د‮. ‬حەبیب مستەفا خەڵكی‮ ‬گوندی‮ ‬زورەگڤان لە ناوچەی‮ ‬بارزان و لەدایكبووی‮ ‬1981‮ ‬وڵاتی‮ ‬ئێرانە‮. ‬ئەو خاوەنی‮ ‬بڕوانامەی‮ ‬دكتۆرایە و لەدیدارێكی‮ ‬رۆژنامەی‮ ‬خەباتدا تێزی‮ ‬دكتۆرانامەكەی‮ ‬شیدەكاتەوە‮. ‬بەهۆی‮ ‬گرنگیی‮ ‬و ناوەڕۆكی‮ ‬دكتۆرانامەكەی‮ ‬كە بەزمانی‮ ‬فەرەنسی‮ ‬نووسراوە و بە‮ ‬یەكەمین سەرچاوەی‮ ‬بڕواپێكراوی‮ ‬مەیدانیی‮ ‬دادەندرێت لە بواری‮ ‬ئەنترۆپۆلۆژیای‮ ‬یاساییدا،‮ ‬رۆژنامەی‮ ‬خەبات بەباشیزانی‮ ‬بۆ ئەم دیدارە میوانداری‮ ‬ناوبراو بكات و وەڵامی‮ ‬ئەو پرسیارانە بڵاوبكاتەوە،‮ ‬كە خوێنەر ئاشنا دەكات بە تێزی‮ ‬دكتۆرانامەكە‮.‬
دیمانە‮: ‬سەردار حوسێن
د‮. ‬حەبیب مستەفا قۆناغی‮ ‬سەرەتایی‮ ‬و ناوەندی‮ ‬لە ئێران خوێندووەو قۆناغی‮ ‬ئامادەیی‮ ‬و زانكۆی‮ ‬لە كوردستان و لە زانكۆی‮ ‬سەڵاحەدین تەواوكردووە لە ساڵی‮ ‬2009‮ ‬چووەتە وڵاتی‮ ‬فەرەنساو دەستی‮ ‬بە خوێندنی‮ ‬ماستەر كردووە،‮ ‬دوای‮ ‬ماستەریش دەستی‮ ‬بەخوێندنی‮ ‬دكتۆرا كردووە،‮ ‬ماستەرنامەكەی‮ ‬بەناونیشانی‮ (‬پێگەی‮ ‬یاسایی‮ ‬كورد لە دەستوورەكانی‮ ‬عیراق لە نێوان ساڵی‮ ‬1958 ‮-‬ 1970‮)‬ بوو،‮ ‬تێزی‮ ‬دكتۆراكەشی‮ ‬لە بواری‮ ‬مێژوو و ئەنترۆپۆلۆژیای‮ ‬یاساییە بەناونیشانی‮ (‬دابونەریتی‮ ‬كورد لەناوچەی‮ ‬بارزان‮). ‬
د‮. ‬حەبیب مستەفا لەسەرەتای‮ ‬دیدارەكەدا تیشكی‮ ‬خستەسەر ئەو بوارەی‮ ‬كە دكتۆرانامەكەی‮ ‬لێ بەدەست هێناوەو دەڵێت‮: ‬ئەنترۆپۆلۆژیای‮ ‬یاسایی‮ ‬لێكدانەوە و خوێندنەوەی‮ ‬یاساكانی‮ ‬كۆمەڵگەیە بە شیكردنەوەی‮ ‬رۆڵی‮ ‬بەهاو كولتوورە كۆمەڵایەتییەكان،‮ ‬كە كۆمەڵگە كاری‮ ‬پێدەكات و لێكەوتە و گونجان و كارلێكەكانی‮ ‬لەگەڵ‮ ‬یاسا دەخاتەڕوو‮.‬
لەبارەی‮ ‬تێزی‮ ‬دكتۆرانامەكەی‮ ‬د‮. ‬حەبیب مستەفا دەڵێت‮:‬‮ ‬دكتۆرانامەكەم سەبارەت بەدابونەریتی‮ ‬كوردە لە ناوچەی‮ ‬بارزان لە سەردەمی‮ ‬شێخایەتی‮ ‬بارزان و بەتایبەت ساڵانی‮ ‬1958 تا‮ ‬1969 لە سەردەمی‮ ‬دووایین شێخی‮ ‬بارزان‮ “‬شێخ ئەحمەدی‮ ‬بارزانی‮”‬،‮ ‬كە بەزمانی‮ ‬فەرەنسی‮ ‬نووسیوومە و بەشێوەیەكی‮ ‬گشتیش باس لەدابونەریتی‮ ‬بارزانییەكان دەكات‮.‬
