محەمەد زەنگەنە
لەنێوان هەڕەشەكانی ئەمەریكا لەدژی ئێران و دەستپێشخەریی قەتەڕ بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی ناوچەكە و سەردانی پێكهێنەرانی پەیمانی مەككە بۆ ئێران و بۆچوونی جیاواز لەبارەی سەردانەكەی عەلی زەیدیی سەرۆك وەزیرانی عێڕاق بۆ سووریا، ئەمە جگە لە بەردەوامیی بۆردومانی سعوودیا لەلایەن حووسییەكانەوە و هەڕەشەی ئەمەریكا و ئێران بەرامبەر بە جووڵەی دەریایی لە گەرووی هورمز، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەقۆناغێكی زۆر قورس و سەخت تێدەپەڕێت و دۆخێكی مەترسیداری بۆ كەرتی ئابووری و تەنانەت ژیانی رۆژانەی هەر تاكێكی ئەو ناوچەیە دروست كردووە.
ئەو قۆناغەی ئێستا كە لەلایەن بەشێك لە چاودێرانەوە بە نەخشاندنی شێوەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوێندرێتەوە، بەڵام بەشێكی دیكەش لە چاودێر و شارەزایانی بواری سیاسەت وای لێك دەدەنەوە كە ئەم دۆخەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستپێكێكە بۆ رووخانێكی سیاسی و ئابووری و هەنگاوێكە بۆ شەڕێكی قورس و قەیرانێكی قووڵ، كە رەنگە هەڵوەشانەوە و نەمانی چەندین سیستەم و رژێم و دەوڵەتی لێ بكەوێتەوە و جارێكی دیكەش، دابەشكاریی هەژموونی زلهێزان ببێتە دەستپێكی رەوت و قۆناغێكی تازە.
لە هەبوون و هاتنەدیی هەردوو ئەگەریش دا، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەریەكە و بەپێی سەنگ و قورسایی سیاسی و ئابووریی خۆیەوە، كاریگەریی نەرێنیی ئەو قۆناغەی ئێستای لە هەموو بوارەكان دا تیادا رەنگ دەداتەوە و هەمووانیش دەخاتە نێو بارێكی سەخت و ترسناك.
نووسینەوەی دەستووری نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە كاراكتەری تازە و پلانێكی جیاواز و نەخشەیەكی نامۆ، ئەو بژاردەیەیە كە زۆربەی پێشبینییەكان بۆی دەچن و نیمچە رێككەوتنێكیشی لەلایەن چاودێرانەوە لەسەر هەیە، بەڵام بەبێ ئەوەی وردەكاری و شێواز و خاڵی دەستپێك و كۆتایی دەستنیشان بكرێت.
گرنگترین خاڵی ئەو قۆناغە قورسەی كە ئێستا وەكو قۆناغی گواستنەوە باسی لێوە دەكرێت، بەیەك گەیشتن و رێككەوتنی كاراكتەرە ناكۆك و جیاوازەكانە، كە سەرنجڕاكێشترین بابەتی هاوكێشەكەیە، ئەمەش لەخۆیدا رەنگە مەترسی بخاتە نێو دەروونی ئەو لایەن و وڵاتانەی هەڕەشە لە بەرژەوەندی و پێگەكانیان دەكرێت و مان و نەمانیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هاوكات، ئەو بەیەك گەیشتنەش جێگەی گومانە و بۆی هەیە بۆ هێنانەدیی بەرژەوەندییەكی كاتی بێت.
بەو پلانە تەم و مژاوییە و شەڕی پێشبینی و لێكدانەوەی روودا و بەرژەوەندییەكان، ئەو راستییە بۆ هەموو لایەك دەسەلمێندرێت، كە دۆخەكە بە هەموو ئەگەرەكان و لە هەموو بژاردەكان، بریتییە لە قۆناغێكی قورس و ناجێگیر كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی دا تێدەپەڕێت، بەبێ هەبوونی ئاراستەیەكی دیاریكراو، بەبێ هەبوونی ئایندەیەكی رون، بەبێ رێككەوتن لەسەر شێوە و نەخشەی بەرژەوەندییەكان.