سهرهتا وتار پاشەکەوتی مووچە، بوو بە قەرز.. حکوومەت چۆن بیداتەوە؟
ڕزگار ئەژی گۆران
سەبارەت بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سەرجەم مووچەدارانی سەر بە دامودەزگاکانی حکومەت، کە لەساڵانی ڕابردوودا بە هۆی قەیرانی دارایی لە ئاکامی سەرهەڵدانی داعش و بڕینی مووچە و بودجەی هەرێم لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە، بە ناوی پاشەکەوت کەوتە سەر حکومەتی هەرێم، ڕۆژی 27ی ئوکتۆبەری 2026 وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی وەزیران هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە کە ئەو پاشەکەوتووە وەک قەرزێک بکەوێتە ئەستۆی خۆی، وەک دەڵێن( بوو بە ماڵ بەسەر حکومەتەوە)، بڕیارەکە جگە لەوەی بووە مایەی ئومێد و متمانەی مووچەداران بەڵام پابەند بوون و ئەرکێکی گرانیشی خستە سەر شانی حکومەتی هەرێم کە لە ئێستاوە تا تەواوی ئەو قەرزانە دەدرێنەوە دەبێت لە هەوڵی دابینکردنیدا بێت.
لە سۆنگەی دڵسۆزی و بەرپرسیارێتییەوە، پێشنیار دەکەم، ئەو بڕە پارەیەی وەک قەرز کەوتۆتە لای حکومەت، بە شێوەی باڵانس (دراوی ئەلکترۆنی) بخرێتە سەر کارتێکی تایبەت هاوشێوەی کارتی مووچە (هەژماری من) بۆ هەر خاوەن قەرزێک، لە کاتێکدا مووچەدارانی هەرێمیش لە چەند سێکتەرێک قەرزاری حکومەت یان کەرتی تایبەتی گرێبەستدار لەگەڵ حکومەتن، چ لە بواری خزمەتگوزاری بێت یان یاسایی، بە مەرجێک ئەو کارتە، تەنها بۆ ئەو مەبەستانەی خوارەوە بەکار بێت و لە هەژماری قەرزارەوە بە شێوەی ئەلکترۆنی بچێتە سەر هەژماری ئەو فەرمانگە و دەزگا و لایەنانەی قەرزیان لای مووچەدارانە، لەو بارەشدا نەبوونی پارەی کاش یان (سیولە) نابێتە کێشە بۆ هیچ لایەک و کاریگەری بەسەر نرخی دراویشەوە نابێت، بەوەش ڕایەڵەی پابەند بوون و متمانە و دڵسۆزی لە نێوان حکومەت و مووچەداراندا بەهێز دەکاتەوە و تا ڕادەیەکیش لەوانەیە کاریگەریی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی وردە گەندەڵی، بە مەرجێک کە ئەو کارتە فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی دارایی دەری بکات، نەک بدرێتە کەرتی تایبەت، تێچووەکەشی بڕە پارەیەکی ڕەمزی بێت لە مووچەدار وەربگیرێت و داهاتەکەشی بۆ حکومەت بێت.
بوارەکانی قەرزدانەوە:
– قەرزی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی .
– هەر باج و ڕسوماتێک لە مامەڵە کارگێڕی و داراییەکاندا دەکەوێتە سەر مووچەدار، جگە لە باجی داهات و فرۆشتنی خانوو و زەوی.
– قەرزی سەرپێچییەکانی هاتوچۆ بە ئاستێکی دیاریکراو بە ڕێژەی سەدی و بۆ یەکجار، (بۆ نمونە: ئەگەر خاوەن ئۆتۆمبێل سزای سەرپێچی هاتوچۆی لە ملیۆن دینار بەسەرەوە بوو بە ڕێژەیەکی سەدی بتوانێت سزاکەی بدات و بۆ یەکجار ئەو مافە بەکار بێنێت).
– بۆ نەخۆشی یان نەشتەرگەری گەورە و باری کتوپڕ، کە تێچوونی لە ئاستێکی دیاریکراو زیاتر بێت، چ لە ناوخۆی هەرێم چ لە دەرەوەی هەرێم، کە لەو بارەدا مووچەداری نەخۆش لە ڕێی لیژنەیەکی پزیشکی و پشتگیریی و پشتڕاستکردنەوەی نەخۆشخانەکە بەپێی ڕاپۆرت و بەڵگەکان، دەتوانرێت بڕی خەمڵێندراوی بۆ بکرێت بە کاش چ پێش نەشتەرگەرییەکە یان دوای بارە ناکاوەکە بە پێی سەلماندنی ڕاپۆرت و بەڵگەکان.
– بۆ پشتگیری مووچەدار و هاندانی گەنجان بۆ هاوسەرگیری، دەکرێت بڕێکی دیارییکراو لەو قەرزە بدرێت بەو کەسەی هاوسەرگیریی بۆ مناڵەکانی ئەڕەخسێنێت، یان کەسە مووچەدارەکە ڕەبەنە و بە نیازی هاوسەرگیرییە، ئەم خاڵە لە چەند ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەییەوە زۆر گرنگە بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد کە بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی تر لە عێراقدا گەشەی ئاماری دانیشتوانمان زۆر لاواز بووە، بەو هۆیەوە ناکرێت ئەم خاڵە لەبەر چاو نەگیرێت.
– خێزانێک کرێچی بن و بە درێژایی تەمەنی خاوەن خێزانەکە هیچ شوێنێکی بۆ نیشتەجێ بوون نەبووبێت (واتا خانوو یان زەوی نەبووبێت و فرۆشتبێتی) دەکرێت بە بڕێکی دیاریکراو لە قەرزەکەی بە کاش بدرێتەوە و بۆ یەکجار ئەو مافە بەکاربێنێت.
تێبینی:
بەکار هێنانی ئەو باڵانسە(قەرز) کڕینی زەوی و مامەڵەی بازرگانی و گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون و (خانوو و شوقە و باخ) و کەلوپەلی ناو ماڵ و خۆراک و سووتەمەنی و خوێندنی نا حکومی .. ناگرێتەوە.