سه‌ره‌تا هه‌مه‌ڕه‌نگ ژماره‌ی نوێی گۆڤاری ده‌قی مێژوویی به هه‌گبه‌یه‌كی پڕ له بابه‌تی جۆراوجۆر ده‌رچوو
گۆڤاری (ده‌قی مێژوویی) كه خودانی ده‌ركردن و سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی گه‌له‌كه‌مان مامۆستا مومتاز حه‌یده‌رییه، سێ مانگ جارێك به كوردی و عەره‌بی ده‌رده‌چێت، ژماره 4 -5ی تشرینی دووه‌می 2026ی كه‌وته به‌ر دیدی خوێنه‌ران. وه‌ك له‌سه‌ر گۆڤاره‌كه نووسراوه، ئامانجی گۆڤاره‌كه زیندووكردنه‌وه‌ی ده‌ق و به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژووییه، دواتر له لاپه‌ڕه دوو ئاماژه به‌وه كراوه كه تاكه گۆڤارێكی كولتووری ڕه‌سه‌ن و به‌ڵگه‌نامه‌یی هه‌مه‌چه‌شن و نه‌ته‌وه‌یی كوردستانییه، هه‌روه‌ها گۆڤاره‌كه دروشمی خۆی هه‌یه و له‌سه‌ر به‌رگی یه‌كه‌می نووسراوه: «شكۆی مێژوو هه‌میشه زیندووه.
له‌م ژماره جمكه‌دا، كه 714 لاپه‌ڕه‌یه، ژماره‌یه‌كی زۆری ده‌قی مێژوویی زیندووكراونه‌ته‌وه، لاپه‌ڕه‌كان بۆ چه‌ند به‌شێك پۆلێنكراون به‌م شێوه‌یه: به‌شی لاپه‌ڕه‌ی سه‌ربه‌ست 11 بابه‌ت له نێویاندا یادی هه‌شتا ساڵه‌ی ته‌مه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك وێستگه‌یه‌كی مێژوویی له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی پیرۆز و شكۆدار به قه‌ڵه‌می مومتاز حه‌یده‌ری. به‌شی دۆسیه‌ی تایبه‌ت 17 بابه‌ت له نێویاندا بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ری چۆن په‌یدا بوو؟ به قه‌ڵه‌می ساڵح حه‌یده‌ری. به‌شی وتار 25 بابه‌ت له نێویاندا خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد (شۆڕشی 1920 و نه‌ته‌وه‌ی كورد)، حاجی قادری كۆیی شاعیری سه‌رده‌می ڕاپه‌رینی نه‌ته‌وه‌ی كورد به قه‌ڵه‌می شێركۆ ئه‌حمه‌د حه‌وێز.
به‌شی نامیلكه و كتێب شه‌ش بابه‌ته، له نێویاندا یاداشتنامه‌ی گه‌شتێك بۆ ئه‌رمینیا و كوردستان و میزۆپۆتامیای سه‌روو له‌گه‌ڵ چه‌ند تێبینییه‌ك له‌باره‌ی توێژینه‌وه‌كان له ده‌رسیم-دا‌غ له ساڵی 1866دا وه‌رگێڕانی د. نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا، نه‌خشه‌ی كوردستانی گه‌وره ساڵی 1947 وه‌رگێڕانی بێوار ڕه‌سووڵ. به‌شی به‌ڵگه‌نامه‌كان حه‌وت بابه‌ت له نێویاندا ئه‌ندامانی حیزبی ڕزگاری كورد له هه‌ولێر له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی به‌ریتانیدا به قه‌ڵه‌می د. كامه‌ران محه‌مه‌د حاجی. به‌شی پاشبه‌ند 21 بابه‌ت له نێویاندا جه‌مال حه‌یده‌ری و دۆزی كورد به قه‌ڵه‌می پ. د. ئه‌حمه‌د حه‌مه‌دئه‌مین، كاروان حه‌یده‌ری له ئارامگه‌ی سه‌روه‌ریدا به قه‌ڵه‌می جه‌مال گرده‌سۆری.
به‌شی عه‌ره‌بی – كه 20 بابه‌ته و پێكهاتووه له وتار و كتێب و به‌ڵگه‌نامه و پاشكۆیه‌ك له‌باره‌ی یادی 100 ساڵه‌ی شاعیر بڵند حه‌یده‌ری 1926-2026 . له نێو وتاره‌كانی به‌شی عه‌ره‌بی نامه‌یه‌ك له چیاكانی كورده‌وه به قه‌ڵه‌می مسته‌فا نه‌بیل. به‌شی كتێب له نێویاندا كورد له یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا ئاماده‌كردنی سامی قادر. به‌شی به‌ڵگه‌نامه 10 بابه‌ت له نێویاندا ڕاپۆرتێكی مێژوویی له‌بیركراوی زۆر گرنگی حیزبی شیوعیی عێراق (ته‌مه‌نی 67 ساڵه) به پێنووسی مومتاز حه‌یده‌ری.
ئه‌م گۆڤاره سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه بۆ توێژه‌ران و ئه‌و نووسه‌رانه‌ی گرنگی به مێژووی نوێ و هاوچه‌رخیی كوردستان ده‌ده‌ن، زۆر له‌و بابه‌تانه‌ی بڵاو ده‌بنه‌وه ده‌گمه‌نن و بۆ یه‌كه‌م جاره بڵاو ده‌بنه‌وه، له‌م باره‌وه‌یه مامۆستا مومتاز حه‌یده‌ری به خه‌باتی گوت: «كتێبخانه و ئه‌رشیفی مومتاز حه‌یده‌ری زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده ژماره‌یه‌كی زۆری گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی هه‌ن، بۆ نموونه له‌م ژماره جمكه‌یه‌دا چه‌ند بابه‌تێكی گۆڤاری (الصیاد)ی لوبنانی هه‌ن، كه بۆ یه‌كه‌م جاره له كوردستان بڵاوده‌كرێنه‌وه«. زیاتر گوتی: «هێشتا به‌لای ئه‌رشیفی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا نه‌چووین و ده‌ستمان لێنه‌داون، بۆیه كه‌ره‌سته‌یه‌كی زۆرمان له‌به‌رده‌سته«. شایانی گوتنه جیا له مامۆستا مومتاز حه‌یده‌ری وه‌ك خودانی ده‌ركردن و سه‌رنووسه‌ر و پ. د. ئه‌حمه‌د حه‌مه‌دئه‌مین وه‌كوو ڕاوێژكاری مێژوویی، ده‌سته‌یه‌كیش له ده‌ركردنی گۆڤاره‌كه هاوكارن به‌ناوی ده‌سته‌ی هاوكاران. ده‌ست خۆشی له مامۆستا مومتاز و هاوكاره‌كانی ده‌كه‌ین، هیوای به‌رده‌وامی بۆ گۆڤاری (ده‌قی مێژوویی) ده‌خوازین.