د. ئاشنا بابان
لە میانەی کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی گەرمدا تێدەپەڕێت و لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پێش وەختە و کشانەوەی هێزی ئەمریکی و دەستوەردانی دەوڵەتانی دراوسیێ عێراق، گفتوگۆیەکی گەرمی ئێستایە، کە بەدوو لایەن دەڕوات ،لایەنێک دەیەوێ پاشەکشێ بکات و هاوبەشی نەکات لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و مانەوەی بارودۆخی ئێستاو قۆستنەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان، لایەنی تر لەگەڵ هەڵبژاردنی پێش وەختە، بەدەنگ هاتنی خواستی خۆ پیشەندەران و جێبەجێکردنی گۆڕانکاری و چاکسازی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دا، سیناریۆی گەڕانەوە و جێهێشتنی هێزی ئەمریکی لە عێراق بە هەمان شێوەی کە لە ئەفغانستان ڕویدا، بۆخۆی جێگەی پرسیارە ئایا پرسی مانەوە یان گەڕانەوەی هێزی ئەمریکی و پەیوەندی بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق هەیە کاریگەری چییە؟ کە بابەتێکی گرنگ و زۆر هەستیارو گرێدراو وئاڵۆزی سیاسیە کە هاوکێشە سیاسییەکان بە ئاراستەی نادیار و گۆڕاو دەبات.
مانەوەی هێزی ئەمریکی لە عێراق وگۆڕینی ناویان و ئەرکیان لە جەنگاوەر بۆ ڕاوێژکار و ڕاهێنانەر بۆخۆی پەیامێکی ڕونی دیارە بۆ جێنەهێشتنی عێراق ودەست بەردارنەبونی لە خاکی عێراقە لە ناوچەکە ، جیاواز لەوەی لە ئەفغانستان ڕویدا، لە ڕاستیدا هاوشێوە بوونی عێراق و ئەفغانستان لە هەموو ڕوویەکەوە نە گونجاوە وەک لە ڕووی سیاسی و کلتوری و جیوپۆلتیک و ئابووریەوە، تەنانەت لە ڕووی مێژوو وپێکهاتەی کۆمەڵایەتیشەوە جیاوازن ، لەو ڕوانگەیەوە دەبینن مانەوەی هێزی ئەمریکا وئایدیای ئەمریکا بۆ عێراق زۆر جیاوازە. کۆبونەوە و گفتوگۆی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا، گرنگی و پێداگری لە توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی ، بە تایبەت لە ڕووبەڕوو بوونەوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و هاوکاریکردنی عێراق.
هەموو ئەو بابەتانە جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانە لە سیاسەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن، هەروەک هەندیک لە لایەنەکان بە دەستکەوتێکی سیاسی مێژوویی بۆ پیشاندانی نیەت پاکی و بەدیهێنانی خواست و داواکاری هاوڵاتیان وخۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تحریر.
گرنگی هەموو ئەو بابەتانە لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان چیە؟ کە هەرێمێکە بە دەستوور جێگیرکراوە و هاوبەشە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەک مافێکی دەستوری و یاسایی. ئاشکرایە هەر گۆڕانکارییەک لە بارودۆخی عێراق بێتە ئاراوە ڕاستەوخۆ کاریگەریشی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت. بنکە سەربازییەکانی هێزی ئەمریکی لە ناوچەی جیاواز و فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر جێگیرە، مانەوەی هێزی ئەمریکی گرەنتی پاڵپشتی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، لە هەمان کات دروستکردنی گەورەترین بینایی قونسلی ئەمریکی لە هەولێر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەلالەتێکە بۆ مانەوەی ئەمریکا، لە ڕاستیدا مانەوەی هێزی ئەمریکا لە عێراق بۆ چەند هۆکارێک ئەگەڕتەوە :-
١- پاراستنی هەژموونی خۆی وەک گەورەترین زلهێزی سیاسی و سەربازی لە جیهان.
٢- پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
٣- پشتگیری سیاسی و معنوی لە دۆستەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
٤- پاراستنی هاوسەنگی و هاوکێشە سیاسی و ستراتجیەکانی.
٥- لەدەست نەدانی دۆست و هاوپەیمانە عەرەبەکانی ناوچەی دوورگەی عەرەبی.
٦- پاراستنی یەدەگی نەوتی خۆی لەسەر حسابی بەکارهێنانی بەرهەمە نەوتیەکانی عێراق.
هۆکاری مانەوەیان لە عێراق وەک باشترین پێگەی زەمینە رەخساوی ئەمریکا و گرنتی هاتنە دیتنی بەرژەوەندیە ستراتیژی و بەردەوامەکانیان چەند هاوکاری و پشتگیری دەدات بە عێراق کە:-
١- هاوکاری ماددی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن.
٢- دژایەتی پارتە شیعە مەزهەبەکان.
٣- هاوکاری سەربازی مەشق و ڕاهێنان بە هێزی عێراقی دژی گرووپی داعش.
٤- بچووک کردنەوەی بازنەی شیعە مەزهەبی. لە دەرئەنجامی دیداری هەردوو سەرکردە بە ئەنجام دێت، سیناریۆی مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو لایە، کە هەرێمی کوردستان بەشێکی ئەو یاریە سیاسیەیە وەک بەڵانسی ناوەندی مانەوە و بەردەوامی ئەمریکایە لە ناوچەکەیە.










