
خەبات- دانا بۆتانی:
سنووری شارەوانی ناحیەی کەسنەزان دە گەڕەک لە خۆ دەگرێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی بە هەزاران هاووڵاتی مەزەندە دەکرێت.وەک ڕۆژنامەی (خەبات) بەدواداچوون بۆ ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە دەکەین کە لە سنووری شارەوانی کەسنەزان پێشکەشی هاووڵاتیان کراون، و گرفتەکانی هاووڵاتیان لەگەڵ لایەنی بەرپرسیار دەخەینەڕوو. بۆ ئەم مەبەستەش، وەڵامی پرسیارەکانمان لە بەڕێوەبەری شارەوانی کەسنەزان، ئەندازیار (عەلی ڕەشاد مستەفا) وەردەگرین.
خەبات: سنووری شارەوانی کەسنەزان چۆنە و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکەن چین؟
– شارەوانی کەسنەزان سنوورێکی فراوانی هەیە و دە گەڕەک لە خۆ دەگرێت: گەڕەکەکانیش ئەمانەن): یازدەی ئازاری نوێ و کۆن، خۆڕاگری سەروو و خواروو، کاریز یان قەرەبوو، شارەوانی، یەکی شوبات یان کەمئەندامان، حەسەناوە، ناوچەی پیشەسازی، شیڕاتۆن، پێشەوا، ئامرفەوجەکان.( بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیان لە سنووری شارەوانی کەسنەزان، شارەوانی ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی لەگەڵ هاووڵاتیانی سنوورەکەی دەبێت بەهۆی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ، مۆڵەتدان بۆ خانوو و بینای بازرگانی، دروستکردنی شەقام، و پاکڕاگرتنی گەڕەک و بازاڕی سنووری شارەوانییەکەمان. بۆ ئەم مەبەستەش بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاری پێشکەشی هەموو گەڕەکەکان دەکەین.
خەبات: دەکرێت ئاماری بەشێک لە کارەکانتان بخەنەڕوو لە بەشی مۆڵەتداندا؟
– یەکێک لە کارە گرینگەکانی شارەوانی کەسنەزان مۆڵەتدانە بە دروستکردنی خانوو یاخود نوێکردنەوەی خانووەکان لە سنوورەکەمان؛ هەروەها شارەوانی کەسنەزان گرنگییەکی تەواو بە بەشی مۆڵەتدانی بینای بازرگانیش دەدات. پێویستیشە ئەوانەی مۆڵەت لە سنووری شارەوانی کەسنەزان وەردەگرن، پابەندی یاسا و ڕێنوومییەکانی شارەوانی بن، تاوەکو بە دیزاینێکی نوێ باڵەخانە و خانووەکانیان دروست بکرێت و سیمایەکی جوان و شارستانی بە سنووری شارەوانی کەسنەزانیش ببەخشێت و لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی کە کوردستان بەخۆیەوە دەیبینێت بگونجێت. بۆ ئەم مەبەستەش 970 مۆڵەتمان داوە بۆ دروستکردنی خانووی هاووڵاتیان و 51 مۆڵەتی بینای بازرگانیش، و ئەم ئامارە پێمان دەڵێت سنووری شارەوانی کەسنەزان ڕۆژ بەڕۆژ لە فراوانبووندایە.
خەبات: ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە چین کە شارەوانی کەسنەزان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی کردووە؟
– ئەو خزمەتگوزارییانەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی کردوون زۆرن، من تیشک دەخەمە سەر بەشێکیان کە شارەوانی کەسنەزان پێشکەشی هاووڵاتیانی سنوورەکەی کردووە:
– دروستکردنی 10 شەقامی 10 مەتری لە گەڕەکی یازدەی ئازاری نوێ.
– دروستکردنی 6 شەقامی 10 مەتری لە گەڕەکی حەسەناوە.
– شەش شەقامی دیکەی 10 مەتریش لە گەڕەکی یازدەی ئازاری کۆن دروست کراون.
