سهرهتا وتار ڕەشنووسی بودجەی٢٠٢٧؛ لە نێوان فیدراڵیزمی دەستووری و خولیاکانی مەرکەزیەت
کاروان محەمەد سینۆ
لەکاتێکدا عێراق بەرەو داڕشتنەوەی نەخشەی دارایی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ هەنگاو دەنێت، جارێکی تر پرسی بودجەی گشتی دەبێتەوە بە مەیدانی تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی باوەڕبوون بە فیدراڵیزم وهاوبەشیی نیشتمانی و پابەندبوون بە دەستووری هەمیشەیی وڵات. ڕەشنووسی یاسای بودجەی ٢٠٢٧ کە لەلایەن حکومەتی ئیتحادییەوە ئامادەکراوە، نەک هەر بارگرانییەکی دارایی بێپێشینە و کورتهێنانێکی کوشندە بەسەر ئابووری وڵاتدا دەسەپێنێت، بەڵکو لە ناواخنی خۆیدا سیاسەتێکی جیاکاری و ئابڵۆقەدانی دارایی بەرامبەر بە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بەرجەستە دەکاتەوە. لێرەدا تیشک دەخەما سەر ژمارە زەق و ڕەقەکان و پێشێلکارییە دەستوورییەکان و هەڵوێستی ڕەوای هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەم ڕەشنووسەی بودجە.
ڕەشنووسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ بە قەبارەی گشتیی ٢١٧ تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، کە لەگەڵ خۆیدا کورتهێنانێکی دارایی مەترسیدار لە نێوان ٤٣ تا ٥٠ تریلیۆن دینار (نزیکەی ٣٤ تا ٤٨.٨ ملیار دۆلار) هەڵدەگرێت. ئەم ژمارە زەبەلاحانە نیشانەی ئاشکرای نەبوونی پلانی زانستی و ڕەسەنن لە ئیدارەدانی دارایی لە عێراقدا. لەکاتێکدا ڕەشنووسەکە پشتی بەستووە بە نرخی گریمانەیی ٥٨ تا ٧٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت و هەناردەکردنی ٤ ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە، بەڵام تێهەڵکێشکردنی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار میلاک و کارمەندی نوێ و دروستکردنی ١٢٠ هەزار دەرفەتی دامەزراندنی تازە، خزێنە و داهاتی گشتی وڵاتی خستووەتە ژێر مەترسییەکی بەردەوامەوە و باری خەرجییە بەرکاربەرەکان (النفقات الجارية) بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ سەنگین کردووە.
گورزی گەورەی ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧ لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، لە ڕێژەی دیاریکراوی پشکی هەرێمدایە. لەکاتێکدا دوا سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراقدا ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە ١٤.١٤% جێگیر کردووە، بەڵام ڕەشنووسەکە بە ناڕەوا ڕێژەی پشکی هەرێمی لەسەر بنەمای کۆنی ١٢.٧% هێشتووەتەوە. مەترسیدارتر لەوە، یاریپێکردنی ژمارەکانە لە ڕێگەی دەرکردنی (لێبڕینی ڕاستەوخۆی) هەندێک خەرجی بەناونیشانی “خەرجیی سیادی”؛ چونکە لە کۆی ٢١٧ تریلیۆن دیناری خەرجی گشتی، بە کردار تەنیا نزیکەی ١٢.٨ تریلیۆن دینار وەکو پشکی هەرێم لە بودجەدا دەمێنێتەوە کە دەکاتە تەنها ٦%ی کۆی بودجەی عێراق! ئەمەش دابەزینێکی کوشندە و لێبڕینێکی مەترسیدارە بەراورد بە بودجەکانی پێشوو و ستهمێكی ئاشکرایە لە شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان. هاوکات دابڕینی خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە ٢.٧ تریلیۆن دینارەوە بۆ تەنها ٤٩٩ ملیار دینار، ئامانج لێی پەکخستنی ژێرخانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەیە لە هەرێمدا.
