مستەفا نەبی
ئەگەر گەشتێكی خێرا بەنێو لاپەڕەكانی مێژووی پڕ لە سەروەری گەلەكەماندا بكەین و ئاوڕێكی خێرا لە رابوردومان بدەینەوە ئەو كاتە نەهامەتی و دەردەسەری و چەندین رووداوی خوێناوی جەرگبڕ و بەسەرهاتی تاڵ و شیرین و خۆش و ناخۆشی خۆمانمان بەرچاو دەكەوێت و ئەو كاتە بۆمان دەردەكەوێت كەوا گەلەكەمان چ نەهامەتی و دەردەسەرییەكی لە دەست نەیاران و داگیركەرانی وڵاتەكەی بینیوە كەوا تاكو مێژوو ماوە ئەو بەسەرهاتانەش لەگەڵیدا دەمێنن و هیچ شتێك ناتوانێت بیانسڕێتەوە.
بەڵام لێرەدا ئەوەی جێگای سەربەرزییە و گەلەكەمان تا ماوە شانازی پێوە دەكات ئەوەیە كەوا رۆڵەكانی ئەم گەلە قەتاوقەت دەستەوەستان نەوەستاون و لە چاوەڕوانی مەرگدا دەستیان بە خۆیاندا شۆڕ نەكردۆتەوە، بەڵكو لە قوربانیدان و درێژەدان بە خەبات و بەرخودانیان درێغیان نەكردووە لە بەرامبەر هەڕەشەكانی نەیارانیان، بەڵكو بە بەردەوامی سینگی خۆیان كردۆتە قەڵغان بۆ گولەی داگیركەران و بە توندترین شێوە بەرەنگاریان بۆتەوە و بەرگری لە ناسنامەی تاكی كورد و خاكی پیرۆزی كوردستان كردووە و ئەوەی لەتوانایدا بێت و پێی كرابێت كردوویەتی و بواری نەداوە دوژمنانی كورد ئەوەندە ڕێگایان بۆ ئاسان بكرێت تاكو بە ئارەزووی خۆیان و بێ ئاستەنگ بێن و یاری بە چارەنووسی گەلەكەمان بكەن بەڵكو هەمیشە وەكو قەڵغانێك لە بەرامبەریان وەستاوە.
یەكێك لەو سەروەریانەی هەرگیز لەبیر ناكرێت و لاپەڕەیەكی زیندووی لە مێژووی گەلەكەمانی داگیركردووە و هەموو ساڵێك لە كاتی خۆی پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و بە شكۆدارییەوە یادی بكرێتەوە داستانی خواكوركە كەوا یەكێكە لە گەورەترین داستانەكانی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی كورد و شۆرشی گوڵانی پێشكەوتنخواز كەوا لەسەردەستی پێشمەرگە نەبەردەكانی ئەو شۆرشە و سەركردایەتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی تۆماركرا كەوا تاكو كورد ماوە شانازی پێوە بكات ، بكرێتە وانەیەكی مێژوویی و لە زانستگا و قوتابخانەكان بگوترێتەوە بۆ ئەوەی هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە و نەوە دوای نەوە بۆ یەكتری بگێڕنەوە باسی قارەمانیەتی پێشمەرگەی تێدا بكەن كەوا چۆن توانییان پڵنگ ئاسا چۆك بەو لەشكرە زۆر و زەبەلاحە پڕچەكە سەردەمیانەی سەرانی بەعس دابدەن كەوا بە مەرامی مژینی خوێنی جەستەی زارۆكە چاوگەشاكانمان تەوژمیان هێنابوو لە هەموو لایەك گورگ ئاسا لە پەلامارداندابوون بەو نیازەی هیچ تاكێكی كورد بەپێوە نەهێڵن ، جەستەی لاوەكانمان بكەنە پێخۆری ژەمێكی بە لەزەتی گورگە دەم بەخوێنەكانیان و لەسەر زەوی بیانسڕنەوە.
