خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی:
ماوەیەكە نرخی بەنزین بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لەبەرز بوونەوە كردووە و شوفێرانی نیگەران كردووە، ئەگەرچی ڕۆژانەلە ژمارەیەك ۆیستگەدا بەنزینی حكوومی بەنرخی 690 دینار دابەشدەكرێت و باشترین جۆری بەنزینی نۆرماڵە و بەشێوەی نۆرەو بەتاك و جووت دابەشی سەرشوفێران دەكرێت و شوفێران هەرگیز گلەیی و گازاندەیان لەو جۆرە بەنزینە نییە، بەڵام ژمارەی وێستگەكانی كە ئەو جۆرە بەنزینەی لێی دابەش دەكرێت بۆ شارێكی وەكو هەولێر زۆر كەمە، لەبەر ئەوەی لەو شارە گەورەیەدا ژمارەی ئوتومبێلی یەكجار زۆرە، بۆیە پێویستە وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانی هەرێم هەوڵی زیادكردنی وێستگەی حكوومی زیاتر بدەن تا شوفێری زیاتر بەنزین وەرگرن. سەبارەت بەو بابەتە وەك ڕۆژنامەی خەبات ڕاپۆرتێكی مەیدانیمان ئەنجامدا.

پێویستە ژمارەی ئەو وێستگانە زیاد بكەن كە بەنزینی حكوومی دابەشدەكەن

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی ئوتومبێل لەشاری هەولێر ڕووی لەزیادبوون كردووە و ئەو وێستگانەی كە بەنزینی حكوومی دابەشدەكەن كەمن.
لە وێستگەی زیاد كە دەكەوێتە نزیك شارۆچكەی بنەسڵاوە ژمارەیەكی زۆری ئوتومبیل سەرەیان بۆ بەنزین گرتبوو، لەوێدا ژمارەیەك شوفێر قسەیان بۆ كردین.
كاروانی شوفێر گوتی: زۆربەی ڕۆژەكان لەو وێستگەیە بەنزینی حكوومی بە نرخی 690 دینار لە ئوتومبیلەكەم دەكەم و تا ئێستا هیچ كێشەیەكم بۆ دروستنەبووە و باشترین كوالیتی بەنزین لەو وێستگەیە هەیەو دابەشی سەر شوفێرانی دەكەن.
وشیار عەلی شوفێر گوتی: هەموو ئەو وێستگانەی كە بەنزینی حكوومی لێ‌ دابەشدەكەن چاویان لە فڕۆفێڵ نییەو هیوادارم سەركەوتوو بن و باشترین جۆری بەنزینی حكوومین، جا بۆ ئەوەی كێشەی بەنزین كۆتایی پێبێت پێویستە ژمارەی وێستگەكان زیاد بكرێ بۆ ئەوەی چیتر شوفێران گلەییان نەمێنێ‌.
سەهەند شوفێرێكی دیكە بوو گوتی: لە مانگێكدا بۆ سێ‌ جار فیول پەمپی ئوتومبیلەكەم لەبەر ئەو بەنزینە خراپەی وێستگە ئەهلیەكان گۆڕیوە، پێویستە هەوڵی داخستنی ئەو وێستگانە بدەن كە بەنزینی خراپ بە شوفێران دەفرۆشن.
هۆزان خاوەنی وێستگەی زیاد گوتی: ڕۆژانە ئەو بڕە بەنزینەی كە بۆمان دێت هەر هەمووی دابەشی سەر شوفێران دەكەین بەسەرپەرشتی نوێنەری فەرمانگەی نەوت و كانزاكان تا ئێوارە درەنگ لای ئێمە دەمێننەوە و چاودێری دابەشكردنی بەنزینەكە دەكەن.
پشكنین بۆ وێستگەكانی بەنزین لە هەولێر دەكرێت

دواتر سەردانی چەند وێستگەیەكی بەنزینمان كرد و لەوێدا تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر هەبوون.
مام ئازاد گوتی: ڕۆژانە سەردانی ژمارەیەك وێستگەی بەنزین دەكەین تا پشكنین بۆ جۆری بەنزینەكە دەكەین و نمونەی بەنزینەكە وەردەگرین و ڕەوانەی تاقیگەی دەكەین و ڕۆژانە چەندین بەنزینخانە رێكاری یاساییان لەگەڵدا دەكرێت و چەندین وێستگەی بەنزین بەهۆی بەنزینی خراپەوە داخراون، كارەكانمان چڕتر دەكەینەوە.
دواتر هەر سەبارەت بەو بەنزینە ئاری كاكە شین بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر ڕوونیكردەوە: ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر لیژنەیەكی تایبەتمان هەیەو ڕۆژانە سەردانی بەنزینخانەكان دەكات تا پشكنین و بەدواداچوون بۆ جۆری بەنزینەكانی بەنزینخانەكان بكات و نموونەی بەنزین لە هەموو بەنزینخانەكان وەردەگرن و ڕەوانەی تاقیگەی خۆمانی دەكەن و لەكاتی دەرنەچوونی بەنزینەكە ئەو وێستگانە سزا دەدرێن وەك سزای پێ‌ ژماردن تا دەگاتە داخستن و هەموو وێستگەكان بەسەر دەكرێنەوە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە و رێكاری یاسایی لەگەڵ ئەو وێستگانە دەكەن كە جۆری بەنزینەكەی خراپەو لە پشكنین دەرنەچووە، تەنها لە مانگی ئایار 42 وێستگە سزا دراون و لەماوەی چەند ڕۆژی مانگی شەشیشدا 20 وێستگە سزا دراون.

