سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵوێز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

“بڕیاربەدەستانی بەغدا، باوەڕیان بەفیدرالیزم نییە و دەیانەوێ بە عەقلییەتێکی مەرکەزی ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن”

“دەبێ دەستوور وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت نەک بەشێوەیەک کە ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیان بێت جێبەجێی بکەن و ماددەکانی تریش فەرامۆش بکەن وەک ماددەی 140 کە چەندین ساڵە جێبەجێ نەکراوە”

“بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە قبووڵکراو نییە”

“ئەگەر بەڕاستی مەبەستییان سەروەریی یاسایە ، عێراق پرە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێمۆڵەت، با ئەوانە بنبڕ بکەن”

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی 11ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازیی لە باڵوێز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیداڵ.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە لە دوای 2003 ەوە، سیستەمی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای فیدرالیزم بنیات نرا و هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور قەوارەیەکی دەستووری و یاساییە ، بەڵام بڕیاربەدەستانی بەغدا ، باوەڕیان بە فیدرالیزم نییە و دەیانەوێ بە عەقلییەتێکی مەرکەزی ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە دەبێ دەستوور وەکوو خۆی جێبەچی بکرێت نەک بە شێوەیەک کە ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیان بێت جێبەجێی بکەن و ماددەکانی تریش فەرامۆش بکەن وەک ماددەی 140 کە چەندین ساڵە جێبەجێ نەکراوە و دۆخی نائاسایی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم ئاسایی نەکراوەتەوە.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە کێشەی گەلی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، تەنیا مووچە و بودجە نییە بەڵکوو ماف و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و داننانن و ڕێزگرتنە لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: ئێمە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەتی فیدراڵ بووین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کاری نایاسایی و ئامادەشین بۆ هەموو هاوکارییەک لەمبارەیەوە و بۆ چارسەرکردنی هەموو کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و هیوادارین لە هەموو عێراق، ئەوە کارە نایاساییانەی هەن بنبڕ بکرێن، بەڵام ئەو ڕێکار و بڕیارانەی بەم دواییانە، بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دژی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەرچوون ، دەستووری نین و ڕەتی دەکەینەوە.

ئاماژەشی بەوە دا کە ئێمە لەگەڵ بنبڕکردنی گەندەڵی و دزینی سامانی سروشتین لە هەموو عێراق و هەموو هاوکاریەکیش پێشکەش دەکەین بەڵام بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت، کە قبووڵکراو نییە.

ئەگەر بەڕاستی مەبەستییان سەروەری یاسایە، عێڕاق پرە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت، با ئەوانە بنبڕ بکەن.

سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە، گەلی کوردستان بە هەموو هێزێکییەوە، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابێت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان دووپات کردەوە.