سەرۆك بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی لە پەیامیدا رایگەیاند، ئێستا گەلەكەمان لە قۆناغێكی تازەدایە و پێویستی بە پاراستنی دەستكەوتەكان و بەهێزبوون و بووژانەوەیە، ئەویش بۆ گەییشتن بە ئامانجە بەرزەكان و ئەو بەها باڵایانەی كە گەلەكەمان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە و قوربانی داوە. لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوویشدا گەلی كوردستان لە مومارەسەیەكی دیموكراتیانەدا ویستی خۆی بۆ گۆڕانكاری و كوردستانێكی بەهێز دووپاتكردەوە و پێویستە ئەو ویست و متمانەیەی گەل لە چوارچێوەی حكوومەتێكی كارا و بەهێزدا جێبەجێ بكرێت.
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی
شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی
قۆناغێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی ژیان و گوزەرانی خەڵك و بەدیهاتنی
سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بۆ گەلەكەمان.
بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و هەموو خەڵكی
كوردستان بكەم كە لە ساڵانی ڕابردوودا بە قوربانیدان و خۆڕاگری، لەبەرانبەر
هەڕەشەكان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستانەوە و دەنگی ڕەوا و ئاشتیخوازانەی
خۆیان بە هەموو جیهانیان گەیاند و، بەسەر پیلان و حەزی نەیارانیشدا
سەركەوتن.
ئێستا گەلەكەمان لە قۆناغێكی تازەدایە و پێویستی بە پاراستنی دەستكەوتەكان
و بەهێزبوون و بووژانەوەیە، ئەویش بۆ گەییشتن بە ئامانجە بەرزەكان و ئەو
بەها باڵایانەی كە گەلەكەمان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە و
قوربانی داوە. لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوویشدا گەلی كوردستان لە
مومارەسەیەكی دیموكراتیانەدا ویستی خۆی بۆ گۆڕانكاری و كوردستانێكی بەهێز
دووپاتكردەوە و پێویستە ئەو ویست و متمانەیەی گەل لە چوارچێوەی حكوومەتێكی
كارا و بەهێزدا جێبەجێ بكرێت.
بە درێژایی خەباتی خۆی گەلی كوردستان هەمیشە لایەنگری ڕێكاری ئاشتیانە و
دیالۆگ بووە و ئێستایش ئەوە دووپات دەكەینەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشە و
گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا بژاردەی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن دەگرینە بەر.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم كە لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا
نیگەرانیی خۆم ڕابگەیێنم، هیوادارم پێشهاتەكانی سووریا و ئەو گۆڕانكاریانەی
لەوێ لە ئارادان نەبنە هۆی ئازار و ئاوارەبوون و نەهامەتیی زیاتر بۆ گەلی
كورد لە سووریا. بە دڵنیاییەوە بوونی توندوتیژی و ئینكاركردن كێشەكان زۆر
لەوەی ئێستا هەیە قووڵتر دەكاتەوە.
پێویستە هەموو لایەك بە باشی لەوە بگات كە ناوچەكەمان چیتر بەرگەی ئەو
هەموو كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری و كەڵەگایی
ناگرێت و ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و
ئاساییش سنوورێك بۆ ئەو ناسەقامگیرییخوازییە دابنێت و چیتر لەمە زیاتر
گەلانی ناوچەكە و خەڵكی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانكاری نەبن و ئازار
نەدرێن.
لەساڵی تازەدا بەهیوای ئەوەی ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و، ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان دەخوازم.
مەسعوود بارزانی
31ـی 12ـی 2018