هەوڵی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەنزین

دواتر نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەربارەی كێشەی بەنزین گوتی: دیارە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی فراوانی سازكرد و یەكێك لە تەوەرە گرنگەكانی تایبەت بوو بە كێشەی بەنزین و دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەك بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین، بۆ ئەو مەبەستەش خودی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیەكی تایبەتی بەبابەتی بەنزین دا تا دەستبەجێ‌ كار بۆ بابەتی بەنزین بكرێت و چەند ڕاسپاردەیەك لە ئەنجامی كۆبوونەوەكە دەرچوون كە ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كران لە هەمووی گرنگتر لەخۆگرتنی سێ‌ خاڵ بوو وەك دابەزاندنی نرخی ڕسومات بۆ تەنها 7 دۆلار ئەوەش پاڵپشتیەكی تەواوە بۆ بازرگانەكانە تا بەنزینی زیاتر هاوردە بكەن و وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانیش ڕاسپێردرا تا هەماهەنگی تەواو لەگەڵ وەزارەتی داراییدا بكات بۆ ئەوەی كار ئاسانی تەواو بۆ بازرگانان بكات لە ڕووی ڕسومات و كارەكان و ڕێككارە یاساییەكان، ڕاسپاردەیەكی دیكەئەوەبوو نابێت چاوپۆشی لە قۆرخكاری بكرێت تا باشترین جۆری بەنزین بێتە كوردستان و نرخەكانیش هەرزانتر دەبن و پێویستە ئەو بەنزینەی كە هاوردە دەكرێت بەپێی ڕێنماییە تایبەتمەندیەكان بێت.

بەهۆی ئەو بەنزینە خراپەوە تا ئێستا 102 ئوتومبیل ئاگری گرتووە

دواتر دەربارەی گڕ گرتنی ئەو تومبیلانەی كە بەهۆی ئەو بەنزینە خراپەوە گڕیان گرتووە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێرمان كرد و لەوێدا ڕائید سەركەوت كاڕەش گوتە بێژی بەرگری شارستانی هەولێر گوتی: بەهۆی ئەو بەنزینە خراپەوە ڕۆژانە ڕووداوی سووتانی ئوتومبیل لەسەر شەقامەكان بەرچاو دەكەوێت و ڕێژەكەی گەلێك زۆرە، چۆن دەبێت لەماوەی شەش مانگدا 102 ئوتومبیل بسووتێت لەناو شاری هەولێرو دەوروبەری، دیارە بەپلەی یەك هۆكاری گڕ گرتنەكە بۆ ئەو بەنزینە خراپە دەگەڕێتەوە،جگەلەوەش هەندێ‌ لە شوفێران سەری قەپاغی بەنزینی ئوتومبێلەكانیان دەكەنەوە و بەنزین دێتە دەرەوە، ئەو بەنزینە بەنزین نییە بەڵكو نەفتایە، ئەویش چەند جۆری هەیە وەك نەفتالینی سوری و تێكەڵی دەكەن لەگەڵ چەند مادەیەكی دیكە، دیارە ئەو نەفتایەی كە لە ژێر زەوی دەردەهێنرێت و ئەو كاتانەی كە دەپاڵیۆرێ‌ دەبێتە بەنزین و گاز و ڕۆن، ئەوەی كە دەمێنێتەوە دەبیتە ئەو نەفتایە و بەكەڵكی تێكردن نایەت، ئەو كاتانەی كە هاووڵاتیان تووشی كێشەی بەزنینی خراپ دەبن ئەوا دەتوانن تەلەفۆن بۆ بەلایەنی پەیوەندیدار بكەن یاخود دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن، لە كاتی سووتانی ئوتومبیل تیمەكانمان سەردانی شوێنەكە دەكەن و بەدواداچوونی خۆیان دەكەن بۆ ئەوەی رێكاری یاسایی لەگەڵ ئەو وێستگەیە بكەن كە ئەو ڕووداوی گڕگرتنە چۆن ڕوویداوە، بەهۆی سكاڵا تۆماركردنەوە چەندین وێستگەی بەنزین داخراون.