كاروان محمەد سینۆ
ئاماژە بە پێشهاتەكانی ئەم دواییە لە كوردستان و تەواوی دەڤەری رۆژهەڵاتی ناوەراست.. كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا (رۆژاڤای كوردستان) و دروستبوونی فەراغێكی عەسكەری ئەمنی لە (رۆژاڤا) و قۆناغی پاش تەواوبوونی (داعش) و هەڵكشانی گرژیی نێوان ئەمریكا و ئێران و پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا و …هتد. لەسەروبەندی هەموو ئەم بوویەرانە،پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە زووترین كاتدا، بۆتە زەروورەتێكی هەنووكەیی، چونكە هەموو ئەم بوویەرانەی لەسەرەوە باسمانكرد، لەدەوروپشتی كوردستان روویاندا و روودەدەن، ئەم بوویەرانە راستەوخۆ پەیوەندییان بە كوردستانەوە هەیە. بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی سیاسی و بڕیار، لەم هەلومەرجەدا پێویستە بوونی هەبێ و لەرووی سیاسی و سەربازیشەوە! لە ئامادەباشیدابێت بۆ هەر كاردانەوەیەك گەر لەئەنجامی ئەو پێشهاتانەی سەرەوە هاتنە پێش.
سارد بوونەوەی پەیوەندییەكان
هەفتەی رابردوو (18ی شوبات) بەبوونی رێژی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمانی كردستان، كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەنجامدرا، ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنەكەی كرد، بەڵام بەپێی رێكەوتنێكی پێشتری نێوان پارتی و یەكێتی، پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك بەش و بەركەوتەی یەكێتی لەلایەن پارتییەوە (بەشێوەیەكی كاتی) دیاری كرا تا ئەوكاتەی یەكێتی دێتە نێو پەرلەمان.
ئێستاش واتا لە قوناغی داهاتوودا “پێویستە” بەزووترین كات حكوومەتی كوردستان پێك بهێنرێ، ئەگەرچی لە رووی یاساییەوە پارتی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە (بێجگە لەیەكێتی) دەتوانێ حكوومەت پێك بهێنێت، بەڵام هەر لەسەرەتاوە پارتی خوازیاری ئەوەبووە كە حكوومەتێكی هەمەلایەنە بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پێك بهێنێت. لەلایەكی دیكەوە یەكێتی (یاخود باڵێكی ناو یەكێتی؟!) خوازیارە ئەم خواست و هەڵوێستەی پارتی بەزیاترین دەستكەوت بۆخۆی بقۆزێتەوە، بۆیە لەدانوستانەكاندا هەندێك مەرج و پاكێج و ئەگەری خستۆتە بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، ئەمەش شتێكی نابەجێیە لەلایەن پارتییەوە. لەئەنجامدا هەر یەكێتی خۆی بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كرد و ئەگەر و مەرجەكانی خۆی بۆ پێكهێنانی حكوومەت كردە كارتێكی گوشاری سیاسی لەسەر پارتی و تاكو ڕاددەیەك ساردی كەوتە نێوان كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی.
سەرۆك بارزانی پەیوەندییەكان جۆش دەداتەوە
پاش ئەوەی ساردی كەوتە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، دیسانەوە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بووەوە فریادرەسی جۆشدانی پەیوەندییەكان. ئاماژە بە گوتەكانی لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی ئێستای یەكێتی نیشتمانی كوردستان پاش كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە رۆژی شەممەی رابردوو، لەتیف شێخ عومەر رایگەیاند: “نامەیەكی دۆستانە لە جەنابی كاك مەسعود گەیشتووەتە دەستی جەنابی كاك كۆسرەت و بەمزووانەش یەكێتی لەگەڵ پارتی كۆدەبنەوە”. هەروەها لە درێژەی لێدوانەكەیدا، لەتیف شێخ عومەر،گوتی: ” نامەكەی جەنابی مەسعود بارزانی دۆستانەیە و جەنابی كۆسرەت رەسووڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، بە هەمان نەفەس وەڵامی نامەكەی داوەتەوە”.