سەبارەت بە هۆكاری‮ ‬دەستنیشانكردنی‮ ‬ئەم بوارە،‮ ‬د‮. ‬حەبیب مستەفا لەو دیدارەدا دەڵێت‮:‬‮ ‬خوودی‮ ‬دابونەریتی‮ ‬كورد سەرچاوەیەكی‮ ‬یاسا بووە بۆ بەڕێوەبردنی‮ ‬كۆمەڵگەی‮ ‬عەشیرەتی،‮ ‬ئینجا چ بارزانی‮ ‬بن‮ ‬یان جاف و بەرواری‮ ‬بن،‮ ‬ئەوانە لە چوارچێوەی‮ ‬كۆمەڵگەیەكی‮ ‬عەشائیری‮ ‬ژیاون و بەهۆی‮ ‬ئەوەیش كە كورد دەوڵەتی‮ ‬نەبووەو هەمیشەش بیری‮ ‬كوردایەتی‮ ‬لەپەرەسەندن بووە،‮ ‬هەوڵدراوە ئەو دابونەریتەی‮ ‬هەیە لەنێوخۆدا كۆمەڵگای‮ ‬پێوە بەڕێوەببردرێت،‮ ‬من بۆ باشتر خوێندنەوەی‮ ‬ئەو بارودۆخە دابونەریتی‮ ‬بارزانییەكانم دەستنیشان كردووە،‮ ‬كە ناوچەیەكی‮ ‬پەراوێزخراوبووە و رۆڵی‮ ‬دابونەریت تیایدا زەق بووە،‮ ‬هاوكات ئەو ناوچەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی‮ ‬ئەو سەردەمە بەردەوام رووبەڕووی‮ ‬پەلاماردان و پەراوێزخستن بووەتەوە‮.‬
د‮. ‬حەبیب مستەفا زیاتر لەسەر تێزی‮ ‬دكتۆرانامەكەی‮ ‬دەدوێت و دەڵێت‮:‬‮ ‬لیژنەی‮ ‬گفتوگۆی‮ ‬دكتۆرانامەكەم و بەتایبەتیش ئەو پرۆفیسۆرانەی‮ ‬زانكۆی‮ ‬سۆربون كە هەڵسەنگاندن و سەرپەرشتی‮ ‬توێژینەوەكەیان كرد،‮ ‬تێزەكەی‮ ‬منیان بە ئیشێكی‮ ‬رەسەن و دیكیومێنتاری‮ ‬ناساند و بۆ ئەوان زۆر گرنگ بوو كە ئیشێكی‮ ‬وەها بەرجەستە كراوە و راستەوخۆ بەزمانی‮ ‬ئەوان نووسراوەو وەرگێڕان نییە،‮ ‬هەرچەند من هیچ سەرچاوەیەكی‮ ‬سەرەكیم نەبوو،‮ ‬تەنها كتێبەكەی‮ ‬د‮. ‬عەبدوڵا‮ ‬غەفورم لەبەردەست هەبوو،‮ ‬كە نزیكەی‮ ‬30‮ ‬لاپەڕەیەك بوو بەناونیشانی‮ “‬بارزانم چۆن دیت‮” ‬كە ناوبراو سەردەمێك مامۆستا بووە لەناوچەی‮ ‬بارزان،‮ ‬ئەو باسی‮ ‬ژیانی‮ ‬ئاسایی‮ ‬بارزانییەكانی‮ ‬كردووەو كەمێكیش تیشكی‮ ‬خستۆتەسەر دابونەریتی‮ ‬میللەتی‮ ‬بارزان،‮ ‬هەروەهاش تێزەكەی‮ ‬بەڕێز د‮. ‬عەلی‮ ‬دۆلەمەری‮ ‬نوێنەری‮ ‬حكوومەتی‮ ‬هەرێم لە فەرەنسا،‮ ‬كە لە بەندێكیدا باس لە چۆنیەتی‮ ‬پێكهاتەی‮ ‬كۆمەڵگای‮ ‬بارزانییەكان دەكات،‮ ‬سوودم لێی‮ ‬وەرگرتووە،‮ ‬بەڵام كارەكەی‮ ‬من مەیدانی‮ ‬بووە،‮ ‬كە نزیكەی‮ ‬40‮ ‬پرسیارم لەسەر دوو تەوەر دابەش كردووە،‮ ‬تەوەری‮ ‬یەكەمیان دەسەڵات و چۆنیەتی‮ ‬بەڕێوەبردن لە