان یه‌کریزی و ته‌بایی وه‌کو بنه‌مایه‌کی نه‌گۆڕو چه‌سپاو له ‌ژیانی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌دا جێگیر کراو. خه‌لکی ناوچه‌که‌ هاندران هه‌میشه‌ به‌ برایه‌تی و یه‌ک ڕیزی ڕووبه‌رووی دۆژمن و ناحه‌زانی کورد و کوردستان ببنه‌وه‌. دیسان خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ فێر کران له ‌کاتی پێویستدا پێکه‌وه‌ وه‌کو برا هاوکاری خه‌ڵکی لێ قه‌وماو و ئه‌و که‌سانه‌ بکه‌ن، که ‌پێویستیان به‌هاوکاری هه‌یه‌.
شه‌شه‌م: دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی گۆنده‌کان، بۆ هه‌ر گۆندێک ئه‌نجوومه‌نێکی تایبه‌ت دامه‌زرا، کاری ئه‌نجوومه‌نه‌که‌ ڕاپه‌ڕاندنی کاروباری گوندیان و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ بوو، که‌ به‌هۆی کاره‌ساتی سرۆشتی و مه‌ترسیه‌ ده‌ره‌کیه‌کانه‌وه‌ دروست ده‌بوون . دیسان ڕیکخستنی کاری هه‌ره‌وه‌زی بۆ هاوکاری کردنی خه‌ڵکی هه‌ژارو بێ سه‌رپه‌رشت و به‌هاناوه‌ چوونیان ، یه‌کێکی دیکه‌ بوو له‌ ئه‌رکه‌کانی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ .
حه‌وته‌م: نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان، له ‌فه‌لسه‌فه‌ی فکری و عه‌قائیدی بارزانیه‌کاندا نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان شوێنێکی تایبه‌تیان هه‌یه‌و زۆر گرنگیان پێدراوه‌ . خوشه‌ویستی بۆ نیشتمان و هۆگری (ئینتما) بۆ نه‌ته‌وه‌ وه‌کو بنه‌مایه‌کی نه‌گۆڕو چه‌پساو له‌ په‌روه‌رده‌ی فکری و عه‌قائیدی بارزانیه‌کاندا جێگیرکراوه‌ و به‌رده‌وام کاری له‌سه‌ر کراوه‌ . تاکی بارزانی فێر کرا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ مه‌زڵۆم بوه‌ستێت و دژی زاڵم بێت. له‌م سۆنگه‌وه‌ مردنێکی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ له‌پێناو ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا بووه‌ به‌شێک له‌ فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌و، له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا بۆ تاکی بارزانی مردن له‌پێناو ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆییدا له‌هه‌موو شتێک به‌رزترو پیرۆزتر بووه‌. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر ئه‌مه‌ بووه‌ وایکردووه‌ به ‌درێژایی زیاتر له‌ یه‌ک سه‌ده‌ ڕێبازی بارزانی نه‌مر خوڕاگرانه‌و سه‌ربه‌رزانه‌ له ‌مه‌یدانی خه‌بات و کوردایه‌تیدا بمێنێته‌وه‌و ببێته‌ قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندنی ئازادیخوازو شۆڕشگێرانی کوردستان.
بێ گومان له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ شێخی بارزان هیچ هێزێکی سه‌ربازی یان ئیمکانياتێکی ماددی له‌به‌رده‌ست نه‌بوو . به‌ڵام هه‌ر وه‌ک له ‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێکردووه‌ چه‌کێکی کاریگه‌رترو به‌هێزتری له‌به‌رده‌ست بوو .ئه‌ویش چه‌کی په‌روه‌رده‌و بیروباوه‌ڕ بوو .له‌رێگای حوجره‌ی مزگه‌وته‌کان و کۆڕو کۆبونه‌وه‌ ئاینیيه‌کان و کومه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ، پرۆژه‌که‌ بۆ خه‌ڵک ڕوونکرایه‌وه‌ .به‌م ڕێگایه‌ خه‌ڵکی حه‌وت عه‌شیره‌تی ناوچه‌که‌ مزۆری ، شێروانی ، به‌رۆژی ، دوله‌مه‌ری، نزاری ،هه‌رکی بنه‌جی ، گه‌ردی . به‌سه‌ر سنووره‌کانی عه‌شیره‌تگه‌ریدا بازیانداو پرۆژه‌که‌یان وه‌کو خۆی وه‌رگرت و کردیانه‌ پێوه‌رو بنه‌ما له ‌بنیاتنان و به‌ڕێوه‌بردنی ژیاندا . خه‌ڵکی هه‌ر حه‌وت عه‌شیره‌ته‌که‌ له‌ژێر ناوی ملله‌تی بارزاندا یه‌کیان گرت . هه‌ڵبه‌ت ملله‌ت به‌واتای یه‌کگرتن و بڕوا هێنان به‌په‌یامێک دێت، که‌ کومه‌ڵه‌ خه‌ڵکێک له ‌شێوه‌و ڕه‌نگی جیاوازدا له‌ ده‌وریدا کۆده‌بنه‌وه‌و له‌سه‌ری کوک و ته‌بان .
