سهرهتا وتار ڕیفراندۆمی کوردستان؛ بەڵگەنامەی بوون و ئیرادەی نەتەوەیەک
ڤینۆس بابان
لە فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، ڕەنگە دەوڵەت لە دەرەوەدا وەک قەوارەیەک ببینرێت کە بە هێزی سەربازی و پانتایی جوگرافی بەسەر نەتەوەکەیدا باڵادەستە. بەڵام خوێندنەوەیەکی ورد بۆ مێژووی گەلان ڕاستییەکی قووڵترمان پێ دەڵێت: دەوڵەت ناسنامەی گەل دروست ناکات، بەڵکو ناسنامەی نەتەوەیی و هۆشیاریی قووڵی گەلە کە دەوڵەت دروست دەکات و هێزی مانەوەی پێ دەبەخشێت. دامەزراوەکانی دەوڵەت بێ بیروباوەڕی نیشتمانی، تەنها پەیکەرێکی ئیداریی بێهێزن؛ لەکاتێکدا ناسنامە ئەو شادەمارە زیندووەیە کە کەرامەت دەپارێزێت و شەرعیەت بە نەوەکانی ئایندە دەبەخشێت. لە ڕووی یاساییەوە، وشەی ڕیفراندۆم (Referendum) واتە: “گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک”. ئەم بڕیارە سیاسیی و دەستوورییە، لە سەدەی شانزدەهەمدا لە سویسرا دەستی پێکرد بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە زۆر گرنگەکان. دواتر لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، کاتێک وودرۆ ویڵسۆن، سەرۆکی ئەمریکا داوای “مافی دیاریکردنی چارەنووس”ی بۆ گەلان کرد، ڕیفراندۆم بووە بەشێک لە یاسای نێودەوڵەتی. لەو کاتەوە تا ئێستا، ڕیفراندۆم گرنگترین ڕێگای دیموکراتییە کە ڕێگە بە گەلان دەدات بە ئازادی ئایندە و چارەنووسی سیاسیی خۆیان هەڵبژێرن. لە سەرچاوەی ئەم فەلسەفە سیاسیی و یاساییەوە، داستانی مێژوویی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧دا هاتە ئاراوە. ئەم ڕووداوە تەنها ڕێکارێکی ئیداری یان وێستگەیەکی ئاساییی هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو وەرچەرخانێکی ستراتیژی بوو بۆ سەلماندنی ئیرادەی سەروەری و ڕاگەیاندنی ڕاشکاوانەی شایستەیی نیشتیمانیی خەڵکی کوردستان.
ڕیفراندۆم لە بۆشاییی سیاسییەوە لەدایک نەبوو، بەڵکوو لوتکەی وەفاداری بوو بۆ خەباتێکی مێژوویی کە سەرۆک مسعود بارزانی لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیاردا ڕابەرایەتیی کرد. لە دوای ساڵانێکی درێژ لە پەکخستنی ئەنقەستی هاوبەشیی فیدراڵی، پێشێلکردنی بەردوامی بەندە دەستوورییەکان -لە سەروویانەوە ماددەی ١٤٠ی تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم- هەروها سیاسەتی بڕینی بژێوی و بەشەبودجە و پەراوێزخستنی مافەکانی هێزی پێشمەرگە؛ سەرکردایەتیی سیاسیی بڕیارێکی مێژوویی دا بۆ گواستنەوەی دۆسیەی کوردستان لە بازنەی سازش و ڕێککەوتنە کاتییەکانەوە بۆ مەرجەعیەتی ڕاستەوخۆ و باڵای جەماوەر.
هێزی ڕابەرایەتیی سەرۆک مسعود بارزانی لە دوو بڕیاری سەرەکی و مێژووییدا دەرکەوت:
– پۆڵایینیی هەڵوێست لە بەرامبەر گوشاری نێودەوڵەتیدا:
سەرۆک مسعود بارزانی بە ئیرادەیەکی بێپاشەکشەوە ڕووبەڕووی ئەو گوشارە گەورانە بوویەوە کە لە لایەن وڵاتانی هەرێمی، زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەکران بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم. بڕیاری سەرۆک نەگۆڕ و یەکلاکەرەوە بوو: هیچ پاشەکشەیەک لە ڕیفراندۆم ناکرێت، مەگەر بەدیلێکی نووسراو و زامنکراوی نێودەوڵەتی هەبێت کە مافی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بەبێ مەرج مسۆگەر بکات. کاتێک ئەو گەرەنتییە بوونی نەبوو، سەرۆک بە تەواوی پشتی بە ئیرادە و بڕیاری گەل بەست.
– یەکخستنی ڕیزی نیشتمانی:
سەرۆک مسعود بارزانی ڕابەرایەتیی هەوڵەکانی کرد بۆ کۆکردنەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەکان، پێکهاتە جیاوازەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە سەرانسەری جیهاندا تاوەکو هەمووان لەژێر چەتری هەڵوێستێکی نیشتیمانیی یەکگرتوودا بوەستن.
مێژووی سەروەری و تابلۆی پێکەوەژیانی نیشتیمانی:
لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧دا، ئەنجامدانی ئەم مافە ڕەوایە سپێردرا بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان. بەشداریی فراوانی جەماوەر بە ڕێژەی ٧٢.١٦٪ و دەنگدانی ٩٢.٧٣٪ی هاووڵاتییان بە (بەڵێ) بە کۆی ٢,٨٦١,٤٧١ دەنگ، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری دیموکراتی و جەماوەرییە کە ڕەوایەتی و هێزی بەم بڕیارە مێژوویییە بەخشی و هیچ گومانێک هەڵناگرێت.
