خەبات: هاوار مورتکەیی:- لالیانا ڤۆلۆلۆنا RAZAFIMAHEFA Lalaina Vololona خانمە شەترەنجزانێكی وڵاتی مەدغەشقەرە، یەكێكە لە شەترەنجزانە دیارەكانی ئەفریقیا و وڵاتەكەی، چەند جارێك بووەتە پاڵەوانی مەدغەشقەر و هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بەشداری ئۆڵۆمپیادی كردووە، كە ئەمەش یەكێك بووە لەخەونەكانی، ئەگەرچی هێشتا خەونێكی نەهاتۆتەدی، لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات دبمانەیەكی لەگەڵ ئەنجامداوە تیایدا باس لە كاروانی وەرزشی و ئەو خەونەی دەكات كە نەهاتۆتەدی.
ئاشنایەتی بە میدالیا
لالیانا ڤۆلۆنۆڤا لە ساڵی 1973 لەدایك بووە، هەر لەمنداڵییەوە باوكی فێرە شەترەنجی كردووە و ویستوویەتی وەرزشێك بۆ كچەكەی هەڵبژێرێت كە سوودی بۆی هەبێت، بەوپێیەی باوكی پێشتر پاڵەوانی مەدغەشقەر بووە و ئەو هاوكاریكی باشی بووە بۆ ئەوەی ببێتە ئەو شەترەنجزانەی ئەمڕۆ ئاشنایەتی لەگەڵ میدالیا و جامەكان هەبێت، لالیانا دەڵێت: نەوەك هەر خانەوادەكەمان بگرە مام و ئامۆزاكانیشم شەترەنجیان كردووە و ئەو یارییە نامۆ نەبووە لەنێو خێزانەكەمان تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بیت، هەروەها دەڵیت: لە ساڵی 1993 بەفەرمی بەشداری پاڵەوانێتییەكانم كرد، ئەگەرچی درەنگ بەشداری پاڵەوانێتییەكانم كرد بەڵام زوو توانیم شوینی خۆم لەریزی هەڵبژاردەی وڵاتەكەم بكەمەوە و تەنها دوای ساڵێك بەشداریمان لە ئۆڵۆمپیادی نەرویژ 2014 كرد، كە ئەمە خەونی منداڵیم بوو.
وازلە شەترەنج ناهێنم
ئەو خانمە شەترەنجزانە لەبارەی هەستەكانی كاتێك ئەنجامێكی باشی بەدەست هێنا گوتی: بێگومان زۆر بەختەوەر دەبووم كە ئەنجامێكی باشم بەدەست دەهێنا، هەموو جۆرە میدالیایەكم لە مل كراوە (زێڕ، زیو، مس)، سووربوونم بۆ لەسەر ئەو یارییە وایكرد كە ماندووبوونی خانەوادەكەم بەهەدەر نەڕوات دواجار شەرەفی ئەوەم پێبڕا كە ببمە پاڵەوانی مەدغەشقەر، ئێستاش بەردەوامم و بەنیاز نیمە واز لە شەترەنج بێنم چونكە تێكەڵی ژیانم بووە.
ئۆڵۆمپیادی باتۆمی لەبیر ناكەم
لە كۆتاییدا لالیانا دەڵێت: سەرجەم خەونەكانم هاتوونەتەدی، بەتایبەتیش بەشەداری كردن لە ئۆڵۆمپیاد و بەشدارییە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەمەش هەموو جۆرە جام و میدالیایەكم بەدەستهێناوە، ئەگەرچی لە ئۆڵۆمپیادی باتۆمی 2018 لە ئاستی خۆم رازی نەبووم، نەمتوانی خزمەتێكی باش بە هەڵبژاردەی وڵاتەكەم بكەم كە بڕوایان پێم هەبوو، ئەمە زۆر نیگەرانی كردووم و هەرگیز لەبیری ناكەم، هەروەها گوتی تاكە خەونی دێرینم كە نەهاتۆتەدی ئەوەی كە رووبەڕووی گاری كاسبارۆڤ ببمەوە ، ئەمە خەونی منداڵیم بوو كە ئەوكات زۆر تامەززرۆی زانینی ژیانی بووم، بەڵام پێم وانییە ئەو خەونەم بێتەدی، بەڵام هەر چاوەڕوانم.