له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئه‌م بنه‌مایانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بونه‌ته‌ به‌شێک له ‌فه‌رهه‌نگ و کولتووری خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری بارزان و پابه‌ندن پێیه‌وه‌ . بێگومان هه‌ر وه‌ک له‌سه‌روه‌ ئاماژه‌مان پێکردووه‌ . یه‌که‌م هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تایی سه‌ده‌ی بیسته‌م و له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ عبدولسه‌لامی دووه‌م هاوێژراو کاری له‌سه‌ر کرا . دوای ئه‌وه‌ی که ‌شێخ عبدولسه‌لام له‌لایان ئیمبراتوریه‌تی عوسمانیه‌وه‌ به‌ تاوانی جوداخوازی و به‌رگریکردن له ‌مافی کورد له‌سیداره‌ درا . سه‌ره‌رای دژایه‌تی و هه‌وڵی دۆژمنانی کورد بۆ له‌ناوبردن یان سنووردار کردنی پرۆژه‌که‌ ، شێخ ئه‌حمه‌د ( خودانی بارزان) په‌ره‌ی به‌ پرۆژه‌که‌داو به‌شێوه‌یه‌کی گشتگیرترو فراوانتر جێبه‌جێی کرد. دوای ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو قوناغه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردستاندا به‌ڕابه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مرو سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی ، له‌ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشدا گرنگیه‌کی زۆر به‌ پرۆژه‌که‌ دراوه‌و کار بۆ پاراستنی ئه‌و به‌هایانه‌ کراوه‌و ، هه‌وڵدراوه‌ په‌ره‌یان پێ بدرێت و فراوان بکرێت بۆ هه‌موو کوردستان . ته‌نانه‌ت له‌ هه‌موو کونگره‌کانی پارتیدا ، ئه‌م به‌هایانه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یان به‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌کردن و داڕشتنه‌وه‌ی به‌شێک له ‌مادده‌کانی په‌یره‌و پروگرامی پارتی هه‌بووه‌ . له‌ژێر کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌م گرنگی پێدانه‌دا ئیستا پرسی ڕێزگرتن له ‌به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌کان و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌و لێبورده‌یی و ژینگه‌ پارێزی له‌سه‌ر ئاستی دونیادا ناوبانگێکی باشیان بۆ کورد دروست کردووه‌وهه‌موو جیهان به‌ڕێزه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانێت.
له‌م سونگه‌وه‌ جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی هه‌م وه‌کو مه‌رجه‌عی کورد و هه‌میش وه‌کو درێژه‌ پێده‌رو هه‌لگری په‌یامی ( خودانی بارزان) هه‌میشه‌ له‌ کۆڕو کۆبونه‌وه‌کانیدا ئه‌وه‌ی دووپات کردووته‌ که ‌ده‌بێت ده‌ست به‌و به‌ها به‌رزانه‌وه‌ بگرین و پابه‌ند بین پێیه‌وه‌ . هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م گرنگی پێدانه‌دا له‌سه‌ر بڕیاری جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی ، جه‌نابی شێخ بابۆ (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) وه‌کو سه‌رپه‌رشتیاری ده‌ڤه‌ری بارزان دیاری کراوه‌ .جه‌نابی شێخ بابۆ له‌م ماوه‌ کورته‌دا کاری زۆر باش و به‌رچاوی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا ئه‌نجام داوه‌ ، که‌ بوونه‌ته‌ جێی دڵخۆشی خه‌ڵک . چاوه‌ڕێ ده‌کرێت له ‌ئاینده‌یه‌کی نزیکدا له ‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ هه‌نگاوه‌کانی جه‌نابیان به‌رهه‌مدارو دل خوشکه‌ر بن.