سهرهتا چاوپێكهوتن بازاڕەکان جممەیان دێت.. هاووڵاتیان ڕوو لە کڕینی کەرەستە و قاپوقاچاغی فافۆن دەکەن
فافۆنفرۆشێك: خاوەن چێشتخانە گەورەکان بۆیان دەرکەوت تەنیا فافۆنە تێکناچێت و ڕەنگەکەی ناگۆڕێت
خەبات: تریفە ئازاد:- لە نێو قەرەباڵغی و جووڵەی بەردەوامی بازاڕە میللییەکاندا، لەو کۆڵان و دووکانانەی کە دەیان ساڵە بە دەنگی لێکدانی قاپوقاچاغ و بریقەی کانزا سپییەکان ناسراون، ئەمڕۆ دیمەنێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش بەدی دەکرێت. دوای چەندین ساڵ لە باڵادەستیی کەرەستە مۆدێرنەکانی وەک تیڤاڵ، گرانیت، سیرامیک و ستیل لە نێو چێشتخانەی ماڵان و چێشتخانە بازرگانییەکاندا، جارێکی دیکە شەپۆلێکی بەهێزی گەڕانەوە بۆ کەرەستە و پێداویستییەکانی فافۆن دەستی پێکردووەتەوە. ئێستا نەک تەنیا بەتەمەنەکان، بەڵکوو نەوەی نوێی کابانانی ماڵ و خاوەن چێشتخانە گەورەکانیش بە دوای ئەو مەنجەڵ و قاپ و کەوچکانەدا دەگەڕێن کە لە فافۆن دروست کراون، بەو باوەڕەی کە تامی ڕەسەنی خواردن و تەمەندرێژیی کەرەستەکان تەنیا لەم کانزا دێرینەدا بەدی دێت.
بازاڕەکان جممەیان دێت لە کڕیارانی فافۆن
کاتێک سەردانی ئەو دووکانانە دەکەیت کە تایبەتن بە فرۆشتنی کەرەستەی چێشتخانە، بە ڕوونی هەست بەوە دەکەیت کە ڕەفەکانی فافۆن بوونەتەوە بە جێگەی سەرنجی سەرەکیی کڕیاران. لە مەنجەڵە قەبارە گەورەکانەوە کە بۆ ئامادەکردنی خواردنی بۆنە و میواندارییە گەورەکان بەکاردێن، تا دەگاتە مەنجەڵی بچووک، سینی، قاپ، کەوچک و کەرەستە وردەکانی دیکەی ناو چێشتخانە، هەموویان جارێکی دیکە بوونەتەوە بە بژاردەی یەکەمی خێزانەکان.
محەمەد خۆشناو، خاوەنی یەکێک لە دووکانە دێرینەکانی فرۆشتنی کەلوپەلی خواردن دروستکردنە و ماوەی ٣٥ ساڵە لەم پیشەیەدا کار دەکات و ئەزموونێکی دوورودرێژی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی خواستی بازاڕدا هەیە. لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات باس لەم گۆڕانکارییە بەرچاوە دەکات و دەڵێت: خەڵکی ئێستا، بە تایبەتی خانمان، گەڕاونەتەوە دۆخی ساڵانی زوو بۆ کڕینی فافۆن لە مەنجەڵ و قاپ و پێداویستییەکانی دیکەی خواردن دروستکردن. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە نیکڵ و ستیلدا خواردن ئامادە دەکرێت، بەڵام تامەکەی وەک پێویست خۆش نییە، چونکە ستیل لە ماددەی زبر دروست دەکرێت، بەڵام فافۆن تەندروستە و تامی خواردنەکە وەک خۆی دەهێڵێتەوە.
محەمەد خۆشناو ئاماژە بەوەش دەکات کە تەنیا ماڵان نین ڕوویان لەم کەرەستانە کردووەتەوە، بەڵکوو خاوەن چێشتخانە گەورە و بەناوبانگەکانیش گەیشتوونەتە هەمان قەناعەت. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا بۆ خەبات گوتی: ئێستا خەڵکێکی زۆر لە خانمان و خاوەن چێشتخانە گەورەکان ڕوو لە بازاڕ دەکەن بۆ کڕینی مەنجەڵ، قاپ، کەوچک و پێداویستییەکانی دیکەی فافۆن، چونکە پاش ئەو هەموو ساڵە بۆیان دەرکەوت کە تەنیا فافۆنە تێکناچێت و ڕەنگەکەی ناگۆڕێت. لە بەرامبەردا جۆرەکانی تیڤاڵ هەن کە دروست دەکرێن، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم ناوەکەی هەمووی بۆیاخ و ڕووپۆشەکەی هەڵدەدات و تێکدەچێت، ئەمەش خواردن لە ناویدا خراپ و زیانبەخش دەکات، هەروەها نیکڵیش دوای ماوەیەک تێکدەچێت و ڕەش دەبێت.
