گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، كە بەپێی ماددەی 121ـی دەستووریی عێراق، هەر جووڵەیەكی سەربازی لە ناو خاكی كوردستان بكرێت، پێشمەرگە لێی بەرپرس دەبێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بەپێی ماددەی 121ـی دەستووریی عێراق، پێشمەرگە هێزی پاراستنی هەرێمی كوردستانە و هەر جووڵەیەکی سەربازی لە ناو هەرێمی کوردستاندا هەبێت، دەبێت پێشمەرگە لێی بەرپرس بێت.”
دووپاتیشی کردەوە کە “هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی هێزە دەستوورییەکانی هەرێمی كوردستان، تەنیا ئەجێندایەکی سیاسیی کاتییە و خزمەت بە ئاشتی و یەکڕیزیی عێراق ناکات.”
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش دا کە “سەقامگیری بە (دروستکردنی هاوسەنگی) و ڕێزگرتن لە فیدراڵیزم دەست پێ دەکات، نەک بە هەوڵدان بۆ لاوازکردنی ئەو هێزانەی کە ڕەوایەتیی خۆیان لە دەستوور و ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە وەرگرتووە.”
گوتیشی: “هەر تێگەیشتنێکی دیکە تەنیا ئەجێندایەکی سیاسیی کاتییە و خزمەت بە ئاشتی و یەکڕیزیی عێراق ناکات.”
پێشەوا هەروامانی جەختی لەوەش كردەوە، كە ”ماددەی ١٢١ لە دەستووری عێراقدا پێشمەرگەی وەک هێزی پاراستنی هەرێم ناو بردووە، لەبەر ئەوە هەر جووڵەیەکی سەربازی هەبێت لە ناو هەرێمدا، دەبێت پێشمەرگە لێی بەرپرس بێت، وەک هێزێکی خاوەن ناوبانگی باش، سەرقافڵە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ڕابردوودا و پارێزەری هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.”
ئەوەشی خستە ڕوو، كە “گفتوگۆکانی ئێمە کاتێک دەگەنە ئەنجام کە هەموو لایەک باوەڕی تەواویان بەوە هەبێت کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵیی دەستوورییە لە ناو عێراقدا.”