كۆمەڵگای‮ ‬بارزانییەكان كە باسی‮ ‬دەسەڵاتی‮ ‬شێخەكانی‮ ‬بارزان كراوە لەسەر بنەمای‮ (‬برایەتی‮ ‬و دادپەروەری‮) ‬بنیادنراوەو دەسەڵاتەكەیان ئایینی‮ ‬بووە،‮ ‬بەوپێیەی‮ ‬ئەوان لەسەر تەریقەتی‮ ‬نەقشبەندی‮ ‬بوونە،‮ ‬هەروەها باسی‮ ‬چۆنیەتی‮ ‬بەڕێوەبردنی‮ ‬كاروباری‮ ‬ناوخۆی‮ ‬گوند كراوە،‮ ‬كە لەلایەن سەرۆكی‮ ‬بنەماڵە و ریشسپییەكان و موختاری‮ ‬گوند بەڕێوەچووە و لە تەوەری‮ ‬دووەمیشدا باسی‮ ‬رۆڵی‮ ‬دابونەریت كراوە لە ژیانی‮ ‬بارزانییەكان كە بریتی‮ ‬بووە لە هاوسەرگیری‮ ‬و دابەشكردنی‮ ‬میرات و كاروباری‮ ‬كشتوكاڵ و ئاژەڵداری‮ ‬و ژینگەپارێزی‮ ‬و سیستەمی‮ ‬دادوەری‮.‬
د‮. ‬حەبیب مستەفا سەبارەت بە تەوەرە مەیدانییەكەی‮ ‬تێزی‮ ‬دكتۆرانامەكەی‮ ‬دەڵێت‮:‬‮ ‬من لەم توێژینەوەیە لە هەر عەشیرەتێك چەند كەسێكم هەڵبژاردووە،‮ ‬كە كۆی‮ ‬گشتیان‮ ‬40‮ ‬كەس بوونەو قسەم لەگەڵ كردوون،‮ ‬تەنانەت لەگەڵ عەشیرەتەكانی‮ ‬دەوروبەری‮ ‬ئەوانیش قسەم كردووە،‮ ‬خوودی‮ ‬بارزانییەكان كۆنفدراسیۆنی‮ ‬عەشیرەتن،‮ ‬ئەوان ناوچەی‮ ‬جوگرافی‮ ‬خۆیان هەیە و بریتین لە حەوت عەشیرەت،‮ ‬كە‮ (‬دۆلەمەری‮ ‬و شێروانی‮ ‬و بەڕۆژی‮ ‬و گەردی‮ ‬و هەركی‮ ‬بنەجی‮ ‬و نزاری‮)‬ـن،‮ ‬من لەگەڵ‮ ‬40‮ ‬كەس قسەم كردووە لەو تێزەمدا،‮ ‬تەنهاش بارزانییەكان نەبوون كە قسەم لەگەڵ كردوون،‮ ‬بەڵكو لەگەڵ ئەو عەشیرەتانەش قسەم كردووە،‮ ‬كە دراوسێ و هاوسنوورن لەگەڵ دەڤەری‮ ‬بارزان‮.‬
د‮. ‬حەبیب روونكردنەوەی‮ ‬زیاتر لەبارەی‮ ‬میللەتی‮ ‬بارزان دەدات و دەڵێت‮:‬‮ ‬خاڵی‮ ‬جیاكەرەوە لەنێو عەشیرەتەكانی‮ ‬بارزان نییە،‮ ‬رەنگە هەندێك وردە كەلتووریان هەبێت جیایانبكاتەوە،‮ ‬بەڵام بەگشتی‮ ‬هەموویان پابەندی‮ ‬بنەماكانی‮ ‬تەكییەی‮ ‬بارزان بوونە و زۆربەی‮ ‬بارزانییەكان موسوڵمانی‮ ‬سوننەی‮ ‬شافعی‮ ‬مەزهەبن لەسەر تەریقەتی‮ ‬نەقشبەندی‮ ‬و بەشێكیش مەسیحین،‮ ‬كە ئەوانیش هەمان مامەڵە و رەفتاریان لەسەر بنەمای‮ (‬برایەتی‮ ‬و دادپەروەری‮) ‬لەگەڵ كراوە،‮ ‬سەبارەت بە دابونەریت و مێژووی‮ ‬ئەو دەڤەرە من بە تایبەتی‮ ‬ئیشم لەسەر سەردەمی‮ ‬شێخ ئەحمەدی‮ ‬بارزانی‮ ‬و بەگشتیش ئیشم