حكوومه‌تی عێراق چی لە هەرێمی کوردستان دەوێت

3

د. ئاگرین عه‌بدوڵڵا عه‌زیز
ئەم هەڵویستەی دوایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو گفتوگۆیەی هێنایەوە یادم کاتێک بۆ کارێکی فەرمی حكوومه‌ت سەردانی بەغدام کرد (ئەو کات عەلی زەیدی تازە کابینەکەی پێکهێنابوو)، لەگەڵ یەکێک لە کارمەندانی نوێنەرایەتیی حكوومه‌تی هەرێم كه‌ گوتی ئایا ئەم سەرۆکوەزیرانە لەڕووی هەڵوێستییەوە چۆن دەبنیرێت بەرانبەر هەرێمی کوردستان؟ من پێشی کەوتم و گوتم: سەرەتاکانی باش دیارە، بەڵام ئەو زوو وەڵامی دامەوە و گوتی: هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەری، لەبەر ئەوەی هەموو ئەوانی پێشووتر سەرەتا باش بوون و پاشان گۆڕان! زیاتر لەسەری ڕۆیشت و گوتی با جارێ لانیکەم شەش مانگیک تێپەڕبێت ئینجا دەتوانین هەڵیبسەنگێنین. هەرواش دەرچوو، هەڵوێستی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان، سیمای دوژمنکاری پێوەدیارە و وەک درێژەپێدەری سیاسەتەکانی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر دێتەبەرچاو، بەڵکوو وەک ئەڵقەیەک لە زنجیرەیەک سیاسەتی داڕێژراو خۆی دەنوێنێت.

لە ڕاستیدا بڕیارەکانی زەیدی دژی مەسەلەی ڕەوای کوردستانە نەک هەرێمی کوردستان، ئەوتا هەر بەپێی دەستووری عێراقی کە خۆی پشتی پێبەستووە، بانێکەو دووهەوا، سەبارەت کێڵگە نەوتییەکان دەڵێت بەپێی ماددەی١١١ دەستوور موڵکی هەموو عێراقە وا شرۆڤە دەکرێت کە دەبێت لەدەست ناوەند بێت، بەڵام خۆی لەوە نەبان کردووە کە ماددەی١١٢ ی هەمان دەستوور دەڵێت پێویستە کێڵگەکان بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە ببرێن. هەروەها دەڵێت بەپێی ماددەی ١١٠ دەروازە سنوورییەکان سیادیە، بەڵام دیسان خۆی لە ماددەی ١١٤ لاداوە کە گوزارشت دەکات و دەڵێت دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە ببرێن، ئەوە هەر باسی ماددەی ١٤٠ ناکەم کە دەیان ساڵە حكوومه‌تە یەک لە دوای یەکەکانی فیدڕاڵی عێراق نایەن بەلایدا و جێبەجێی ناکەن لەبەر ئەوەی لە بەرژەوەندیی کوردە.

جێگای خۆیەتی ئەوەش بڵێین کە دادگای ئیتیحادی وا دەبینرێت کە لایەندارانە هەموو ماددەکان لە بەرژەوەندیی بڕیارەکان و ئاراستەکان بۆ دژایەتیی هەرێمی کوردستان شی دەکاتەوە و دەڵێت بڕیارەکانمان جێگیرە و پابەندە بۆ هەموو لایەک کە ئەمەش خۆی دیسان زوڵمێکی ڕوونە بەرانبەر مەسەلەی کورستان.

گرنگە ئەوەش بڵێم کە ئێستا وێردی سەر زمانی دەسەڵاتدارانی عێراق دەستوورە، کە هەموو ماددەکانی لە بەرژەوەندیی ئەو هزرەی خۆیان شرۆڤە دەکەن کە لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەدەین، وەک بڵێی وشەی قورئانی پیرۆزە، ئەی ئەگەر ڕۆژێک هات و هەر خۆیان لە پەرلەمانی عێراق گۆڕانکاریان بەسەردا کرد و بە زۆرینەی دەنگ هەموویان بە شێوازێک دانا کە لە دژی هەرێمی کوردستان بێت کە ئەمەش هەر زۆر ڕێی تێدەچێت ئەو کات چی دەبێت؟
کەواتە ئێستا ڕوونە کە ئەمەی دەکرێت ڕەنگە لە کابینەیەکی تری حكوومه‌تی فیدڕاڵی هەنگاوی دوژمنکارانەتری بەدوادابێت، ئێستا ڕوون بووەوە بۆ خەڵکی کوردستان کە زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانی عێراقی پاش سەدام هزرێکی دەمارگیری و پاوانخوازی و داگیراکاریان بۆ کوردستان هەیە و بە قۆناغ و هەریەکەیان بەشێکی جێبەجێ دەکەن. ئەوی جێگای سەرسوڕمانە کە هەر سەرکردە سیاسییەکانیان نا، بەڵکوو بەشێک لە ڕۆشنبیر و خوێندەوارانی شەقامی عێراقیش گەرچی بە شەرمەوە کەڵبەیان دەردەخەن، هەنگاو و بڕیارەکانی زەیدی بە گەڕانەوەی سەروەریی عێراق دادەنێن، وەک ئەوەی دروستکردنی هەرێمی کوردستان کە زادەی خەبات و خوێنڕژانی گەلی کوردستان و بەخشینی هەزاران شەهیدە بۆ گەیشتن بە مافی سیاسی ڕەوای خۆمان پێشێلکاری و نەهێشتنی سەروەریی عێراق بێت، بۆیە هەزار جار بەداخەوە دەڵێم ئەگەر ئەوە بیرکردنەوەیان بێت، کەواتە داهاتوویەکی پڕ کێشە چاوەڕێی خەڵک و هەرێمی کوردستان دەکات. پێویست بوو سەرکردە سیاسییەکان و ڕۆشنبیرانی عێراق بەرەو چەسپاندنی گیانی برایەتی و لێکتێگەیشتن و پێکەوژیان و ڕێزگرتن لە نەتەوەی جیاواز بچوونایە نەک گلۆربوونەوە بۆ زۆنگاوی بیری داگیرکاری و پێشێلکردنی مافی خەڵکی کوردستان.

کۆتا قسەم ئەوەیە کە ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق دەیانەوێت کوردستان لەناوبەرن کە خەوێکە نە بۆ کەس هاتووه‌تەدی و نە بۆ کەسیش دێتەدی، ئەوا دەستوور هەبێت و هەرچیەک بێت یان بیگۆڕن هەر هەوڵی خۆیان دەدەن، باشتروایە بگەڕێنەوە بۆ حیکمەتی سیاسیی عەقڵ و پەردەیەک لە ڕژێمەکانی پێشوو و شۆڕشەکانی کوردستان دادڕن، دەبێت بزانن کە کوردستان سەرۆک مەسعود بارزانی و پێشمەرگەی هەیە‌ كه‌ بەرگری لێ بکات.