لەو ڕۆژە مێژوویییەدا، خەڵکی کوردستان ئیرادەیەکی یەکگرتووی نیشتیمانیی نیشان دا کە لە ڕەسەنایەتیی ناسنامەی کوردستانییەوە سەرچاوەی گرتلبوو. گرنگیی ئەم ئیرادەیە لەوەدا بوو کە دوور بوو لە هەر ڕەگەزپەرستی و دەمارگیرییەکی نەتەوەیی، بەڵکو گەشاوەترین نموونەی لێبووردەیی، برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بوو.
سەرجەم پێکهاتە ڕەسەنەکانی کوردستان لە کورد، تورکمان، کلدان، سریان، ئاشووری، ئێزدی و شەبەک لە کەرکووک، دهۆک، هەولێر، سلێمانی، دەشتی نەینەوا و خانەقینەوە، بەشدارییان لە بەدیهێنانی ئەم سەرکەوتنە دیموکراتییەدا کرد. ئەوان دووپاتیان کردەوە کە کوردستان مەڵبەندی ئارام و پێکەوەژیانی ئازادانەی تەواوی ئاین و ئاینزاکانەوە. ئەم خەباتە ڕزگاریخوازانەیە هەرگیز بەگژ هیچ نەتەوە یان ئاینێکدا نەبووەتەوە، بەڵکو پەیامێکی گەش و هەمیشەییی ئاشتی بووە، لە سەرچاوەی ئەو بڕوا نەگۆڕەی کە هێزی ڕاستەقینەی نیشتمان لە فرەیی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەوە دروست دەبێت.
ئایا ڕیفراندۆم بەڵگەنامەیەکی مێژووییە یان ئامرازێکی ڕاستەوخۆ؟
– لە ڕووی جێبەجێکردنی مەیدانییەوە:
ڕیفراندۆم دەستبەجێ بە مانای ڕاگەیاندنی یەکسەرەی دەوڵەت لە ڕۆژی دواتردا نەبوو، ئەمەش بەهۆی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا، ئاڵۆزیی هاوکێشە سیاسییەکان و پێویستیی بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی.
– لە ڕووی سیاسیی و ستراتیژییەوە:
ڕیفراندۆم بەڵگەنامەی خاوەندارێتیی سیاسیی و یاساییی مێژووییە کە بە تێپەڕبوونی کات بەسەرناچێت و هیچ بارودۆخێک هەڵیوەشێنێتەوە. سەنەد و بنەمایەکی مێژوویی و هەتاهەتاییە لە مێژووی نەتەوەکاندا کە دەیسەلمێنێت خەڵکی کوردستان خاوەنی ڕەوایەتیی تەواو و شایستەیی نیشتیمانییە بۆ پیادەکردنی مافی سەربەخۆیی.
• پاراستنی ناسنامە و بنەمای داهاتوو: ڕیفراندۆم مافی سەربەخۆییی کوردستانی لە بازنەی دروشمی سیاسیی و داواکاریی زارەکیی یەکلایینەکراوەوە گواستەوە بۆ مافێکی بڕیاردرای تۆمارکراو بە ژمارە و سندووقەکانی دەنگدان. بەمەش بووە خاڵێکی نەگۆڕ و بنەمایەکی ئەخلاقی و یاسایی بۆ هەر دانوستانێکی ئێستا یان داهاتوو سەبارەت بە ئایندەی هەرێمی کوردستان و مافە سەرەکییەکانی نەوەکانی داهاتوو.
ئیرادەی گەلانی ئازاد کاتێک بە هۆشیاریی نیشتمانی بنووسرێتەوە و بە قوربانیدانی پیرۆز بپارێزرێت و لە ڕێگەی دەنگی سەربەخۆی دیموکراتییەوە تۆمار بکرێت، بە هیچ گوشار و هاوکێشەیەکی کاتی تێکناشکێت. ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولدا بۆ تەواوی جیهانی سەلماند کە ناسنامەی نیشتیمانیی ئاوێتەبوو بە لێبووردەیی و پێکەوەژیان، بنەمای سەرەکی و ڕاستەقینەی نیشتیمانسازییە. لە ڕوانگەیەکی سەروەرییانە و مرۆڤدۆستانەوە، ڕیفراندۆم هەرگیز پەیامی دوژمنایەتی یان داخران نەبوو، بەڵکو بانگەوازی ئاشتی و برایەتی بوو بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق، گەلانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. کوردستان بە مێژووی پڕ لە قوربانی و ئەزموونی گەشاوەی لە فرەیی و تەبایی هەمیشە دووپاتی دەکاتەوە کە بەهێزی و سەقامگیرییەکەی، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ ئاسایش و بووژانەوەی تەواوی ناوچەکە. دەستەکانمان هەمیشە ئاوەڵان بۆ دیالۆگی هاوسەنگ، هاوبەشیی بنیاتنەر و پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش.
“بەڵێ”ی کوردستانیان وەکوو مەشخەڵێکی زیندووی کەرامەت و بەڵگەیەکی مێژوویی دەمێنێتەوە کە سەلماندی ئیرادەی ئازادی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، ڕاستەقینەترین ڕێگەیە بۆ بنیاتنانی ئاییندەیەکی ئارام و پرشنگدار بۆ هەمووان.