وەفدی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لە پرسی (ڕەشنووسی بودجەی 2027) بە دروستی پەنجەی لەسەر خاڵە مەترسیدارەکان داناوە، بەتایبەت “ماددەی ١٠” لە ڕەشنووسەکەدا. ئەم ماددەیە بە دانانی مەرجی ئاڵۆز و ڕەهای وەک ڕادەستکردنی ڕۆژانەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای “سومۆ” و ڕادەستکردنی تەواوی داهاتە نانەوتییەکان،ئەمەش هۆکار و “مەقەستیکی” تەکنیکی دروست دەکات بۆ ئەوەی (بڕیاردەرانی بەغدا) لە هەر کاتێکدا ئارەزوویان لێ بێت، ناردنی شایستە داراییەکان ڕابگرن و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن بە “تەنها حوبری سەرکاغەز” ئەمە لەکاتێکدایە کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، ئەنفالکراوان، زیندانیانی سیاسی و شایستەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی ئیتحادی، هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق دوور لە ململانێی سیاسی دەستەبەر بکرێن. هەڵوێست و وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مسرور بارزانی، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا ڕۆژی چوارشەممە 28ی ئۆکتۆبەری 2026، وەڵامێکی دەستووری، سەربەرزانە و ڕوون بوو بەرامبەر بەم ستەم و جیاکارییەی کەلە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی نوێدا بەرانبەر بە هەرێمی دەکریت.
هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری و فیدرالی، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە پەسەندکردنی ڕەشنووسەکە بە قاڵبی ئێستای ڕەت دەکاتەوە و داوای کردووە پێش خستنە دەنگدانە، پێداچوونەوەیەکی ورد و گشتگیر بکرێت. لە ڕاگەیاندراوەکەدا داواکارییەکانی هەرێم ڕوون و بەڵگەدارن: 1) جێگیرکردنی پشکی هەرێم بە ڕێژەی ١٤.١٤% بەپێی سەرژمێریی گشتی. 2) هەڵوەشاندنەوەی مەرجە ئاڵۆز و جیاکارییەکانی ماددەی ١٠. 3) زامنکردنی دارایی بۆ مووچە و شایستەکانی پێشمەرگە و چینی فەرمانبەران. 4) ڕاستکردنەوەی خەرجییەکانی وەبەرهێنان و دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانی. بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە داتا و زانیارییە شیکارییەکانی تایبەت بە بودجەکانی عێراق لە نێوان ساڵانی (2005 – 2025) ئاشکرای دەکەن کە کەموکوڕییەکی دروستکراوی ناهاوسەنگی زۆر جدی لە ناوەڕۆکی سیستەمی دارایی عێراقدا هەیە.
ئەم ناهاوسەنگییە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر سەقامگیریی دارایی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، ئەویش لە ڕێگەی زەبلاحکردنی “خەرجییە سیادییەکان” و سەپاندنی شێوازی “خەرجکردنی کردەیی (الإنفاق الفعلي)”؛ کە ئەمانە وایکردووە شایستە دەستوورییەکانی هەرێم هەر وەکو ژمارە لەسەر کاغەز بمێننەوە و ببن بە هەڵم بەر لەوەی بگەنە دەست خەڵکی کوردستان. میکانزم و شێوازی دەستبەسەرداگرتنی پشکی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە لەم سێ خاڵە سەرەکییەدا کورت دەبنەوە: یەکەم: “خەرجیی سیادی”؛ گەورەکردنی بڕگەکان بۆ کەمبوونەوەی شایستەکانی هەرێم: لە ساڵی 2005دا خەرجیی سیادی دیاریکراو بوون، تەنیا سێ سەرۆکایەتییەکە و وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی دەگرتەوە. بەڵام لە بودجەی ساڵانی (2023-2025)، ئەم خەرجییە تەنیا لە ناونیشاندا زیاد نەکران، بەڵکو بە ئەنقەست بڕگەی گەورە و ناپەیوەست خرانە سەر بۆ ئەوەی لە کۆی گشتیی بودجەی عێراق دەربکرێت کە لە ئەنجامدا پشکی هەرێمی پێ کەم ببێتەوە. داپۆشینی خەرجییەکانی باشوور لەسەر حسابی هەرێم: لەم ڕووەوە ساڵانە 15.8 ترلیۆن دینار لە سندوقی گشتیی بودجەی عێراق دەبڕدرێت بە ناوی “وەبەرهێنانی نەوتی باشوور” بۆ داپۆشینی تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکانی باشوور و ناوەڕاست، ئەمەش بە شێوازێکی نادادپەروەرانە لە شایستە داراییەکانی هەرێم کەم دەکاتەوە.