لەسەر چاكسازی‮ ‬شێخەكانی‮ ‬بارزان كردووە‮. ‬بارزانییەكان هەمان دابونەریتی‮ ‬رەسەنی‮ ‬كوردەوارییان هەبووە و تایبەتمەندی‮ ‬خۆیشیان لەوەدا بینیووەتەوە كە چاكسازییان كردووە لەبارەی‮ ‬مافەكانی‮ ‬ئافرەت لە پرۆسەی‮ ‬هاوسەرگیری‮ ‬و هەروەها بارودۆخی‮ ‬ژینگە و كاروباری‮ ‬ئابووری‮ ‬و سیستەمی‮ ‬دادوەری‮ ‬و پرسە كۆمەڵایەتییەكان‮. ‬یەكێك لە تایبەتمەندییە زۆر گرنگەكانی‮ ‬شێخەكانی‮ ‬بارزان ئەوەبووە هێزیان بەكار نەهێناوە،‮ ‬بەڵكو خەڵك خۆی‮ ‬هاتووە و پابەندی‮ ‬ئەو چاكسازییانە بووە‮. ‬
ژینگە و ژینگەپارێزیی‮ ‬كە لەم سەردەمەی‮ ‬ئێستادا لە جیهان بەگشتی‮ ‬بایەخ و گرنگی‮ ‬خۆی‮ ‬پێ دەدرێت،‮ ‬تەوەرێكی‮ ‬دیكەی‮ ‬دیدارەكەمانە لەگەڵ د‮. ‬حەبیب مستەفا،‮ ‬بەو پێیەش كە لە كوردستان دەڤەری‮ ‬بارزان بە ژینگەپارێزیی‮ ‬و ناوچەی‮ ‬پارێزراوە سرووشتییەكان ناسراوەو لە تێزی‮ ‬دكتۆرانامەكەی‮ ‬ئەویشدا رەنگی‮ ‬داوەتەوە،‮ ‬ناوبراو دەڵێت‮:‬‮ ‬خوودی‮ ‬ژینگەپارێزی‮ ‬تایبەتمەندی‮ ‬هەموو كوردە،‮ ‬هەموو كورد حەزی‮ ‬لە چاندنی‮ ‬دارو درەخت هەیە،‮ ‬تۆ سەیركە دەچیتە هەر ماڵێك لە گوندەكان دارێك‮ ‬یان رەیحانەیان چاندووە،‮ ‬هەموو ماڵێك ناوی‮ ‬منداڵەكانیان بە ناوی‮ ‬شاخ و چیاكان ناوناوە،‮ ‬لەدونیای‮ ‬سیاسەتی‮ ‬كوردیش گوتراوە كورد و چیا دۆستی‮ ‬یەكترن،‮ ‬واتا كورد بەگشتی‮ ‬ژینگەپارێزبووە،‮ ‬ئەوەی‮ ‬لەناوچەی‮ ‬بارزان دەبینرێت بەهادانە بەو دابونەریتە ژینگەپارێزییە و پێشخستن و رێكخستنیەتی،‮ ‬ئەوەیش لەچوارچێوەی‮ ‬رێنمایی‮ ‬شێخەكانی‮ ‬بارزان بووە،‮ ‬پرسی‮ ‬ژینگەپارێزی‮ ‬وەك لە تێزەكەمدا ئاماژەم پێكردووە لەسەردەمی‮ ‬شێخ محەمەدی‮ ‬بارزانی‮ ‬لەچوارچێوەی‮ ‬رێنمایی‮ ‬بووەو شێخ عەبدولسەلامی‮ ‬بارزانیش درێژەی‮ ‬پێداوە و لەسەردەمی‮ ‬شێخ ئەحمەدی‮ ‬بارزانیش ئەو رێنماییانە لەشێوەی‮ ‬فەرمان دەبێت و بۆ میللەتەكە پابەندكاربوون و سەرپێچیكاریش سزای‮ ‬بۆ دانراوە،‮ ‬بە واتایەكی‮ ‬دیكەش دەتوانم بڵێم ئەو چاكسازییانە بە قۆناغ‮ ‬بووە‮.‬
