دڵشاد مستەفا وەسانی
داستانی پردێ كە لە 20 ئۆكتۆبەری2017 بە خوێنی ژمارەیەك پێشمەرگە تۆمار كرا، چەند پەیامێكی بە گوێی كورد و حزبە كوردستانییەكان و عێراق و ناوچەكە و هێزە جیهانییەكان دا، دەكرێ هەندێ لەو پەیامانەی داستانی پردێ لەم خاڵانەی خوارەوەدا كورت بكەینەوە.
1- یەكەم پەیام دووپاتكردنەوەی گیانی بەرگری و وەستانەوە بەرووی داگیركەر و دوژمن و پیلانگێڕان بوو، جارێكی دی ئەو حەماسەی خەڵكی كوردستان بە گشتی و خەڵكی كەركووك لە رۆژانی پێش 16ی ئۆكتۆبەر هەیان بوو نوێكردەوە.
2- داستانی پردێ سەلماندی، ئەو شاڵاوە ناوخۆییەی لە 16ی ئۆكتۆبەر و دوو رۆژی دواتر تا20 ئۆكتۆبەر، دژی پێشمەرگە بەرپاكرا، بەوەی 16ی ئۆكتۆبەر خیانەت نەبووە، بەڵكو ناهاوتایی هێزەكان و كەمتوانایی و خۆڕانەگریی پێشمەرگە هۆكار بوو، داستانی پردێ سەلماندی كە ئەو درۆیە بۆ شاردنەوەی خیانەت بوو، شاڵاوی راگەیاندن و هەوڵی شاردنەوەی خیانەت، هەندێ فەرماندەی بە دوو روو پیشان دا، چونكە شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆكتۆبەر، ژمارەیەك فەرماندەی پێشمەرگە راستەوخۆ لە سەنگەری پێشمەرگەوە، لە رێی شاشەی تی ڤییەكانەوە دەیانگوت ئێمە لە سەنگەرین و ئامادەكاریی تەواومان كردووە و هیچ هێزێك ناتوانێ بێتە پێشەوە، بەڵام دوو رۆژ دواتر سەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ناچاریان كردن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بڵێن شەڕەكە لە توانای پێشمەرگەدا نەبوو، هەبوو دەیگوت شەڕی دەبابەی ئەبرامز ناكرێ، كەچی پێشمەرگە لە پردێ ئەبرامزی تێكشكاند.
3- ئەو پیلانەی پووچەڵكردەوە كە بەنیازی نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بوو، پیلانێك كە هێزی ناوخۆ زەمینەی بۆ خۆشكرد، بۆ ئەوەی هیچ هێزێك خۆی بە خاوەنی ئەو دۆخە شڵەژاو و ئاییندەی كوردستان نەزانێ، هەرچەندە فەرمان بەپێشمەرگە یەكێتی كرا لە هیچ بەرەیەكی شەڕ نەمێننەوە، بەو هۆیەشەوە تەنیا پێشمەرگەی پارتی لە مەیدان مایەوە، سەرۆك بارزانی خاوەندارییەتی دۆخەكەی كرد.
4- لە یەككاتدا بە هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانی گوت: ئەگەر عێراق و دەوڵەتە ئیقلیمییەكان گەمارۆی زیاتریش بسەپێنن و هێزە نێودەوڵەتییەكانیش لێی بێ دەنگ بن، پێشمەرگە بە دروشمی كوردستان یان نەمان لە مەیدان دەمێنێتەوە.
5- ئەگەر پێشمەرگە بەرگریی نەكردبایە و هەموو شوێنێك گیرابا، دەبووە واقیعێكی نوێ، بۆیە داستانی پردێ، ئەمەریكاشی هێنایەوە سەر خەت، هەر ئەو رۆژە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەیاننامەیەكی دەركرد، تیادا بە حكوومەتی عێراقی گوت ئەم دۆخە ئەوە ناگەیەنێ ناوچە كێشەلەسەرەكان هەر لەلایەن عێراقەوە بەڕێوە ببرێن، دواتر بە حزبەكانی گوت حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەرعیەتی هەیە و پێویستە هەموو لایەنەكان پشتیوانی لێبكەن.
داستانی پردێ پەیامێك بوو بۆ لایەنی عێراقی و ناوخۆیی كە پەند لە مێژوو وەربگرن، رابردوو پڕە لەو جۆرە پیلانانە دژی كورد و شۆڕشەكانی، بەڵام كورد ماوەتەوە و شۆڕش و بەرخودان و گرتنەبەری رێگەی راستەقینەی تێكۆشان هەر بە بەردەوامی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، داستانی پردێ سەلماندی ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر رووی دا خیانەت بوو، نەك لاوازیی پێشمەرگە.