بودجەی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای دژەتیرۆر: بە تەواوەتی کراونەتە “خەرجیی سیادی”، ئەمەش ڕەفتارێکی بە ئەنقەستە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر کەمبوونەوەی پشکی هەرێم هەیە. دووەم: هاوکێشەی شۆککەری قەرزەکان؛ “26 دۆلار بدە و 1 دۆلار وەربگرە!” سەیر و سەمەرەترین داتا لە دۆسیەی قەرزە نێودەوڵەتییەکاندا دەردەکەوێت. بەغدا هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بەوەی ساڵانە 1.6 ترلیۆن دینار (وەک پشکی 12.67%) بۆ دانەوەی قەرزە سیادییەکانی عێراق بدات. لە کاتێکدا بەرامبەر بەم پابەندبوونە گەورەیەدا، لە کۆی ئەو قەرزە دەرەکییانەی عێراق لە وڵاتان و سندوقە جیهانییەکانی وەردەگرێت، تەنیا 62.4 ملیار دینار بە هەرێمی کوردستان دەدرێت! بە هاوکێشەیەکی سادەی بیرکاری؛ لە بەرامبەر هەر 1 دۆلارێک کە هەرێم وەک قەرز وەریگرتووە بۆ ژێرخانی خۆی، دەبێت 26 دۆلار بداتەوە بۆ دانی ئەو قەرزانەی حکومەتی فیدراڵی لە پارێزگاکانی تردا خەرجی کردوون. سێیەم: تەڵەی “خەرجکردنی کردەیی (الإنفاق الفعلي)” و سزای بەکۆمەڵ؛ بەغدا لە بری پەیڕەوکردنی ڕێژەی دیاریکراو و چەسپاو لە یاسادا (التخصيص المالي)، میکانزمی “خەرجکردنی کردەیی” بەکاردێنێت. واتە هەرێم پشکی جێگیری خۆی وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا نووسراوە وەرناگرێت، بەڵکو ڕێژەیەک لەوە وەردەگرێت کە بەغدا “بە کردەیی” خەرجی دەکات.
بۆ نموونە؛ ئەگەر پڕۆژەیەک لە بەسرە یان بابل بەهۆی گەندەڵی، کەمتەرخەمی، یان ئاریشەی کارگێڕییەوە ڕابوەستێت و خەرجییەکەی کەم بێتەوە، ئەوا بڕی بودجەی گشتیی خەرجکراو دادەبەزێت؛ لە ئەنجامدا پشکی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کەم دەکاتەوە! بەم شێوەیە مووچەی مووچەخۆران و گوزەرانی خەڵکی کوردستان کراوەتە بارمتەی کێشە کارگێڕییەکانی ناوچەکانی دیکەی عێراق. پەیامی کۆتایی بەشێوەیەکی گشتی هەرێمی کوردستان ساڵانە 8.7 ترلیۆن دینار لەدەستدەدات بۆ داپۆشینی خەرجییە سیادی و حاوکمەکانی عێراق، باجی قەرزێک دەدات کە خۆی لێی سوودمەند نەبووە، و لە زۆربەی پشکە ڕەواکەی بێبەش دەکرێت.
ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردنی دارایی نادادپەروەرانەیە، پێچەوانەی سادەترین بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمە و ئامانج لێی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە لە ڕووی ئابوورییەوە. بۆیە داوادەکرێت بەر لە ناردنی ڕەشنووسی بودجەی 2027 بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ خستنە دەنگدان، پێویستە ئەم کەموکوڕی و نادادپەروەرییانە بەپێی دەستوور ڕاست بکرێنەوە. بودجەی ٢٠٢٧ دەبێت بێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەری ڕیشەیی و دەستووریی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نەک ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی قەیرانەکان و بەکارهێنانی قووتی خەڵک وەک کارتی گوشار و زۆرداری. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شەفافییەتێکی تەواوەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدرالییەکان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە؛ بۆیە لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، ئەرکی مێژوویی سەرجەم فراکسیۆن و نوێنەرە کورستانییەکانە لە پەرلەمانی عێراق کە ڕیزەکانیان یەکبخەن، پشت بە واقیع و بەڵگە دەستوورییەکان ببەستن و ڕێگە نەدەن هیچ یاسا و ڕینمایەکی نادادپەروەرانە بەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا تێپەڕێت. مافی دەستووریی خەڵکی کوردستان قابل بۆ سازشکردن نییە و دەبێت بنەمای هاوبەشیی ئیتحادی پارێزراو بێت.