سەرۆكی‮ ‬بنەماڵە و سەرۆكی‮ ‬خانەوادە،‮ ‬كە هەریەكەیان پێگە و پێناسە و ئەرك و گرنگی‮ ‬خۆیان هەیە،‮ ‬لە پرسە كۆمەڵایەتییەكان چۆن بڕیاریان داوەو پەیڕەوی‮ ‬ئەو بنەمایانەیان كردووە كە تەكیە و شێخەكانی‮ ‬بارزان دایانناوە؟ تەوەرێكی‮ ‬دیكەمان بوو لەو دیدارەدا،‮ ‬د‮. ‬حەبیب مستەفا دەڵێت‮:‬‮ ‬ئێمە دەزانین عەشیرەتی‮ ‬كوردی‮ ‬وەك دەوڵەت بەڕێوە دەچێت،‮ ‬لە دەوڵەتدا هەر‮ ‬یەكەیەكی‮ ‬ئیداری‮ ‬ئەرك و فەرمانی‮ ‬خۆی‮ ‬هەیە وەك پارێزگاو قائیمقامیەت و ناحیە و گوند و‮ …‬هتد،‮ ‬لە ناوچەی‮ ‬بارزانیش دوای‮ ‬تەكیە گوند هەبووە،‮ ‬لەناو گوندیش بنەماڵە و ریشسپی‮ ‬و موختار هەبووە،‮ ‬بەڵام ئەو عەشیرەتانەی‮ ‬لەناو میللەتی‮ ‬بارزان هەن ئاغایان نەبووە،‮ ‬بەڵكو گوند هەبووە،‮ ‬لەناو گوندیش چەندین بنەماڵە هەبووە،‮ ‬كە خزمایەتی‮ ‬و هاوخوێنی‮ ‬لەنێوانیان هەبووە،‮ ‬ئەوانە هەریەكەیان بەپێی‮ ‬دەسەڵاتەكانی‮ ‬خۆیان ئەركیان هەبووە و ژیان و گوزەرانی‮ ‬خۆیان و خەڵكی‮ ‬ناوچە و گوند و خانەوادەكانیان بەڕێوەبردووە و بڕیاریان لە پەیوەندییە ناوخۆییەكانی‮ ‬خۆیان داوە،‮ ‬سەبارەت بە تەكیەی‮ ‬بارزان و شێخەكانی‮ ‬بارزان،‮ ‬ئەوان رۆڵی‮ ‬بەرچاوی‮ ‬خۆیان لە ژیانی‮ ‬تاك هەبووە،‮ ‬بۆ نموونە كاری‮ ‬هەرەوەزیی‮ ‬یان ئەوەی‮ ‬لەناو كوردەواری‮ ‬پێی‮ ‬دەگوترێت‮ (‬زبارە‮) ‬ئەوەیان زۆر ئاسانكاری‮ ‬بۆ ژیانی‮ ‬خەڵكەكە كردووە و زۆریش باوبووە،‮ ‬لەراستیشدا سوودێكی‮ ‬باشی‮ ‬هەبووە بۆ سەرجەم دانیشتووانی‮ ‬ئەو ناوچانە،‮ ‬لەدیدی‮ ‬شێخی‮ ‬بارزان زبارە هۆكارێك بووە بۆ پەرەپێدانی‮ ‬یەكڕیزیی‮ ‬كۆمەڵگا و هۆكارێكیش بووە بۆ ئەوەی‮ ‬خەڵكی‮ ‬هەژار سوودی‮ ‬لێوەرگرێت‮.‬
بەریەككەوتن و دژبەیەكبوونی‮ ‬نێوان دابونەریت لەگەڵ‮ ‬یاسا و بنەما ئایینییەكان بەشێكی‮ ‬دیكەی‮ ‬گفتوگۆكەمان بوو لەگەڵ د‮. ‬حەبیب مستەفا،‮ ‬ئێمە دەپرسین شێخەكانی‮ ‬بارزان چۆن گونجاندنیان لەنێوان دابونەریت و‮ ‬یاسا و بنەما ئایینییەكان كردووەو نموونەیش لەسەر ئەوە چییە؟ ئەو دەڵێت‮: ‬راستییەكەی‮ ‬چاكسازی‮ ‬و رێنمایی‮ ‬شێخەكانی‮ ‬بارزان هەموویان بەرگێكی‮ ‬ئایینیان هەبووە و كوردبوونیشیان پاراستووە،‮ ‬لەهەمان كاتیشدا لە چوارچێوەی‮ ‬دابونەریتی‮ ‬كوردبووە،‮ ‬ئەگەر سەیری‮ ‬رەوایەتی‮ ‬شێخەكانی‮ ‬بارزان بكەین،‮ ‬دەبینین ئەوان مرۆڤی‮ ‬چاكسازیخوازی‮ ‬ئایینی‮ ‬بوونە،‮ ‬بۆ نموونەش رێگرییان لە هاوسەرگیری‮ ‬گەورە بە بچووك كردووە،‮ ‬چونكە بچووكەكە توانای‮ ‬بڕیاردانی‮ ‬نەبووە،‮ ‬كە ئەوە لەروانگەی‮ ‬شەرعیشەوە هەر جائیز نەبووە،‮ ‬پەیوەندی‮ ‬نێوان شێخەكانی‮ ‬بارزان و خەڵكەكەیش وەهابووە كە تەواوی‮ ‬خەڵكەكە بەو رێنماییانە پایەندبوونە،‮ ‬بۆ نموونە هەموو خەڵكەكە لە مەسەلەی‮ ‬هاوسەرگیری‮ ‬و ئافرەتدا پابەندبوونە،‮ ‬من لە تێزەكەم هیچ حاڵەتێكی‮ ‬پابەندنەبوونم بەدی‮ ‬نەكردووە،‮ ‬ئەگەر سەرپێچیش هەبووبێت لەبواری‮ ‬ژینگەبووە،‮ ‬رەنگە كەسێك سەرپێچی‮ ‬لە راوكردن كردبێت،‮ ‬بەڵام لەبەرانبەردا چەك كراوە و ئەوەیش سزاكەی‮ ‬بووە‮.‬
ئێمە دەپرسین چەمكی‮ ‬میللەت،‮ ‬زۆرجار هەمان پێناسەی‮ ‬خەڵك و هاووڵاتی‮ ‬و هاونیشتیمانی‮ ‬بۆ دەكرێت،‮ ‬بەپێی‮ ‬توێژینەوەكەی‮ ‬ئێوە ئەو چەمكە لەلایەن شێخەكانی‮ ‬بارزان خوێندنەوەو پێناسەی‮ ‬دیكەی‮ ‬بۆ كراوە،‮ ‬هاوكات لە دەڤەری‮ ‬بارزان مەسیحیش هەن خۆ ناكرێ هەمان بنەما شەرعییەكانی‮ ‬ئیسلام لەسەر ئەوانیش پەیڕەو بكرێت؟ شێخ چۆن توانیوویەتی‮ ‬بەڵانس لەنێوان بڕوا و قەناعەتی‮ ‬خۆی‮ ‬و رێككارە ئایینییەكانی‮ ‬ئەوان رابگرێت؟ د‮. ‬حەبیب مستەفا دەڵێت‮:‬‮ ‬شێخەكانی‮ ‬بارزان لەسەر بنەمای‮ ‬برایەتی‮ ‬و دادپەروەری‮ ‬رێنماییەكانیان بنیادناوە،‮ ‬خوودی‮ ‬چەمكی‮ ‬میللەت گوزارشت لە‮ ‬یەكسانی‮ ‬لەمافەكان دەكات،‮ ‬كە هەمووان‮ ‬یەك بیروباوەڕی‮ ‬ئایینی‮ ‬و نەتەوەییان هەیە،‮ ‬ئەوەیش بووەتە دەستپێكی‮ ‬بیركردنەوە لە سەربەخۆیی،‮ ‬هاوكات بیریان لەوەش كردۆتەوە كە خۆیان ژیان و گوزەرانی‮ ‬خۆیان بەڕێوەببەن و حەزێكیش بووە بۆ‮ ‬یەكڕیزیی‮ ‬نێوانیان،‮ ‬لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوچەی‮ ‬بارزان خەڵكی‮ ‬مەسیحیش هەن و ئەوانیش بە هەمانشێوە خۆیان بە میللەتی‮ ‬بارزان دادەنێن،‮ ‬راستە تەكیەی‮ ‬بارزان سرووشتێكی‮ ‬ئایینی‮ ‬هەبووە،‮ ‬بەڵام بە پشت بەستن بە بنەمای‮ ‬برایەتی‮ ‬و دادپەروەری‮ ‬رێزیان لە بیروباوەڕی‮ ‬ئەوانیش گرتووە و رێكارەكانی‮ ‬ژیانیان لەرووی‮ ‬هاوسەرگیری‮ ‬و جەژن و رێوڕەسمە ئایینەیكان بەپێی‮ ‬ئایین و بیروباوەڕی‮ ‬خۆیان بووە،‮ ‬لەرووی‮ ‬كۆمەڵایەتی‮ ‬و دابونەریت و چاكسازیشەوە هەر بەدرێژایی‮ ‬مێژوو شێخەكانی‮ ‬بارزان رێزیان لە بیروباوەڕی‮ ‬ئەوان گرتووە‮.‬
