ئەسرین عاسی شوانی
پەکەکە بە سود بینین لە شەڕی داعش ناوچەیەکی سنووری زۆر ستراتیجی له هەرێمی کوردستانی خستۆتە ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆی و بەو ئاکارانەی ڕێگای لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەیەکی بەرینی سنوورەکان گرتووە و لەهەمان کات دا بووەتە هۆی هەڕەشەو ئاڵۆزی بۆ خەڵکی ناوچەکەو ئەزموونی هەرێمی کوردستان، ئەوەتا دەبینین حکومەتی تورکیا بە بەهانەی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە قەندیل و ناوچە سنووریەکانی هەرێمی هاوسێی کەوتۆتە لەشکرکێشی و تۆپبارانکردنی گوندەکانی دەڤەرەکە و ڕۆژانە باغ و بێستان دەسوتێنێت و گوندەکان کاول دەکات و خەڵکی سیڤیل دەکاتە ئامانج و پەکەکەش وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە باران بەردەوامن لەو سیاسەتە چەوتەی خۆیان و درێژە بە کارە قێزەونەکەی خۆیان دەدەن و لە هەوڵی ئەوەدان ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵدێر ببه‌ن، لە جیاتی ئەوەی هاوکاری هەرێمی کوردستان بن و کێشەی بۆ دروست نەکەن، کەچی دێن و بەهانە بە داگیرکەران دەدەن. کوردستانی باشوور بکەنە جێگای ململانێ و شەڕانگێزی خۆیان و لە باربردنی ئەو ئەزموونەی هەمانە، کە دەریایەک خۆێنی لاوەکانمانی بۆ ڕژاوە.
گەر بپرسین پەکەکە چی لە هەرێمی کوردستان دەوێت؟ ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە تاکە ئامانجیان لەباربردنی ئەزموونی ئەو هەرێمە لۆکاڵیە کوردییەیە، کە بووەتە لانەی هەموو کوردێک لە هەر سوچێکی دونیا بێت، بەمەش بۆمان دەردەکەوێت، کە پەکەکە بەو سیاسەتەی ئەوە دەکات، کە دوژمنان نەیانتوانیوە بیکەن و دیاریشە لە ڕێی پەکەکەوە ئەو نیزەیە دەچەقێننە جەستەی ساڕێژنەبووی هەرێم و ئەزموونەکەی لەبار دەبەن، چونکە گەر وا نەبێ بۆ گۆڕەپانی ململانێيان ناگوازنەوە شوێن خۆی و ئەو سەرێشەیەش لە باشوور دورناخەنەوە، ئەمەیە مرۆڤ دەخاتە گومانی ئەوەوە، کە پەکەکە بە بەرنامە ئەجندای داگیرکەرانی کوردستان جێبەجێ دەکات، کە ئەو ئەزموونەی بووەتە چقڵی چاوی دوژمنان.