تام، تەندروستی و تێچووی ئابووری لە تەرازووی کاباناندا
شارەزایانی بواری خواردن دروستکردن و چێشتلێنەرە بەئەزموونەکان هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە جۆری مەنجەڵ و قاپ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە چۆنیەتی کوڵان و بەخشینی تامی تایبەت بە خواردنە کوردەوارییەکان، بە تایبەتی خواردنەکانی وەک دۆڵمە، بریانی، شلە جۆراوجۆرەکان و برنج. کانزای فافۆن بەوە ناسراوە کە گەرمی بە شێوەیەکی یەکسان بە هەموو بەشەکانی مەنجەڵەکەدا دابەش دەکات، ئەمەش وا دەکات خواردنەکە بە هێمنی و بەبێ سووتان یان پێوەنووسان پێبگات.
لە لایەکی دیکەوە، پرسی تەندروستی و زیانە داراییەکانی کڕینی بەردەوامی کەرەستەی نوێ، هۆکارێکی دیکەی گرنگن کە وایکردووە خێزانەکان پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیاندا بکەن. زۆربەی ئەو مەنجەڵە ڕووپۆشکراوانەی کە لە بازاڕەکاندا بە ناوی جیاوازەوە دەفرۆشرێن، دوای چەند مانگێک لە بەکارهێنان ڕووپۆشەکەیان دەڕووشێت و تێکەڵ بە خواردن دەبێت، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتیان دروست کردووە و ناچاری کردوون ساڵانە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ کڕینی سێتێکی نوێ خەرج بکەنەوە.
ئەزموونی بیست ساڵەی کابانێکی ماڵ
لە نێو دووکانەکەی محەمەد خۆشناودا، چەندین خانم سەرقاڵی هەڵبژاردن و تاقیکردنەوەی ئەستووری و قەبارەی مەنجەڵە فافۆنەکان بوون. یەکێک لەو کڕیارانە خانمێک بوو بە ناوی زەینەب ئەحمەد، کە بە وردی سەیری مەنجەڵەکانی دەکرد تا دەستەیەکی تەواو بۆ چێشتخانەکەی بکڕێت.
زەینەب ئەحمەد لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات باسی لە ئەزموونی تاڵی خۆی لەگەڵ کەرەستە مۆدێرنەکان و هۆکاری بڕیارەکەی کرد و گوتی: من زیاتر لە بیست ساڵە چەندین جۆرە مەنجەڵی نیکڵ و تیڤاڵم بەکار هێناوە، بەڵام هەموویان دوای ماوەیەک تێکچوون. ساڵانە ناچار دەبووم دەستەیەکی تایبەت و گرانبەها بکڕم، کەچی ئەوانیش هەر تێکدەچوون و سوودیان نەدەما.
ئەو خانمە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە جیاوازییە گەورەکەی فافۆن کرد کە بە چاوی خۆی لە ماڵەکەیدا ئەزموونی کردووە و گوتی: لە پاڵ ئەو هەموو مەنجەڵەدا، چەند مەنجەڵێکی بچووکم هەبوو کە لە فافۆن دروست کرابوون، بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە هیچ تێکنەچوون و وەک خۆیان مانەوە. هەر بۆیە بڕیارم دا هەموو مەنجەڵەکانی خواردن ئامادەکردنم بکەم بە فافۆن، چونکە هەم بۆ تەمەندرێژی و ئابووریی ماڵ باشترە، هەم لە ڕووی تەندروستیشەوە زۆر باشتر و سەلامەتترە.
کەرەستەیەک کە نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە
ئەم گەڕانەوەیەی هاووڵاتیان بۆ بەکارهێنانی فافۆن، تەنیا دیاردەیەکی کاتیی بازاڕ نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی هۆشیارییەکی نوێیە لە نێو کۆمەڵگەدا؛ هۆشیارییەک کە پێمان دەڵێت هەموو نوێگەرییەک مەرج نییە جێگرەوەیەکی باشتر بێت بۆ ئەو شتانەی کە بە درێژایی چەندین نەوە تاقیکراونەتەوە و سەلمێنراون. مەنجەڵ و کەرەستەی فافۆن کە جاران بەشێکی دانەبڕاو بوون لە کلتوور و ژیانی ڕۆژانەی خێزانی کوردی و لە دایکەوە بۆ کچ دەمانەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە پێگەی شایستەی خۆیان لە نێو چێشتخانەکاندا وەرگرتووەتەوە و بوونەتەوە بە هێمای تامی ڕەسەن، خۆڕاگری و متمانە.