کوردستان نابێتە پەردەی شکستەکانی بەغدا

3

سیروان عەلی
لە قەیرانی بەغداوە تا ئیرادەی نەتەوەییی کورد، کوردستانی گەورە دەبێت لەسەر بنەمای یەکگرتوویی و بەرژەوەندیی هاوبەش بۆ داهاتوویەکی هاوبەش ئامادە بێت.

عێراق لەم قۆناغەدا بەڕووی قەیرانێکی فرەڕەهەنددا وەستاوە؛ قەیرانێک کە تەنیا بە ناکۆکییە سیاسییەکان سنووردار نییە، بەڵکوو پرسی سەروەریی دەوڵەت، کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکان، دەسەڵاتی دامەزراوە یاساییەکان، داهاتی نەوت، پەیوەندییە ناوچەیییەکان و هاوسەنگیی ناوخۆیی لەخۆ دەگرێت. لە ناو ئەم دۆخە ئاڵۆزەدا ئەوەی جێی سەرنج و نیگەرانییە ئەوەیە کە هەر جارێک بەغدا لە چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆیییەکانی خۆیدا کەموکوڕی دەبینێت، کوردستان دەبێتە یەکێک لە مەیدانەکانی گوشار و ململانێی سیاسیی.

جورفولسەخر؛ تاقیکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت
ڕووداوەکانی جورفولسەخر و ئەو دۆخە سیاسیی و ئەمنییەی لە پەیوەندی بە کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حکومەتدا دروست بوو، جارێکی تر پرسی بنەڕەتیی دەوڵەتی عێراقی هێناوەتەوە پێش ڕووی خەڵک: دەسەڵاتی یاسایی دەوڵەت تا چەندە و ئایا حکومەت دەتوانێت بڕیارەکانی بە یەک پێوەر لەسەر هەموو خاکی عێراق جێبەجێ بکات؟
ئەگەر دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان لە ناوچەیەکدا پێویستیان بە گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ هێزێکی چەکدار هەبێت، ئەوا ئەمە دەبێتە پرسیارێکی گەورە لەبارەی قەبارەی دەسەڵاتی ناوەندی و توانای حکومەت بۆ جێبەجێکردنی یاسا. کێشەکە تەنیا لە کۆنترۆڵی ناوچەیەکدا نییە، بەڵکو لە بنەمای دەوڵەتداری، یەکسانی لە بەرامبەر یاسا و یەکگرتوویی دامەزراوەکاندایە.

بەغدا ئەگەر بە ڕاستی بەدوای دەوڵەتێکی یاسایی و سەروەردا بێت، دەبێت ئەو بنەمایە لە هەموو شوێنێک و بەرامبەر هەموو هێزێک جێبەجێ بکات. دەوڵەت ناتوانێت لە شوێنێکدا بە سازش و ڕێککەوتنی سیاسیی دەسەڵاتی خۆی جێبەجێ بکات، بەڵام لە شوێنێکی تردا کە قەوارەیەکی دەستووری و هەرێمێکی فیدراڵییە، بە زمانی گوشار و فەرمان مامەڵە بکات.

کوردستان نابێتە پەردەی شکستەکانی بەغدا
لە کاتێکدا کە عێراق لەگەڵ کێشەی کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکان، ناکۆکییە ناوخۆیییەکان، قەیرانی بەڕێوەبردن و پرسی سەروەریی دەوڵەت ڕووبەڕووی دۆخێکی هەستیار دەبێتەوە، ڕاگرتن و هەڵپەساردنی بڕیارەکان لەسەر کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی کوردستان و زیادکردنی گوشار لەسەر هەرێم، پەیامێکی سیاسیی نائارامکەرەوەیە.

پرسیارەکە ڕوونە: بۆچی کاتێک بەغدا لە ناوخۆیدا بە قەیرانی دەسەڵات و کۆنترۆڵ ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئاراستەی گوشارە سیاسییەکان بەرەو کوردستان دەگۆڕێت؟ ئایا کوردستان بەرپرسیاری کەموکوڕییەکانی بەغدایە؟ ئایا هەرێمی کوردستان هۆکاری ئەو قەیرانانەیە کە لە ناوخۆی عێراق دروست بوون؟
کوردستان نە هۆکاری قەیرانی جورفلسەخرە، نە بەرپرسیاری ناکۆکییەکانی هێزە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراقە و نە دەبێت ببێتە مەیدانی گواستنەوەی قەیرانە سیاسییەکانی بەغدا. ئەگەر حکومەت نایەوێت کەموکوڕییەکانی خۆی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت چارەسەر بکات، نابێت کوردستان بکاتە پەردەیەک بۆ داپۆشینی ئەو شکست و ناکۆکییانە.

فیدراڵیزم بە دەستوورە نە بە ئارەزووی دەسەڵات
هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و ماف و دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی دەستووردا ناسراون. فیدرالیزم ڕێککەوتنێکی سیاسیی نییە کە هەر حکومەتێک بە ئارەزووی خۆی دەستکاری بکات، بەڵکو بنەمایەکی دەستوورییە کە پێویستە لەسەر ڕێزگرتن، هاوبەشی، دادپەروەری و پابەندبوون بە یاسا دامەزرابێت.

