وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاوی كردەوە: “دوای هەوڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ دابینكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی سپی، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندیی بۆ دابینكردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، ئەم بڕە نەوتە تەنیا (18%)ی پێداویستیی هەرێمی كوردستان دابین دەکات کە پێویستی بە بڕی (268,710,600) لیترە، ئەگەر بۆ هەر خێزانێک تەنیا (200) لیتر دابین بكریت.”
ئاشكراشی كردووە: “هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە نەوتە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزای شارەکانەوە بە میكانیزمێكی گونجاو و به هەمان نرخی دابینكراو له لایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كه 250 دینارە بۆ هەر لیترێک، دەست بە دابەشكردنی دەکات.”
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەسەر هێڵ دەبێت بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە و زیادكردنی بڕەكەی كە لەگەڵ پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان بگونجێت.”