خهبات: ئاشتی شەهباز:- وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، كوێستان محەمەد لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە پاڵ خستنەڕووی كار و چالاكییەكانی وەزارەت ئاماژەی بە زانیارییەكانی پەیوەست بە سیستەمی دەستەبەری و خانەنشینی ڕۆژنامەنووسان دا و ڕایگەیاند: پاش هەوڵێكی زۆر سیستهمی دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی و خانەنیشینی ڕۆژنامەنووسانی پیشەیی دەگرێتەوە، وەك هەر فەرمانبەرێكی دەوڵەت بەپێی یاسا و ڕێنمایییەكان خانەنیشین دەكرێن. ئەمەش دوای بڕیاری دەستەبەركردن و مسۆگەركردنی مافەكانی كۆی كرێكاران و كرێكارانی ناكاراوە هاتە بەرباس.
بۆ ڕوونكردنەوە و زانیاریی لەسەر چۆنیەتی ڕێكارەكانی دەستەبەری و خانەنیشینكردنی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان هەندرێن ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەن و سكرتێری سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە پەیوەندییەكدا بە خەباتی ڕاگەیاند: بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووس سوودمەند بێت لە یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنشینی، سەرەتا پێویستە ڕۆژنامەنووس ئەندامی سەندیكا بێت، چونكە سەندیكا لایەنی فەرمی ڕێكخستن و كردنەوەی دۆسیەی دەستەبەری كۆمەڵایەتییە.
سەندیكا خۆی بە لایەنی فەرمی ڕۆژنامەنووسان دەزانێت بۆ داكۆكیكردن و دەستەبەر و پاراستنی مافەكانی بەپێی یاسای ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان، لەو بارەوە سكرتێری سەندیكای رۆژنامەنووسان دەڵێت: دەستەبەری كۆمەڵایەتی یەكێكە لە ئەركی كاری سەندیكایی بەوەی داكۆكیكی لە ماف و شایستەكانی رۆژنامەنووسان بكات، لەبارەی سندووقی خانەنشینی ڕۆژنامەنووسان، سكرتێری سەندیكا دەڵێت: ئێمە سندووقی خانەنشینی ڕۆژنامەنووسانمان هەیە، بەڵام ئەم سندووقە پەكی كەتووە بەهۆی ناكارایی پەرلەمان و هەموارنەكردنەوەی یاساكە، ئێمە پرسی ئەو یاسایەمان بردە بەردەم فەتوای ئەنجومەنی شورای پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن و ئاسانكاری و ڕێوشوێنی دەستبەكاركردن بۆ پرسی دۆسیەی سەرجەم رۆژنامەنووسان و مسۆگەركردنی ئایندەی رۆژنامەنووسان، لەگەڵ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕێككەوتین و لە ماوەی داهاتوو سەبارەت بە چۆنی و ڕێكارەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی ڕێنمایی بڵاو دەكەینەوە بۆ كەناڵەكانیش هەمان ڕێكاری یاسای یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتییان لەسەر جێبەجێ دەكرێت وەك كۆمپانیاكان و چۆنیەتی تۆماری كرێكارەكانی ئەو كۆمپانیایانە دەستەبەر دەكرێن، كە بەپێی ڕێژەی لە % 5 و % 7 یاسای كار دیاریكراوە و مووچەكانیان تۆمار بكرێت و پاشان لە سەندیكای رۆژنامەنووسان دوای پشتڕاستكردنەوە دۆسیەكەی بۆ دەكرێتەوە، گرنگ ئەوەیە لە شوێنێك كار دەكات و خاوەنكاری هەیە بە شێوەی كۆمپانیا تۆمار كرابن و شێوەی میدیایان هەیە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و مۆڵەتی كاركردنیان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەیە.
دوای تاوتۆێكردنی مافەكانی كرێكاران و پرسی كەمی كرێی كاركردن و مسۆگەركردنی ئایندەی كرێكاران لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەپێناو باشتركردنی گوزەران و پاراستنی مافەكانی كرێكاران، لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، لە 3ی ئابی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەپێی نووسراوی ژمارە ( 9410) ڕەزامەندیی لەسەر دیاریكردنی كەمترین ئاستی كرێی كرێكارانی ناكارامە، مانگانە بڕەكەی لە 450 هەزار دینار لە هەرێمی كوردستان جێگیر كرد.
ئەم بڕیارەش كاریگەریی لەسەر سەرجەم مافەكانی كرێكاران لە مووچەی خانەنشینی دەبێت، جگە لەمەش بەپیی یاسای كار كرێكاران مافەكانی پێكانی كار، پاداشتی كۆتایی خزمەتی كرێكاران و سەرجەم مافەكانی تر، بەپێی یاسای خانەنیشنی و دەەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران دیاریكراون دەبێت.