دەربارەی هەڵوێستی یەكێتی بۆ رێككەوتن و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لەتیف شێخ عومەر خستیە روو كە “یەكێتی پرۆژەیەكی سیاسیی هەیە بۆ رێككەوتن كە بریتییە لە 3 پاكێج و هەڵوێستیشیان (روونە لەو بارەیەوە)، لە كۆبوونەوەكانیشدا لەگەڵ پارتی وردەكاری پرۆژەكەیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان رادەگەیەنن”.
ئەم هەڵوێستەی جەنابی سەرۆك بارزانی دیدێكی دووربینی رووداو و پێشهاتەكانە، هەوڵێكی دیكەی جەنابی سەرۆك بارزانییە بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد، ئامادەكارییە بۆ دەرەنجامەكانی پێشهاتەكانی ئایندە لە دەڤەرەكەدا، بۆیە واباشە برایانی یەكێتی نشتمانی كوردستان زیاتر لە هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستان و دەڤەرەكە بگەن و لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا نەخزێنە ژێر هیچ گوشار و هەژموونێك كە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بێت. لەكاتێكدا كەپارتی بوونی یەكێتی لە ناو حكوومەتی نوێدا بە پەسند دەزانێ، بەڵام لەهەمان كاتدا بوونی ئەگەر و مەرجی پێشوەختە و (چەند پاكێجێك؟!) بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە دانوستان و رێكەوتن ناكەن. لێرەدا شتێك بە برایانی یەكێتی راگەیێنم “ئەوەی بە دانوستان و ئاسوودەیی و برایەتی لە پارتی دەست دەكەوێت!، هەرگیز و بەهیچ شێوەیەك بە گوشار و مەرجی پێشوەختە پاكێجی جۆراوجۆر و رق و عینادی لەپارتی دەست ناكەوێت”. ئینجا واچاكە لەرێگای دانوستان و گفتوگۆ هەموولایەك بگات بە ئیستیحقاقاتی خۆی و زیاتریش!، هەرئەمەش لە بەرژەوەندیی خودی یەكێتییە و لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستانیشە.
جیاوازی و ناكۆكی یەكێتی و پارتی لە چ دایە؟
وێرای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بووە و زیاترین رێژەی كورسییەكانی پەرلەمان (45 كورسی) بەدەست هێناوە و مافی یاسایی و ئاسایی خۆیەتی و دەتوانێ لەگەڵ هەر لایەنێكی دیكەی كوردستان حكوومەتی نوێ پێك بهێنێت، بەڵام لەمەزندەی پارتی واباشە كە حكوومەتێك بەبەشداری لایەنەكانی دیكەش پێك بهێنێت و پارتی هەردەم ئامادەبووە و ئێستاش ئامادەیە بۆ دانوستان و گفتوگۆ. لەم رووەوە رۆژی شەممەی رابردوو لە میانیە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: “ئێمە كاری جیدی دەكەین…. هەموو حزب و لایەنەكان قەرزداری خەڵكی كوردستانن، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكان بە پێكهێنانی حكوومەت و دروستكردنی هەرێمێكی بەهێز، قەرزی خەڵكی كوردستان بدەنەوە”. بەم شێوەیە ئاشكرایە كە پارتی لە هەوڵی جدییدایە بۆ وەلانانی جیاوازی و ناكۆكییەكان و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەكانی پێشوو بەبێ گۆڕینی تەوەر و ئامانجی گفتوگۆكانی هەروەك ئاراستەیەكی ناو یەكێتی ئاماژە بە گۆرینی تەوەرەكانی كۆبوونەوەكانی داهاتوو دەكات. لەم رووەوە و لە درێژەی لێدوانەكەیدا فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی گوتی: ” ئێمە گوتاری جیاوازمان نابێت و هەمان گوتاری خۆمان دەبێتەوە”.
