
مەسعوود حەیدەر لە پەیامێکدا کە ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە، داوای لێ کرد ئەگەر دەیەوێت دەستوور جێبەجێ بکات لە مادەی 140ـەوە دەست پێ بکات و ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی بگرێت، هاوکات داوای لێ کرد چارەنووسی نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلار داهاتی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە تا سەرەتای 2026 ئاشکرا بکات.
مەسعوود حەیدەر لە پەیامەکەیدا بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق نووسیویەتی، کاتێک سوپا ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، کوردستان بە گوڵ پێشوازیی لێ دەکات، هەروەک چۆن لە کاتی ئازادکردنی مووسڵدا کردی، یادەوەریی ئێمە قورس بووە بە ئەنفال، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، گولـلەبارانکردنی مەیدانی و وێرانکردنی هەزاران گوند و شار.”
ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەگەر دەتەوێت دەستوور جێبەجێ بکەیت، لە مادەی 140ـەوە دەست پێ بکە و ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی بگرە، ئەگەریش دەتەوێت بەرەنگاری گەندەڵی ببیتەوە، چارەنووسی داهاتەکانی عێراق ئاشکرا بکە کە لە ساڵی 2003ـەوە تا سەرەتای ساڵی 2026 چوونەتە گەنجینەی دەوڵەتەوە و بڕەکەی نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلاری ئەمەریکییە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا داوای لە زەیدی کردووە ببێتە سەرۆک وەزیرانی هەموو عێراقییەکان نەک تەنیا توێژێکی دیاریکراو، بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان بکات و بژێوییەکەی نەکاتە ئامرازی گوشاری سیاسی، دووپاتی کردووەتەوە، با وەک هاوبەشی ڕاستەقینە دەست لە ناو دەست بنێین بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەر شوێنێک بێت، هەروەک چۆن حكوومەتی هەرێم لە هەڵمەتی “صولة الفجر” کردی.
مەسعوود حەیدەر هۆشداریشی داوە لە تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان و نووسیویەتی، وێرانکاری مەهێنە بۆ ناوچە ئاوەدانەکەی خاکی عێراق، ناسەقامگیری مەهێنە بۆ ئارامترین ناوچەی خاکی عێراق و حوکمی عورفی مەهێنە بۆ پابەندترین ناوچە بە یاساوە، نامانەوێت دیمەنە ناشرینەکانی تانک، هەمەر و چەکە قورسەکان ببینین، چونکە ڕۆحی شەهیدانمان و قوربانییانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەئاگا دەهێننەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەسعوود حەیدەر دووپاتی کردووەتەوە، پردەکانی متمانە بنیات بنێ، چونکە ئەو عێراقەی ئێمە دەمانەوێت نیشتمانێکە کە پێکەوە بەشدار بین لە بنیاتنانیدا، نەک دەسەڵاتێک کە ملکەچی بین.