ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیەنراوێکی دەربارەی بڕیار و گوتەکانی گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە، بڕیارەکەی بەغدا دەستوەردانی راستەوخۆیە لە باشووری کوردستان.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە کە بڕیاری رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە گومرگییەکانی باشووری کوردستانیان بە حکوومەتی ناوەندی داوە، ئەمەش بە مانای گواستنەوەی تەواوەتی سەرچاوە داراییەکانی فیدراسیۆنی باشووری کوردستان دێت بۆ بەغدا. کەجەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بێبەشکردنی کۆمەڵگە و سیستەمێکی سیاسی لە سەرچاوە داراییەکان بە مانای خستنەژێر پاشکۆیەتی، سنووردارکردنی رەهەندە سەرەکییەکانی ژیان و دەستوەردانی راستەوخۆ دێت لە پانتایی ژیانی خەڵکی باشووری کوردستان.

“کەجەکە وەبیری هێناوەتەوە، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، دەستوورێکی نوێ نووسرایەوە و فیدراسیۆنی باشووری کوردستان وەک پێگەیەکی دەستووری قبووڵ کرا، بۆیە گەڕانەوەی حکوومەتی عێراق بۆ عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و سنووردارکردنی مافەکانی هەرێم، هەنگاوێکی هەڵەیە و کێشەی جددی بۆ سەقامگیری و یەکێتیی دیموکراتیی عێراق دروست دەکات. جەختیشی کردووەتەوە کە دەبێت بەغدا لەم هەنگاوە هەڵەیە پاشگەز ببێتەوە”.

دەربارەی هەڵوێستی ناوخۆییش، کەجەکە دووپاتی کردووەتەوە کە فیدراسیۆنی باشووری کوردستان دەستکەوتی تێکۆشانی گەلی باشوور و تەواوی گەلی کوردستانە و هەموو گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانی دەکەن. هاوکات داوای کردووە لایەنە کوردییەکان عەقڵییەتی یەکێتیی دیموکراتی بکەنە بنەما و لەم قۆناخەدا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێم بە یەکڕیزی هەنگاو بنێن.

k24