بۆ دانوستانی داهاتوو پارتی ناگەرێتەوە خاڵی سفر
سەبارەت بە جیاوازی بیروڕای نێوان پارتی و یەكێتی لە میانەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێدەچێ كە هەردوولا (پارتی و یەكێتی) زۆر نزیك و هاوڕابن بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی كوردستان كەرۆژی پێنج شەممەی داهاتوو بڕیارە هەردوو لا كۆببنەوە، وادیارە تەنها خاڵێك هەیە كە لەنێوانی پارتی و یەكێتی بۆچوونی جیاوازی لەسەرە ئەویش پرسی كەركووكە (جا من نازانم؟! پرسی كەركووك كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتێكی عەسكەرتاریەتی میلیشیاویدایە چ؟! هاوبەستەیەكی هەیە لە گەڵ پێكهێنانی حكوومەت لە هەولێر). جا ئەگەر پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی دیكەی كوردستان دەخوازن هەر هەڵوێست و بڕیارێكیان هەبێ دەربارەی كەركووك، پێویستە لە ژێر قوبەی پەرلەمان و بەبوونی حكوومەتی كوردستان ئەو هەڵوێست و بڕیارە وەرگرن نەك لەنێو كۆبوونەوە داخراوەكانی پارتی و یەكێتی موزایەدەی پێوە بكرێ. بۆیە یەكەمجام پێویستە پەرلەمان و حكوومەت پێك بهێنرێ، ئینجا هەموو لایەنەكان پێكەوە بڕیار و كریاری و هەڵوێستی خۆیان بخەنەروو بەرامبەر قەیران و داهاتووی كەركووكی دڵی كوردستان. لەم رووەوە مەحموود محەممەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی گوتی: “لە كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵ یەكێتی جەختمان لە یەكێتی خاكی نیشتمان و حوكمڕانی سەرتاسەری و سەقامگیری كردەوە”. هەروەها دەربارەی پاكێجەكانی یەكێتی و هاوبەستەكردنی كێشەی كەركووك بە كێشەی هەولێر و دانانی مەرجی ئەوەیی كە دەبێ هەردوو كیشەكان بەیەك پاكێج و لەیەك كاتدا چارەسەر بكرێن، مەحموود محەممەد ئەوەی رایگەیاند: “كە لە هەموو خاڵەكانی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی كۆك بووین تەنیا خاڵێك نەبێ كە تێڕوانینی جیاوازمان بۆی هەبوو، ئەویش ئەوەبوو كە ئێمە وتمان دۆخی كەركووك و ناوچەكانی ماددەی 140 ئاسایی بكرێنەوە و رێككەوتنێك لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكەین دواتر پارێزگار هەڵبژێرین، بەڵام یەكێتی زیاتر ئەولەویەتی ئیشەكانیان ئەوە بوو كە پارێزگارێك دابنرێت بۆ كەركووك و دواتر ئاسایی كردنەوە و كارەكانی دیكە بخرێنەوە قۆناغێكی دیكەوە”. لەم رووەوە مەحموود محەممەد جەختی لەوە كردەوە كە كەركووك بە تەنیا موڵكی لایەنێك نییە بەڵكوو موڵكی هەموو لایەنەكان و خەڵكی كوردستانە (واتا مافی هەموو لایەنەكانی كوردستانە كە بڕیار لەداهاتووی كەركووك بدەن نەك یەكێتی بەتەنها). هەروەها ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاشكرای كرد ” ئەندامانی پارتی بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە 18ی شوباتدا 12 واژوویان كۆكردەوە، بەڵام برادەرانی یەكێتی تەنیا دوو واژۆشیان نەهێنا بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا كە لە پشوو دابوو بتوانێت كۆبوونەوە بكات (واتا بڕیار لە قەیرانی كەركووك بدات).
بۆیە لەم گەڕەی دانوستان كە بڕیارە لە رۆژی چوارشەممە یاخود پێنجشەممەی داهاتوو لە نێوان پارتی و یەكێتی ئەنجام بدرێ، واچاكە یەكێتی ئەوراق و پاكێجی لابەلا دوور لە پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی كوردستان هاوبەستەی یەكتری نەكات و ریسەكەی سێ مانگی رابردووی دانووستانەكانی پێكهێنانی حكوومەتی كوردستان نەكاتەوە خوری؟!. بەهیوای دانوستانێكی سەركەوتوو و ئەنجام بەخش بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی نۆیەم.
سهرهتا بهدواداچوون لەپەراوێزی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستاندا بڕیارە لەم هەفتەیەدا پارتی و یەكێتی...










