سه‌ره‌تا چاوپێكه‌وتن شیرین زه‌كی: لە پورتوگال کورسییەکمان لە تۆڕی جیهانیی G100 بۆ کوردستان مسۆگەر...

شیرین زه‌كی: لە پورتوگال کورسییەکمان لە تۆڕی جیهانیی G100 بۆ کوردستان مسۆگەر کرد

165

خەبات: کارزان حەیدەر:- شاندێکی نوێنەرایەتیی ژنانی کورد لە میانەی بەشدارییان لە لوتکەی سەرکردایەتیی نێودەوڵەتیی G100 بۆ ساڵی 2026 لە وڵاتی پورتوگال، توانییان وێنەی باوی قوربانیبوون بگۆڕن بۆ پێگەی سەرکردایەتی و دەستپێشخەریی دیپلۆماسی، هاوکات لە ئەنجامی چالاکییەکانیاندا نوێنەرایەتیی سەربەخۆ و فەرمیی هەرێمی کوردستان لە ناو ئەو تۆڕە جیهانییەدا پەسەند کرا و تۆمارکرا. لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات، خاتوو شیرین زەکی ئاشکرای کرد، لە نێوان 8 بۆ 10ی ئۆکتۆبەری 2026، لە شاری سێسیمبرای پورتوگال، کۆبوونەوەی ساڵانەی لوتکەی سەرکردایەتیی نێودەوڵەتیی G100 بە ناونیشانی هێز، کاریگەری و ئەنجام، ژنان گۆڕانکاری دروست دەکەن بەڕێوەچوو، کە تێیدا کۆمەڵێک لە ژنانی سەرکردە، خاوەنکار، یاساناس و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی داڕشتنی سیاسەتی نوێ بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە ئاستی جیهاندا کۆبوونەوە.

خاتوو شیرین زەکی ڕوونی کردەوە، بەشداریی ژنانی کورد لەم کۆڕبەندە جیهانییەدا لە ڕێگەی سێ دامەزراوەی سەرەکییەوە بووە، کە پێکهاتبوون لە فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستان بە نوێنەرایەتیی خۆی و ئارێز محەمەدی، سەنتەری کەی جی لۆبی و کۆنگرێسی نەتەوە و دەوڵەتان بە نوێنەرایەتیی ئاورنگ شاوەیس. شیرین زەکی ئاماژەی بەوە دا، شاندی نوێنەرایەتیی کورد بە دوو وتاری سەرەکی بەشدارییان کرد، لە وتاری یەکەمدا ئارێز محەمەدی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی چارەنووسسازی دیاسپۆڕا، گرنگیی بەشداریی کۆمەڵایەتی و بونیادنانی تۆڕی هاوبەشی نێودەوڵەتی، لەگەڵ پێشکەشکردنی 5 وانەی بنەڕەتی بۆ سەرکردایەتیی سەردەم، لە لایەکی دیکەشەوە، ئاورنگ شاوەیس لە وتارێکدا نەخشەڕێگەیەکی 8 قۆناغیی خستەڕوو کە تایبەت بوو بە گۆڕینی یادەوەری و برینە مێژووییەکان بۆ سەرچاوەی زانیاری، لۆبیکردن و ئەنجامدانی گۆڕانکاریی دامەزراوەیی، پەیامی هەردوو وتارەکە ئەوە بوو کە نابێت چیتر ژنی کورد تەنیا وەک قوربانیی مێژوو سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک سەرکردە، دیپلۆمات، یاساناس و کارەکتەری سەرەکیی گۆڕانکاری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ خەبات، خاتوو شیرین زەکی باسی لە بەڕێوەچوونی پانێڵێکی هاوبەش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتی سوید کرد، کە تێیدا باس لە قوربانیدانی گەلی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا کرا، لەو تەوەرەدا ئاورنگ شاوەیس ڕەخنەی توندی لە کەمتەرخەمیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی جیهان قەرزاری قارەمانێتیی گەلی کوردە لە تێکشکاندنی داعشدا، بەڵام ئاستی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان وەک پێویست نییە، هەروەها تیشک خرایە سەر ئەوەی کە خوشک و برا ئێزدییەکان هێشتا لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و وێڕای بوونی ناونیشان و لۆگۆی ڕێکخراوە جیهانییەکان، بە کردەوە تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانییە کە باری قورسی خزمەتگوزاری و بەهاناوەچوونی ئاوارەکانی وەئەستۆ گرتووە، ئەم ڕاستییانە بوونە جێی سەرنج و دەنگدانەوەی بەرفراوانی 60 ژنە سەرکردەی ئامادەبووی هۆڵەکە و 750 بەشداربووی ئۆنلاین، بە جۆرێک زیاتر لە 100 پرسیار لەسەر پێویستیی ئاوڕدانەوەی ڕژد لە دۆخی هەرێمی کوردستان ئاراستەی پانێڵەکە کرا.

بەپێی وتەی خاتوو شیرین، لە بەشێکی دیکەی کارنامەی لوتکەکەدا، فیلمی دۆکومێنتاریی عەرعەر و سەگەکانی عەجاج نمایشکرا کە لە دەرهێنانی محەممەد حاجی قادر و بەرهەمی کەناڵی کوردستان تیڤییە. پێش پەخشکردنی فیلمەکەش، ئاورنگ شاوەیس پێشەکییەکی مێژوویی و پوختەی لەبارەی تاوانی شاڵاوەکانی ئەنفال و کارەساتی زیندانی نوگرە سەلمان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. سەبارەت بە دەستکەوتی فەرمیی ئەم بەشدارییەش، شیرین زەکی بە خەباتی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی کۆتایی لوتکەکەدا بڕیاری فەرمی درا بە دەستنیشانکردنی ناوبراو وەک نوێنەری تۆڕی نێودەوڵەتیی G100 بۆ کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2024دا نوێنەری بەشی ئاسایشی هەمان تۆڕ بووە لە فینلەندا، بەڵام بەپێی بڕیارە نوێیەکە، پێگەیەکی تایبەت و سەربەخۆ بە ناوی کوردستان لەسەر نەخشەی چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو ڕێکخراوە دیاری کرا و پەسەند کرا.

تۆڕی نێودەوڵەتیی G100 لە پێشەنگی ئەو هاوپەیمانێتییە جیهانییانەی ژنان دادەنرێت کە لە 100 ژنە سەرکردەی کاریگەری جیهان پێکدێت لە کایەکانی بڕیاردان، سیاسەت، ئابووری و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، کارنامەی ئەم تۆڕە ئاراستەکردنی سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانە بەرەو بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەدەستهێنانی نوێنەرایەتیی فەرمی لە نێو ئەم پێکهاتەیەدا دەبێتە دەروازەیەکی پتەو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لۆبی ژنانی پسپۆڕ و لێهاتووەوە، مافە نەتەوەیی و مرۆییەکانی گەلی کورد ڕاستەوخۆ بگەیەنێتە ناوەندە باڵاکانی بڕیار لە وڵاتانی جیهاندا.