راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە رایگەیاند، جەخت لە سەر بنەماکانی یەکسانی و ئاشتی و پێکەوەژیان لە دەڤەرەکەدا دەکەینەوە و ئاواتەخوازین کۆتایی بە گشت ئەو نەهامەتیانە بهێنرێت کە، سالانێکە بەرۆکی گەلانی ناوچەکەی گرتووە.
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆم لە سەرجەم گەلی
کوردستان و گەلانی جیهان، بەتایبەتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە
قارەمانەکان دەکەم.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا گەلی کوردستان بە خۆراگریی و لەخۆبوردووییەوە
قەیرانی سەخت و گەورەی تێپەڕاند و لەو بڕوایەدام کە بە پاڵپشتیی ئەم گەلە
مەزنە بەرەو داهاتووەکی پرشنگدار و پڕ بەختەوەری و دەسکەوتی زیاتر هەنگاو
دەنێین. گەلەکەمان ویست و خواستی خۆی لە دوا هەڵبژاردنەکانی هەرێم نمایش
کرد، بۆیە داواکارم هەموو لایەک بە رێزگرتن لە دەنگ و ویستی خەلک، پەلە لە
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکەن، تاکو هەرچی زووتر خزمەتێکی شایستەتری
هاووڵاتیانی خۆشەویستمان بکرێت.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لە سەر بنەماکانی یەکسانی و ئاشتی و پێکەوەژیان لە
دەڤەرەکەدا دەکەینەوە و ئاواتەخوازین کۆتایی بە گشت ئەو نەهامەتیانە
بهێنرێت کە، سالانێکە بەرۆکی گەلانی ناوچەکەی گرتووە. دەستی هاوکاری و
ئاشتی بۆ هەموو لایەک لە سەر بنەمای دادپەروەی و رێزگرتنی دوولایەنە درێژ
دەکەینەوە و بە تایبەت لە عێراقدا خوازیارین بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و بە
ڕەچاوکردنی دەستوور، گشت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و
ئیتر لەمەولا، سەرمایە و سامان و تواناکانی ئەم وڵاتە بۆ خزمەتی خەلک و
پێشکەوتنی وڵات بەکار بخرێت.
لەم کاتوساتەدا دۆخی رۆژئاوای کوردستان نیگەرانی کردووین. خەریکە گەلی
کوردمان لە رۆژئاوای کوردستان بەرەوە چارەنووسێکی نادیار پەلکێش بکردرێت.
هیوادارین هەرچی زووتر بە گرتنەبەری هەنگاوی لۆجیکی و بە دانوستان و
رێگەچارەی ئاشتیانە ئەم مەترسیانە بڕەوێنرێتەوە.
بە هیوای ساڵێکی پڕ بەرهەم و دەسکەوت و ئاسوودەیی و بەختەوری بۆ هەموو لایەک.
مەسروور بارزانی
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٣١/١٢/٢٠١٨