داستانی خواكورك كەوا لە ناوەراستی تەموزی 1988 راستەوخۆ لە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق-ئێران تۆماركرا كەوا هاوكات بوو لەگەڵ شاڵاوی بەدناوی ئەنفالە ڕەشبگیرییە گەورەكە و ڕاگوێزانی كورد لەسەر زێدی باب و باپیرانیان و زیندە بەچاڵكردنیان و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی تاكی كورد ، چونكە سەرانی بەعس ئەو كاتەیان بە هەل زانی پێش ئەوەی لەشكرە پڕچەك و زەبەلاحەكەیان پەرت و بڵاو ببێتەوە، بۆیە تەنها چەند رۆژێك دوای كۆتایی هاتنی ئەو جەنگە گەورەیە هەر بەهەمان هێز و بەهەمان سەركردایەتی بە هەمان پلان پاشماوەی هەموو ئەو لەشكرە پڕ چەك و زەبەلاحەی كە شەڕی هەشت ساڵەی لە دژی ئێران پێ ئەنجامدابوو بە هەموو تانك و زریپۆش و تۆپە قورس و موشەكە دورهاوێژەكانی و فرۆكەجەنگیە پێشكەوتووەكانی و بۆمبە كیمیاوییە قەدەغەكراوە نێودەوڵەتییەكانی هێنایە سەر كوردستان و شەڕی جینوساید و شاڵاوی بەدناوی ئەنفالی لە دژی گەلی كورد جاڕ دا ، ئەوەی خوا پێی ناخۆش بوو ئەو دڕندانە گورگ ئاسا لەدژی ئەم گەلە خێر لەخۆ نەدیوە بەبێ گوێدانە هیچ بنەمایەكی مرۆڤایەتی ئەنجامیاندا ، لەو هێڕشەدا زیاترلە 5هەزار گوند لە ڕەگ و ریشەوە هەڵتەكێنرا و هەزاران كەسی بێ گونا لە پیر و پەككەوتە و ژن و منداڵ لەسەر زێدی باب و باپیرانی خۆیان بە پێی پەتی و بێ پۆشاك و خۆراك وەدەرنا و ئاوارە و سەرگەردانی كردن جگە لە خەڵكێكی كەم كەوا توانی فریای خۆی بكەوێت بەبێ هیچ پێداویستییەك دەربازی بێت و روو لە سنوورەكانی ئێران و توركیا بكات، ئەوانی تری هەمووی خستنە پشتەوەی زیلە عەسكەریەكانیان و لە بیابانەكانی خوارووی عیراق زیندەبەچاڵی كردن.
كار وا رۆیشتو لەشكرە زەبەلاحەكەی بەعس بەردەوام بوو لە خاپوركردنی كوردستان و كارە دڕندانەكەی خۆی تاكو گەیشتە ناوچەی خواكورك كەوا ناوچەیەكی سنووری ستراتیژیی كوردستانە و هەرسێ وڵاتی عێراق-ئێران- توركیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بۆیە لەو كاتەدا بەبڕیارێكی بەپەلە و راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی داواكرا هەرچی زووە دەبێ سنوورێك بۆ ئەو دەست درێژیە وەحشیگەرایەتییەی سەرانی بەعس دابندرێت و پێویستە هەرچی هێزی پێشمەرگەی هێزەكان و لق و ناوچە و رێكخراوەكانی سەر بە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پارتی هەیە بە خودی جەنابی