ئەگەر بەغدا بەردەوام مافی دەستووریی کوردستان بکاتە بابەتی گوشار و ئەگەر پەیوەندیی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی هەمیشە لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم و فراوانکردنی دەسەڵاتی ناوەندی بێت، ئەوا متمانەی سیاسیی لاواز دەبێت و پرسی داهاتووی ئەم هاوژیانییە فیدرالییە بە جدییەوە دەکەوێتە ناو گفتوگۆی نەتەوەیی.

سەربەخۆیی؛ مافێکی نەتەوەیی و بژاردەیەکی ستراتیژی
سەربەخۆییی کوردستان نابێت تەنیا وەک هەڕەشە یان ناکۆکییەکی سیاسیی سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت وەکوو مافێکی نەتەوەیی و بژاردەیەکی ستراتیژی بۆ داهاتووی گەل هەڵسەنگێندرێت؛ نەتەوەیەک کە خاوەن مێژوویەکی درێژ و ناسنامەیەکی ڕوون، زمان، کولتوور، خاک و ئیرادەی سیاسییە، مافی ئەوەی هەیە چارەنووسی خۆی بە ئیرادەی خۆی دیاری بکات.ئەگەر هاوژیانیی سیاسیی لەگەڵ عێراق نەیتوانێت بنەمای ڕێز، دادپەروەری، یەکسانی و قبووڵکردنی مافی یەکتر دابین بکات، ئەوا بیرکردنەوە لە بوون بە دوو دراوسێی سەربەخۆ دەبێت وەکوو بژاردەیەکی سیاسیی و ستراتیژی، بە هەڵسەنگاندنی هەموو ڕەهەندەکانی، لە ناو گفتوگۆی نەتەوەییدا بێت.

پێشمەرگە و ئیرادەی پاراستنی کوردستان
پاراستنی کوردستان تەنیا بە دروشم و هەڵوێستی سیاسیی ناکرێت؛ بە دامەزراوە، یەکگرتوویی، ڕێکخستن، هێزی یاسایی و ئامادەکاریی نەتەوەیی دەکرێت. پێشمەرگە، وەک هێزی پاراستنی خاک و گەل و بەشێک لە مێژووی نەتەوەییی کورد، پێویستە لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی یەکگرتوو، یاسایی و نەتەوەییدا بەهێز بکرێت تا پاراستنی کوردستان لەسەر بنەمای بەرپرسیاریی گشتی و یەکگرتوویی بێت، نە لەسەر بنەمای پەرتەوازەیی و بڕیاری لایەنە جیاوازەکان.

هیچ لایەنێک نابێت بە بڕیاری حزبی چارەنووسی نەتەوە بخاتە مەترسییەوە. بڕیاری گەورەی نەتەوەیی دەبێت لە چوارچێوەی ئیرادەی گەل، دامەزراوە و هەڵسەنگاندنی ستراتیژییەکی فراواندا بگیرێت.

کاتی چاوەڕوانی نییە؛ کاتی ئامادەکارییە
ئەوەی لە عێراق ڕوو دەدات ڕەنگە تەنیا قۆناغێکی کاتیی سیاسیی نەبێت، ڕەنگە نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەتر لە هاوسەنگیی دەسەڵات، پەیوەندییە ناوخۆیی و ڕێکخستنی سیاسیی ناوچەکە بێت. کوردستان نابێت بە چاوەڕوانییەوە لە دەرەوەی ئەو گۆڕانکارییانە بوەستێت، بەڵکو دەبێت لە ئێستاوە تواناکانی سیاسیی، ئابووری، دیپلۆماسیی و دامەزراوەییی خۆی ڕێک بخات و بۆ هەر سیناریۆیەکی داهاتوو ئامادە بێت.

ئەگەر ڕۆژێک بەغدا هەوڵی دەستدرێژی بۆ سەر ماف و قەوارەی کوردستان بدات، ئەوا کوردستان دەبێت بە ئیرادەی گەل، یەکگرتوویی نەتەوەیی، ڕێگای یاسایی و دیپلۆماسی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بڕیاری پاراستنی مافەکانی خۆی بگرێت. ئەو بڕیارە ئەگەر پێویست بوو، دەبێت لە چوارچێوەی ماف و ئیرادەی گەل، بە هەڵسەنگاندنی هەموو ئەنجامەکانی و بە ئامادەکارییەکی تەواو بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی بێتە پێشەوە.

چونکە دەرفەتە مێژووییەکان چاوەڕێی گەلە پەرتەوازەکان ناکەن، مافە نەتەوەیییەکان بە چاوەڕوانی پارێزراو نابن و دەوڵەتێکی کوردی ئەگەر ببێتە ئامانجی ئیرادەی گەل، یەکگرتوویی نەتەوەیی و بڕیاری مێژوویی، دەبێتە پڕۆژەیەکی گەورە، کە داهاتووی نەتەوەی کورد لەسەر بنەمای سەروەری، ڕێز و ئازادیی خۆی دەستنیشان دەکات.
کوردستان دەبێت ئامادە بێت؛ چونکە ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا ڕوو دەدات ڕەنگە دەرگای قۆناغێکی نوێی مێژوویی بۆ کورد بکاتەوە.