سەدیق سەعید ڕواندزی
هەر سەرۆکوەزیرانێک لە عێراق بە پاڵپشتیی کورد لە بەغدا دەسەڵاتی وەرگرتبێت، بەداخەوە دوای ماوەیەک لە بەشێکی زۆری ئەو بەڵێن و پەیمانانە پاشگەز بووەتەوە کە بەرامبەر هەرێمی کوردستان داویەتی. ئەمە تەنیا ڕێکەوت یان لێکتێنەگەیشتنی کاتی نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ درێژەدان بە هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرتەسککردنەوەی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی.
کێشەکە تەنیا بە پرسی نەوت، دەروازە سنوورییەکان یان کێشە تەکنیکی و کارگێڕییەکانەوە سنووردار نییە؛ حکوومەتی فیدراڵی دەتوانێت لە ڕێگەی میکانیزمە دەستووری و هاوبەشەکانەوە چارەسەری ئەو بابەتانە بکات، بەڵام بڕیار و ڕێکارە تاکڕەوییەکانی بەغدا و هەڵوێستەکانی زەیدی، زۆرجار وەک هەوڵێک دەردەکەون بۆ تێپەڕاندنی بنەماکانی فیدرالیزم و هاوبەشی لە حوکمڕانیدا.
بۆیە هەر کەسێک وا بیر بکاتەوە کە ئەو گوشار و ڕێکارانەی بەغدا تەنیا دژی حیزبێک یان دوو حیزبن، بە هەڵەدا چووە و درکی تەواوی بەو ئاڵنگارییە ناکات کە ڕووبەڕووی کۆی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە. هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووری و یاسایییە و ماڵی هەموومانە؛ مۆڵکی هیچ کەس و لایەنێکی سیاسیی نییە.
ئەگەر لە ناوخۆدا ڕەخنە، قەیران یان کەموکورتی هەبن، ئەوە بە مانای ئەوە نایەت کە دەستبەرداری پاراستنی ماف و قەوارەی هەرێم بین یان پێشوازی لە بڕیارە مەرکەزییە تاکڕەوییەکان بکەین. ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان هەزار شەهید و پێشمەرگەی قارەمانە؛ بەرهەمی خوێنی هەموو کوردێکە بەبێ جیاوازیی ڕەنگ و بیروبۆچوون کە لە پێناو ئەم ئەزموونەدا ڕژاوە و هەموو ئەو قوربانیانەی لەپێناو ئازادی و پاراستنی کەرامەت و بوونی گەلەکەماندا دراوە.
لە مێژووی عێراقدا، بەتایبەت بۆ نەوەکانی بەر لە ڕاپەڕین، ئەزموونی تاکڕەوی و سەپاندنی دەسەڵاتی مەرکەزی هەمیشە زیانی گەورەی بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و سەرجەم خەڵکی عێراق گەیاندووە. هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم یان کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی کوردستاندا نییە و پێویستە بە یەکڕیزی و هۆشیاریی نیشتمانی ڕووبەڕووی ببینەوە.
کوردستان تەنیا شوێنی ژیانمان نییە؛ ناسنامە، مێژوو و شکۆی نەتەوەییی ئێمەیە. قەوارەی هەرێمی کوردستانیش دەستکەوتێکی مێژوویی و دەستوورییە کە نە دەکرێت کەم بکرێتەوە و نە دەکرێت ببێتە بابەتی سازش و مامەڵەی سیاسیی. هەرێم ئەمڕۆ پێویستی بەوەیە بە دەنگێکی یەکگرتوو و بە پشتبەستن بە هێزی یەکڕیزی و دەستوور، مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی بپارێزێت.