سەرۆكیشەوە جار بدرێ و بە زووترین كات روو لە بەرەكانی شەڕبكرێت لە ناوچەی خواكورك هەر ئەو كاتە و بەگەیشتنی ئەو هێزانە بۆ بەرەكانی شەڕ ئاراستەی شەڕەكە گۆڕا و بەرخودان و بەرگریی پێشمەرگە دەستی پێكرد بەوەش لەشكرە زەبەلاح و پڕ چەكەكەی سەرانی بەعس تووشی گەورەترین و بەهێزترین بەرەنگاری بوونەوە كەوا پێشتر تووشی ئەم جۆرە بەرەنگارییە نەببوونەو بەڵكو بە ئاسانی پێشڕەوییان دەكرد ، بەڵام لەم ناوچەیە ئەوەی نەیادیبوو وبە خەیاڵیاندا نەدەهات بینییان بەڕاددەیەك پەشۆكاو بوون و سەریان لێشێوا كەوا نە فڕۆكە و نە تۆپ و تانك و زریپۆش و تەنانەت چەكی كیمیاویش دادی نەدان و بە فریایان نەدەكەوت، پێشمەرگە نەبەردەكان لە ژێر سەرپەرشتی و بەشداری راستەوخۆی جەنابی سەرۆك لە شەڕەكان و دانانی پلان و بەرنامەی راستەوخۆی شەڕەكە لە لایەن بەڕێزیان توانییان ئاراستەی شەڕەكە بە شێوەیەك بەلای خۆیاندا بگۆڕن كەوا گەورەترین سەركەوتنیان لەو داستانە تۆماركرد و گەورەترین گورزیان لە دوژمنانی كورد وەشاند بەڕادەیەك كەوا دوژمن بەهەرچی هێزی هەیبوو لە سوپا و گاردی كۆماری و كۆماندۆی تایبەت و جاش و مەفرەزە خاسەكانی و پاڵپشت بەو هەموو هێڕشە ئاسمانیانەی فڕۆكە جەنگییەكانیان و ئەو تۆپبارانە چڕەی كەوا لەلایەن كەتیبەی تۆپە دوورهاوێژە نەمساویە پێشكەوتووەكانیان بۆیان دەكرا و بە بەردەوامی هێڕشی دەهێنایە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و شەو نەبوو لە سنوری10-15 هێڕش ئەنجام نەدەن كەچی هەموو هێڕشەكانیان بێ ئاكام بوو و هیچیان بە هیچ نەدەكرد جگە لە بەجێهێشتنی سەدان لاشەی چەكدارەكانیان كەوا شەو و ڕۆژ ئێمە ئۆقرەمان نەمابوو لەبەر بۆن گەنی لاشەكانیان و باشترین گەواهیشمان بۆ ئەو راستییانە گوتەی ئەو كۆمەلە سەربازە بوو كەوا لەبەرەكانی شەڕ بەدیل گیرابوون، لە ناویاندا ئەفسەرێك بوو كەوا ئاماژەی بە گەورەیی شەڕەكە و بەئازایەتی پێشمەرگە ئەكرد وتی من بەشداریم لە شەڕی هەشت ساڵەی قادسیەدا كردووە لەناویاندا شەڕی فاو كەوا بە جەنگێكی زۆر دژوار بۆ جەیشی عێراقی ناوزەد دەكرێ ،كەچی ئەو جەنگەم زۆر لام ئاسانتر بوو لەو بەرگریەگیان بەخشییەی كەوا لێرە پێشمەرگە دەیكات و ئەو لەشكرە گەورە و زەبەلاحەی كەوا هەشت ساڵ شەڕی وڵاتێكی گەورەی وەكو ئێرانی بەهێزی كرد و بەزاندی كەچی بە هەمان چەك و جبەخانە و فڕۆكە ناتوانێ سەنگەرەكان بە پێشمەرگە لەق بكات.