– دروستکردنی یەک شەقامی 10 مەتری لە گەڕەکی خۆڕاگری خواروو.
– دروستکردنی یەک شەقامی 12 مەتری لە گەڕەکی شارەوانی.
– دروستکردنی 24 شەقامی نوێ لە گەڕەکی یەکی شوبات (هەژدە شەقامیان 12 مەترین، سێ شەقامیان 15 مەترین و سێ شەقامی دیکەش 20 مەترین).
– لە گەڕەکی کاریزیش چوار شەقامی نویمان دروست کردووە کە تێیدا سێ لەم شەقامانە 12 مەترین و شەقامێکیش 15 مەدرییە. بە گشتی، دروستکردنی 52 شەقامی نوێ بەشێکی بچووکن لەو خزمەتگوزارییانەی کە شارەوانی کەسنەزان پێشکەشی هاووڵاتیانی سنوورەکەی دەکات.
خەبات: چۆن مامەڵە لەگەڵ ژینگەی سنووری شارەوانی کەسنەزان دەکەن و چۆنیش خۆتان ئامادە کردووە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو لە وەرزی زستاندا؟
– یەکێک لە کارە هەرە گرینگ و لەپێشینەکانی فەرمانگەی میریی شارەوانی کەسنەزان، ڕووپۆشکردنی سەوزایی سنووری شارەوانی و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگەکەیەتی. بۆیە ڕۆژانە شارەوانی هەڵدەستێت بە پاککردنەوەی بەشێک لەو گوندانەی کە دەکەونە سنووری ناحیەی کەسنەزان لەگەڵ گەڕەکەکانی سنووری شارەوانی. ڕۆژانە 72 تەن پاشماوەی زبڵ و خاشاک کۆدەکەینەوە و دەیگوازینەوە بۆ زبڵخانەکانی کانی قڕژالە.هەروەها ئەو شەقامانەی دروست دەکرێن یان دەکەونە سنووری شارەوانییەوە، جگە لەوەی بە سەوزایی ڕووپۆش دەکرێن، ڕۆژانە 125 هەزار لیتر ئاو بەکار دەهێنین بۆ ئاودانی هەموو ئەو سەوزاییانەی کە لە سنووری شارەوانی کەسنەزاندا هەن. جگە لەمانەش، بەشێکی زۆری ئەم ڕووپۆشە سەوزاییانە بە سیستەمی مۆدێرن ئاودێری دەکرێن کە پێی دەگوترێت (قەترە)، بۆ ئەمەش کەمترین ئاو بەکار دەهێنین بۆ ئاودانی سەوزاییەکانی سنوورەکەمان. سەبارەت بە مەترسییەکانی لافاو بۆ وەرزی زستان، ئێمە ساڵانە پێش وەرزی بارانبارین ئەو کەندانە خاوێن دەکەینەوە بۆ ئەوەی هەر بڕێکی باران ببارێت نەبێتە مەترسیی دروستبوونی لافاو.
خەبات: ئەو لەمپەرانە چین کە لە کاتی کارکردندا تووشی دەبن؟
– کاری ئێمە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بۆ دانیشتوانی سنووری شارەوانی کەسنەزان: هەروەها کاری هاووڵاتیان جێبەجێکردنی ئەو یاسا و ڕێنوومییانەیە کە شارەوانییەکان دایانناوە. بۆیە لادان و جێبەجێنەکردنی یاسا لە هەر لایەکەوە بێت، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.لە ئێستاشدا سوپاس بۆ خوا هاووڵاتیان هاوکارن و ئێمەش خزمەتکاری هاووڵاتی خۆمانین.
خەبات: بڕی داهات و خەرجی ساڵانەی شارەوانی کەسنەزان چۆنە؟
– بڕی داهات و خەرجی لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە لە سنووری شارەوانییەکەمان جیاوازە، بەڵام ئەوەی ئێمە لە هەموو شارەوانییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە هەمیشە بڕی داهاتمان لە خەرجی زیاترە.