خهبات: دلێر ئیبراهیم - هەولێر
فۆتۆ: محەمەد ئیسماعیل
شەممە 8/12/2018 شاندێكی راگەیاندكاران و رۆژنامەنووسانی بەسڕە كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك لە دەزگا راگەیاندنەكانی بەسڕە، رۆژنامەی خەباتیان بەسەركردەوەو لەلایەن سەرنووسەری خەبات سەلام عەبدوڵڵاو بەڕێوەبەری نووسین دڵشاد مستەفا وەسانی و كارمەندانی رۆژنامەكە پێشوازیان لێكرا. شاندەكە بەشەكانی رۆژنامەكەیان بەسەركردەوەو لەنزیكەوە بە ئاستی پێشكەوتنی رۆژنامەی خەبات و شێوازی كاركردنی ئاشنابوون.
محەمەد جەواد دەخیلی سەرۆكی شاندەكەو بەرپرسی دەزگاو رۆژنامەی (الاضواء)ی بەسڕە، خۆشحاڵی خۆی دەبڕی بۆ پەیوەندی لەمێژینەی نێوان شاری بەسڕەو گەلی كوردستان. ئاماژەی بۆ پێشوازی گەرمی جەماوەری شاری بەسرە لە بارزانی نەمرو هەڤاڵانی كرد لە كاتی گەڕانەوەیان لە رێگەی بەسڕەوە بۆ كوردستان. هەروەها دووپاتیكردەوە لە قۆناغە جیاجیاكاندا دۆستایەتی خەڵكی بەسڕەو گەلی كوردستان هەمیشە پتەو بووە، هەروەهاش دەمێنێتەوە.
لەبەرامبەریشدا سەرنووسەری خەبات خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانەی شاندەكەی بەسڕە دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندی نێوان هەردوو رۆژنامەی خەبات و (الاضواء) ی بەسڕە پتەوتر بكرێت، بەتایبەتیش كە رۆژنامەكە بەنیازە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەشی كوردی چاپ بكات كە لەسەرتاسەری عێراقی فیدڕاڵدا بڵاودەكرێتەوە.











