ڕۆژی شەممە ٣١ی ١٠ی ٢٠٢٦، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری سلێمانی سەردانی ماڵی نووسەر، تێکۆشەر، جیۆگرافیناس و گەڕیدەی بەناوبانگی کورد و هەڵگری مەدالیای بارزانی، خوالێخۆشبوو کەریم زەندی کرد و لەلایەن ئامینە خان، هاوسەری کۆچکردووەوە پێشوازیی لێ کرا.
لە سەردانەکەدا، د. سالار عوسمان بە ڕێز و پێزانینەوە باسی لە هەوڵ، ماندووبوون و خزمەتە بەنرخەکانی کەریم زەند کرد لە بواری نووسین، مێژوو و جیۆگرافیاناسیدا و ڕۆڵی ناوبراوی وەک تێکۆشەر و قەڵەمێکی دیاری کوردستان بەرز نرخاند. هاوكات، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئامادەییی تەواوی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی بۆ هەر خزمەت و هاوکارییەک لەو بوارەدا و بۆ پاراستن و زیندووڕاگرتنی بەرهەم و میراتی ڕۆشنبیریی مامۆستا کەریم زەند دووپات کردەوە.
ههر ههمان ڕۆژ، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، سەردانی شاعیری بەنێوبانگی کورد، لەتیف هەڵمەت ـی کرد. لە سەردانەکەدا، د. سالار عوسمان لە نزیکەوە لە بارودۆخی لەتیف هەڵمەت ـی پرسی و، وێڕای ڕێزگرتن لە هەوڵ و ماندووبوونەکانی، توانا، لێهاتوویی و بەخششە ئەدەبییەکانی ناوبراوی لە خزمەتکردنی شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا بەرز نرخاند. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە بەسەرکردنەوە و ڕێزلێنان لە شاعیران و قەڵەمە داهێنەرەکان جێگەی بایەخی بەردەوامە، و ئامادەییی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنیشی نیشان دا بۆ پێشکەشکردنی هەر خزمەت و کارئاسانییەک، کە پێویست بێت.