
خەبات – چیادۆست ڕەسووڵ
گوندنشینانی ناحیەی هەڵشۆ و دەوروبەری، دەستیان کرد بە تەکاندنی ئەو گوێزانەی کە گەیشتوونەتە قۆناغی پێگەیشتن و کامڵ بوون، ئەگەرچی وەکو خۆیان گوتیان: ساڵانی زووتر گوێزەکانمان دەتەکاندن و زووتر بەرهەمەکانمان هەڵدەگرتەوە، واتا ساڵ بۆ ساڵ بەرواری پێگەیشتنی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام بەرهەمی ئەمساڵمان بەهۆی گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و گۆڕانی بارودۆخی وەرزەکان، کەمێک دوا کەوتووە .
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆشبەختانە بەرهەمێکی جوان پێگەیشتووە و ئەمساڵ کەمتر گوێزی نەخۆش و پووچ و کرماوی دەبینرێت، کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشیە و لە مساڵدا گوێزی دەرەوە و هاوردەکراو ناتوانێت بازاڕی گوێزی ناوخۆیی بگرێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی و بە ئاسانیتر لە بازاڕدا ساغ دەبێتەوە.
هەر بۆ ئەم مەبەستەش خەبات پەیوەندی کرد بە یەکێک لە هاووڵاتیانی ناحیەی هەڵشۆ بە ناوی (عەبدوڵڵا جووننەت وسو ) کە دانیشتووی ناحیەی هەڵشۆیە و لە هەوارگەی ساڵک ڕۆژهەڵاتی هەڵشۆ خاوەنی باخی گوێزە و ناوبراو بە خەباتی گوت: ئەمساڵ بەرهەمی گوێز لە ناوچەکەمان جێگەی ڕەزامەندی ئێمەیە و سوپاس بۆ خوا لێی ڕازین، ئەگەرچی کەمێک لە پێگەیشتنی دواکەوت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی گرفت و لە کۆتاییدا بە خێر بۆمان شکایەوە.
دەربارەی ڕێژەی بەرهەمی ئەمساڵیش مام عەبدووڵڵا گوتی: ئەمساڵ نزیکەی بە ڕێژەی 326 کیلۆ گوێزمان هەبووە بە پاککراوی، واتا دوای تەکاندنی گوێزەکان و خاوێنکردنەوەیان، کۆی بەرهەمەکەی 326 کیلۆ بووە، هەندێکیانم بۆ خۆمان و خواردنی ماڵەوە هەڵگرتووە و بەشێکی زۆریشم لێ فرۆشتووە، بە تێکڕایی کیلۆی بە پێنج هەزار دینار.
سەبارەت بە زیان و نەخۆشیەکانی گوێزیش ناوبراو پێیگوتین: ڕاست نیە ئەگەر بڵێم تەواوی بەرهەمی ئەمساڵم پاک و بێ گەردە، بەڵێ گوێزی خراپیشی تێدا هەیە، بەڵام لە چاو ساڵانی ڕابردوودا بە گشتی باشە و گوێزی پووچ و نەخۆشی کەمتر تێدایە.
دەربارەی قۆناغەکانی پێگەیشتن و ئەو ناوانەی کە لە تەمەنی گوێزەکە دەنرێت، عەبدووڵڵا جووننەت بە خەباتی ڕاگەیاند: گوێز کە سەرەتا پێدەگات پێیدەڵێن: چڵمۆکە، بەهۆی شلی و لیجاوی ئەو ئەو ئاوەی لە نێو گوێزەکەدا هەیە، دواتر و پاش مانگێک لە قۆناغی چڵمۆکە، ئەوا ناوەوەی گوێزەکە کەمێک تووند دەبێت و دەگاتە قۆناغی فەریکە، واتە ئەو کاتەی دەبێتە فەریکە زۆرێک لە جووتیاران هەر بە فەریکەیی لە نێو بازاڕدا دەیفرۆشن و ساغی دەکەنەوە، بەڵام بە نرخێکی کەمتر و تێچوویەکی کەمتریش.
قۆناغی سێهەم و کۆتاییش قۆناغی پێگەیشتنە، لەم قۆناغەدا دەست دەکەین بە تەکاندنی و توێکڵەکەی لێ دەکەینەوە و لە بازاڕدا دەیفرۆشین، گەرچی دەڵێن لە ساڵانی زۆر پێشوودا واتا سەردەمی باب و باپیرانمان خانمان سوودیان لە توێکڵەکەیشی بینیوە بۆ ڕازاندنەوە و جوانکاری قژ و ڕەنگردنی، هەروەها هەندێک لە هاووڵاتیان هەڵدەستان بە کوڵاندنی توێکڵی گوێز لە ناو ئاودا و دواتر هەڵکێشانی قوماشەکە لە ناو ئاوە گەرمەکەدا و بە مەبەستی ڕەنگکردن و ڕازاندنەوەی قوماشەکە هەر لەم ئاوە گەرمەدا، دواتریش قوماشەکەیان هەڵدەخست و ووشکیان دەکردەوە، بەمەش ڕەنگێکی جوان و بریقەداری دەدایە قوماشەکە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی هەبوونی جێگرەوە و قوماشی جوانتر و کوالێتی بەرزتر، ئەوا کەس سوود له توێکڵی گوێز نابینێت و بە ناچاری فڕێی دەدات.
شایانی باسە داری گوێز بە بەربوومێکی کوردستانی ناسراوە و لە قەدپاڵ و خڕ و دۆڵ چیا و کوێستانەکانی کوردستان دەڕوێت، هاوشانی دار بەڕوو و گۆیژ و بنەوشە و بەڵاڵوک ئەم دارە حەزی له شوێنی سارد و کوێستانە، بەڵام تاکە جیاوازی ئەوەیە گوێز زیاتر حەزی بە ئاو دێت و ناتوانێت وەکو داری بەڵاڵوک و گۆیژ و بنەوشە و قەزوان بەرانبەر کەمی ئاو خۆگر بێت.
گوێز جگە لە چێژ و تامەکەی کە گوندنشینان لە وەرزی زستاندا شەوانە وەک چەرەس بەکاری دەهێنن لەگەڵ هەریەک لە گوڵەبەڕۆژە و مێوژ و ووشکە قەزوان، ئەوا لە ڕووی تەندروستیشەوە چەندین سوودی تایبەت و گرنگی هەیە.