سهرهتا وتار کورد لە نێوان سەرەڕۆیی بەغدا و یەکڕیزیی ناوخۆدا
عارف ڕوشدی
گوتە بەناوبانگەکەی عەرەب، (کلمە حق، یراد بها الباگل)، بە تەواوی لەگەڵ ئەو ئاڕاستە و بڕیارانەدا یەکدەگرێتەوە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، دەردەکرێن. پێموانییە ناوبراو لە بەندەکانی دەستوور بێئاگا بێت یان نەزانێت کە سیستەمی سیاسیی وڵات سیستەمێکی فیدڕاڵییە و لەسەر بنەمای هاوبەشی و سازان دامەزراوە، بەڵکوو ڕاستییەکەی لە باوەڕنەبوون و پابەندنەبوونی کردارییە بە دەستوور و بنەماکانی سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراقدا.
ئەگەر دید و تێڕوانینی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق بە وردی شیکاری بکرێت، دەردەکەوێت کە سەرەڕای ئەوەی سەر بە پێکهاتەی شیعەیە، هەڵگری هزرێکی نەتەوەیی عروبیی توندڕەوە.
ناوبراو لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی گوتاری نەتەوەیییەوە ڕای گشتیی عەرەبیی عێراق بە خۆی ئاشنا بکات و پێگەی خۆی جێگیر بکات. دووریش نییە لەلایەن هەندێک وڵاتەوە ئامۆژگاری کرابێت لەو ئاراستەیەدا هەنگاو بنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی گوتاری ئاشكرای تائیفی و شیعەگەرایی ڕووبەڕووی کێشە و پاشەکشە بووەوە، تا لەو ڕێگەیەوە وەک فریادڕەس و کارەکتەرێکی بەهێز خۆی نمایش بکات. پێدەچێت لەم هەوڵەشدا هەندێک هەنگاوی دادوەری و یاسایی وەک ئامراز یان هاوکار بەکار بهێنرێن. تا ڕادەیەکیش هێزە شیعییەکان لەم ئاراستەیەدا هاوڕا یان بێدەنگ بن، چونکە وا دەردەکەوێت دڵنیاییان پێدرابێت کە لە کۆتاییدا باڵادەستی و هەژموونی ئەوان پارێزراو دەبێت.
لە بەرانبەردا هەرێمی کوردستان داینەمۆی سەرەکیی سەرپێخستن و دامەزراندنەوەی حکوومەتی عێراق بوو دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو. قوربانی و هەڵوێستی زۆری بۆ سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی دا، بەڵام بەداخەوە بەشێک لەو هێز و کەسایەتییە سیاسییانەی تا دوێنێ لە هەرێمی کوردستان میوان و حەساوە بوون، ئەمڕۆ ڕێزی ئەو هەڵوێست و جوامێرییە ناگرن. خواستی ڕاستەقینەی کورد ئەوەیە حکومڕانانی بەغدا لەو بیرتەسکی و ناوەندگەراییە ڕزگاریان ببێت و دەستوور بکرێتە بڕیاردەری یەکلاکەرەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا. بە پێچەوانەوە، هەر سەرەڕۆیی و پشتگوێخستنێکی دەستوور، دەرەنجامەکەی بۆ هیچ لایەک باش نابێت و سەقامگیریی هەموو وڵات دەخاتە مەترسییەوە.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، گرنگترین شت بۆ هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە هاوکێشە سیاسی و هەرێمییەکان بە وریایی و وردبینییەوە بخوێننەوە.
لەو پێناوەشدا، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و مەینەتییەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی مافە ڕەواکانی هەرێم، پێویستە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلابنرێن. هەر وەک لە پەیامە فەرمییەکاندا جەختی لێ کراوەتەوە، دەبێت بەردەوامیی بدرێت بە هاودەنگی و یەکهەڵوێستی، بەتایبەتی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تا کورد بە یەکگرتوویی بەرگری لە پێگە و مافە دەستوورییەکانی بکات.