گرینگی و گەورەیی داستانی خواكورك لەوەدایە كەوا بە سەرپەرشتی و بەشداری راستەوخۆی خودی جەنابی سەرۆك بارزانی پێشمەرگە جاڕی شەڕی دەستەویەخە و مان و نەمانیی دا لە گەڵ دوژمن ، پلان و ئاراستە و رێنماییەكانی جەنابی سەرۆك كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر شەڕەكان و بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە هەبوو، چونكە هەركاتێك پێشمەرگە ئاوڕێكی لە تەنیشت خۆی دەدایەوە و جەنابی سەرۆكی دەبینی كەوا چون شانبەشانی ئەو سەنگەری لە دوژمن گرتووە، ئەوندەی تر لە شەڕكردن رژدتر دەبوو گورزی كاریگەرتری لە دوژمن دەوشاند و بەو چەكە سوك و سادەیەی دەستی گەورەترین سەركەوتنی بۆ خۆی و گەلەكەی تۆمار كرد ،كەوا ئاكامەكەی ببووە جێگای هەڵوەستە و تێڕوانینی زۆربەی چاودێرانی سیاسی و شیكەرەوانی بواری سەربازی و هەروەها كەناڵە راگەیاندنە جیهانییەكان هەریەكەو بە ریپۆرتاژێك و پێدا هەڵگوتنێەك باسیان لە جوامێری و قارەمانیەتی پێشمەرگە دەكرد و ئاماژەیان بەو سەركەوتنانە دەدا كەوا لەو داستانە مەزنە تۆماریان دەكرد، وە خاڵێكی تری زۆر گرینگ هەیە كەوا ببووە خاڵی نهێنی سەركەوتنەكانی ئەو داستانەو پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێ ئەویش بەشداری راستەوخۆی ئەو جەماوەرە شۆڕشگێڕەی پەناهەندەكانی ئێران بوو كەوا بەشدارییەكی زۆر كاریگەریان لەو داستانە مەزنەدا كرد كەوا بەشێكیان وەك بەرگریی مللی بەشداری راستەوخۆی شەڕەكانیان كرد و ئەوانیتر بەبەردەوامی لەهەوڵی دابێنكردنی خواردن و كەل و پەل و تفاقی شەڕبوون بۆ پێشمەرگە و هەر خۆشیان ئەركی گواستنەوەیان خستبووە ئەستۆی خۆیان كەوا ئەمەشیان كارێكی وا ئاسان نەبوو .
داستانی خواكورك لە سەر بڕیاری جەنابی سەرۆك لە 5/9/1988 گەورەترین سەركەوتنی بەدەست هێنا و جەنابی سەرۆك بۆ رۆژانی دواتر یەكە بە یەكە لەگەڵ هەموو ئەو هێزوو رێكخراوانە دانیشتنی ئەنجامدا و دەیفەرموو: ئەوەی ئێوە كردتان نابێ مێژوو لە بیری بكات، ئێوە لەو داستانە مەزنە چۆكتان بە گەورەترین دیكتاتۆری سەردەم دادا و ئێوە خەباتی سی ساڵی رابردوو و سی ساڵی داهاتووی خەباتی نەپساوەی گەلەكەتان نوێ كردەوە و لاپەڕەیەكی پڕشنگدارتان لە مێژووی گەلەكەتان تۆماركرد و ئەو سەركەوتنەی ئێوە كەوا لێرە تۆمارتان كرد نیشانەی ئەوەیە كەوا كوردستان پەكی ناكەوێ مادام رۆڵەی قارەمانی وەك ئێوەی هەیە مژدەتان پێ ئەدەم كەوا سەركەوتنی یەكجارەكی گەلەكەمان زۆر نزیك بۆتەوە ، لە جیهانی ئێستا باوی دیكتاتۆرییەت و زوڵم و زۆرداری نەماوە. ئەو پێشبینییە موژدەبەخشەی جەنابی سەرۆك بۆ پێشمەرگە هەواڵێكی زۆر خۆش و دڵگیر و لەناكاو بوو، چونكە زۆر ئەستەمە لەو رۆژگارە ڕەشە بتوانی ئەو ئومێد و موژدەیە بە پێشمەرگە ببەخشی و لەم رۆژگارە سەختە بتوانی ئەو پێشبینییە سیاسییە گەورەیە رابگەیەنی ، ئەوەی جێگای لێڕامان و سەرسوڕمانی چاودێرانی سیاسی و سەبازی بوو وەدیهاتنی ئەو پێشبینییە گەورەیەی جەنابی سەرۆك بوو كەوا تەنها دوای چەند مانگێك هاتە دی ، ئەوە بوو راپەرینی بەهاری 1991ی لێكەوتەوە و بۆ هەتاهەتایە تەختی دیكتاتۆیەت لەم وڵاتە لە گۆڕ نرا و گەلەكەمان بۆ دوا جار لە دەست دیكتاتۆریەت و چەوسانەوە و زوڵم و زۆرداری رزگای بوو و ئێستا خاوەنی كیانێكی سیاسی و ئابووری نیمچە سەربەخۆیە و بەرەو سەربەخۆیی یەكجارەكی هەنگاو دەنێ.
نووسەر لە بەشداربووانی داستانی خواكورك، یەكەمین كەس لە دانیشتووان دەستە چەپ.