لە د‮. ‬حەبیب مستەفا دەپرسین،‮ ‬بەپێی‮ ‬خوێندنەوەی‮ ‬ئێمە بۆ پوختكراوەی‮ ‬تێزی‮ ‬دكتۆرانامەكەتان تەكیەی‮ ‬بارزان،‮ ‬ئەوەی‮ ‬بە ناوەندی‮ ‬دەسەڵاتی‮ ‬شێخ ناوتان بردووە و دەشكرێ بە لووتكەی‮ ‬هەڕەمەكە پێناسە بكرێت،‮ ‬دوو ئەركی‮ ‬هەبووە،‮ ‬ئەركی‮ ‬ئایینی‮ ‬و ئەركی‮ ‬جێبەجێكردنی‮ ‬رێنماییەكانی‮ ‬شێخ،‮ ‬بەڵام دەسەڵاتی‮ ‬جێبەجێكار كێ بوون؟ ئایا دامەزراوەیەك‮ ‬یان كەسانێكی‮ ‬دیاریكراو هەبوون ئەو رێنمایی‮ ‬و فەرمایشتانەی‮ ‬شێخ ببەنە واری‮ ‬جێبەجێكردن؟ د‮. ‬حەبیب مستەفا دەڵێت‮:‬‮ ‬من لە تێزەكەم ئەوەم روونكردۆتەوە،‮ ‬كە رێنمایی‮ ‬و چاكسازییەكانی‮ ‬تەكیەی‮ ‬بارزان و شێخەكانی‮ ‬بارزان دوو لایەنی‮ ‬هەبووە،‮ ‬لایەنی‮ ‬ئایینی‮ ‬و خواناسی‮ ‬لەگەڵ لایەنی‮ ‬بەڕێوەبردنی‮ ‬ژیان و گوزەرانی‮ ‬خەڵك و میللەتەكە،‮ ‬میللەت پابەندی‮ ‬رێنمایی‮ ‬و فەرمانەكانی‮ ‬شێخ بووە،‮ ‬هەروەها وەكیلی‮ ‬شێخ و تەكیەی‮ ‬بارزان هەبووە،‮ ‬موختاریش هەبووە،‮ ‬كە لەلایەن خوالێخۆشبوو عوسمان بارزانی‮ ‬ـیەوە سەرپەرشتی‮ ‬كراوە،‮ ‬لەبەر ئەوەی‮ ‬ناوچەی‮ ‬بارزان ناوچەیەكی‮ ‬فراوانە و لەو سەردەمەشدا وەك ئێستا نەبووە ئامرازی‮ ‬پەیوەندی‮ ‬و ئۆتۆمبێل هەبێت،‮ ‬بەڵام ئەو وەكیلانە و لەرێگەی‮ ‬موختارەكانەوە رێنمایی‮ ‬و فەرمایشتەكانیان گەیاندووە بە تەواوی‮ ‬دانیشتووانی‮ ‬ناوچەكە و لە رێگەی‮ ‬نێردراو‮ (‬قاصد‮) ‬ئەو كارە كراوە،‮ ‬بەشێوەیەكی‮ ‬گشتی‮ ‬ریزبەندی‮ ‬و زنجیرەیەك هەبووە بۆ پەیوەندی‮ ‬نێوان تەكیە و شێخەكانی‮ ‬بارزان لەگەڵ میللەتی‮ ‬بارزان‮.‬
لە تەوەرێكی‮ ‬دیكەی‮ ‬تێزی‮ ‬دكتۆرانامەكەیدا د‮. ‬حەبیب مستەفا باسی‮ ‬چاكسازییەكانی‮ ‬كردووە كە بە قۆناغ‮ ‬بووە،‮ ‬بەتایبەت لەبواری‮ ‬ژینگە و ژیانی‮ ‬كۆمەڵایەتی،‮ ‬كە زۆریش هاوتەریب بوونە لەگەڵ بنەما شەرعییەكانی‮ ‬ئیسلام،‮ ‬ئێمە لێی‮ ‬دەپرسین‮: ‬ئایا لە دەرەنجامی‮ ‬توێژینەوەكەت ئەوەت دەرخستووە تاچەند میللەتی‮ ‬بارزان بەلایەوە ئاسایی‮ ‬بووە كە ئەو رێنماییەی‮ ‬لەسەر پەیڕەو بكرێت و پێیەوەش پایەند بێت؟ ئەو دەڵێت‮:‬‮ ‬لە چەمكی‮ ‬قۆناغ‮ ‬مەبەستم ئەوەیە كە رێنماییەكان بە قۆناغ‮ ‬بووەو لە هەر قۆناغێكدا بڕگە و چاكسازی‮ ‬زیاتر پەیڕەو كراوە،‮ ‬بۆ نموونە‮ ‬یەكەمینجار هەوڵدراوە ئافرەت خاوەنی‮ ‬بڕیار و رەزامەندبوونی‮ ‬خۆی‮ ‬بێت لە هاوسەرگیریكردندا،‮ ‬دواتریش لەرووی‮ ‬ژینگەییەوە بەهەمان شێوە راوكردن و كاتی‮ ‬چنینەوەی‮ ‬بەروبوومی‮ ‬سرووشتی‮ ‬بە قۆناغ‮ ‬بووە،‮ ‬ئافرەت بڕیاری‮ ‬لەچارەنووسی‮ ‬خۆی‮ ‬داوە و ئازادیش بووە،‮ ‬من وشەی‮ ‬ئازادی‮ ‬بەمانا رۆژئاواییەكەی‮ ‬بەكار ناهێنم،‮ ‬ئافرەت لە كۆندا لەناو كورد مافی‮ ‬كاركردنیشی‮ ‬هەبووە،‮ ‬لەناوچەی‮ ‬بارزانیش ئافرەت مافی‮ ‬سكاڵاكردنی‮ ‬هەبووە لە رێگەی‮ ‬خێزانی‮ ‬شێخەوە،‮ ‬كاتێكیش ئافرەت دەگاتە ئەو ئاستە ئاسان نییە بچەوسێندرێتەوە،‮ ‬هاوشانی‮ ‬پیاوانیش لەناوچەی‮ ‬بارزان ئافرەتیش بە هەمان شێوە شوێنكەوتەی‮ ‬تەكیە بووەو هەمان مافەكانی‮ ‬دەستەبەر كراوە،‮ ‬بۆیەش هیچ كات كێشە و گرفتیان نەبووە‮.‬
لە دوایین قسەكانی‮ ‬ئەو دیدارەیدا د‮. ‬حەبیب مستەفا سوپاس و پێزانینی‮ ‬خۆی‮ ‬ئاراستەی‮ ‬هەموو ئەو كەسانە دەكات كە هاوكاری‮ ‬بوون لە بەدەستهێنانی‮ ‬بڕوانامەكەیدا و دەڵێت‮:‬‮ ‬زۆر سوپاسی‮ ‬هاوكارییەكانی‮ ‬جەنابی‮ ‬كاك سیروان بارزانی‮ ‬دەكەم و زۆر سوپاسی‮ ‬د‮. ‬موسڵح مستەفا سەرۆكی‮ ‬زانكۆی‮ ‬سۆران دەكەم،‮ ‬ئەگەر هاندان و پشتگیرییەكانی‮ ‬ئەو نەبووایە نەمدەتوانی‮ ‬ئەو دكتۆرانامەیە بنووسم، هەروەها زۆر سوپاسی‮ ‬ئەو كەسانەیش دەكەم كە كاتی‮ ‬خۆیان بە مندا بۆ چاوپێكەوتنی‮ ‬مەیدانی‮ ‬لە بارزانییەكان و سورچی‮ ‬و زێبارییەكان،‮ ‬هاوكات زۆر سوپاسی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬فەرەنسا و نوێنەرایەتی‮ ‬حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان لە فەرەنسا و بەتایبەتیش كاك د‮. ‬عەلی‮ ‬دۆلەمەری‮ ‬نوێنەری‮ ‬حكوومەتی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان لە فەرەنسا دەكەم‮.‬