سهرهتا وتار ڕیفراندۆم ڕەهەندێکی نیشتمانیی بەخشییە خواست و خەباتی خەڵکی کوردستان
ڕەمزی میرەکانی
هەرێمی كوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ۲۰۱۷دا، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، بۆ زانینی بۆچوونی خەڵکی کوردستان لەسەر جیابوونەوە لە بەغدا ئەنجام دا. ڕیفراندۆمەکە شارەکانی کوردستان، هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەركووك و ناوچە دابڕێندراوەکانی گرتەوە، کە لەگەڵ بەغدا ناکۆکییان لەسەرە. بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، دەنگدەران بە ڕێژەی زیاتر لە ۹۲ لەسەد دەنگیان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا، ڕیفراندۆمەکەی ڕەت کردەوە و چەند هەنگاوێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرتە بەر. هەرێمی كوردستان لە دوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ـەوە، دەسەڵاتێکی فراوانی هەبوو، لە دەستووری ساڵی ۲۰۰۵یشدا، بەهێزتر كرا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەمیشە لە نێو كورددا هەبوو.
لە ۳ی شوباتی ۲۰۱6دا، سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی ڕاگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە كورد لە عێراق، لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و سەربەخۆیی لە بەغدا هەڵبژێرن. لە ۷ی حوزەیرانی ۲۰۱۷دا، سەرۆک بارزانی، ڕۆژی ۲۵ی ئەیلوولی هەمان ساڵی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دیاری کرد. لە ڕێکەوتی ۲۸ـی تەممووزی ۲۰۱۷دا، سەرۆک بارزانی، وتارێکی لە ڕۆژنامەی (واشنتن پۆست)ـی ئەمریكی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕای گەیاند، ئێستا کاتی بڕیاردانە لەسەر سەربەخۆیی كوردستاندا. سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا جەختی کردەوە: بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی چارەنووس، مافێکی ڕەوای هەرێمی كوردستانە و دەستکاریی سنووری هیچ وڵاتێکی دراوسێ ناكات، نەک تەنیا هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەنێک، بەڵکو دەبێتە هۆی ئارامی و سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە و پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەبیش لە عێراق بەهێزتر دەكات.
ئێمە ئامادەین هەموو نیگەرانییەکانی عێراقییەکان لەبەرچاو بگرین، کە لە هەمبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەیانە. بەڕێزیان گوتیشی: سەربەخۆیی كوردستان كارێکە هەر ڕوو دەدات، سەد ساڵ لەمەوبەر و دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهان، بەڵێنی دروست کردنی دەوڵەت بە كورد درا و پاشان بەبێ ویستی خۆمان نیشتمانەکەمان بەسەر عێراق، ئێران، توركیا و سووریادا دابەش كرا.
لە ۱۵ی ئەیلوولی ۲۰۱۷یشدا، پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی لە کاتی دیاریکراودا، پەسەند کرد.
لە ۲۵ی ئەیلوولی ۲۰۱۷دا، پرۆسەی ڕیفراندۆمەکە بەڕێوەچوو. ڕیفراندۆم کە لەلایەن پارتی دیموکراتی كوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی و یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆکایەتیی جەلال تاڵەبانی پشتگیریی لێ کرا، لە كاتێکدا ئەنجام درا، کە توركمان و عەرەبەکانی پارێزگای کەركووك لە دژی بوون؛ چونكە کەركووك بەپێی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. دوای دوو ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە، دەستەی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، ئەنجامە فەرمییەکانی ڕاگەیاند و ئاشكرای کرد کە ۹۲.۷۳ لەسەدی دەنگدەران بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی لە عێراق داوە.
ژمارەی ئەوانەی لە ناوخۆی هەرێم دەنگیان دا، نزیکەی چوار ملیۆن كەس بوو، بە ڕێژەی بەشداریی ۷۲.۱۶ لەسەد. هەروەها ۷.۲۷ لەسەد بە (نەخێر) دەنگیان دا و ڕێژەی دەنگە بەتاڵەکانیش ۱.۲۱ لەسەد بوو. بەڵام ئەم ڕیفراندۆمە بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێک لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕازی نەبوون لە ئەنجامەکانی پاشگەز ببنەوە، حکوومەتی بەغداش لەسەر هەڵوێستی ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆمەکە بەردەوام بوو. لە داخویانییەکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەوكاتی عێراق، حەیدەر عەبادیدا هات، ڕیفراندۆم كردارێکی نادەستوورییە و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها هیچ كاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر کەتواردا نابێت، بەڵکوو كاریگەرییە نەرێنییە گەورەکانی زیاتر بۆ هەرێم دەبێت. حکوومەتی فیدراڵ دوای ڕیفراندۆم، چەند هەنگاوێکی لە دژی هەرێم گرتە بەر.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ۲۶ی ئەیلوولی ۲۰۱۷دا، داوای لە هەرێمی كوردستان کرد، لە ماوەی سێ ڕۆژدا، فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بداتە دەست حکوومەتی فیدراڵ، لە ۲۹ی ئەیلوولیشەوە، هەڕەشەی داخستنی ئاسمانی كوردستانی کرد. لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمانی عێراق لە ۲۷ی ئەیلوولدا، سەرۆکوەزیرانی لە ناردنی هێز بۆ بەرزەفتکردنی چاڵە نەوتییەکانی کەركووك و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە لەگەڵ كوردستاندا، سەرپشک کرد. هەروەها داوای لە هەرێم کرد، هەموو ئەو شتانەی کە لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەوە دروست بوونە، هەڵبوەشێنێتەوە.
دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی دیاری کردبوو، لە ۲۹ی ئەیلوولی ۲۰۱۷، بەغدا قەدەغەی ئاسمانی بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپاند و هەموو گەشتە نێودەوڵەتییەکانیشی بۆ و لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە ڕاگرت. هاوکات، دادگای عێراق هەنگاوی دژ بە بەرپرسانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان گرتە بەر، بەوە تۆمەتباری کردن، دەستدرێژییان كردووەتە سەر یەکپارچەیی عێراق و وڵاتەکەیان خستووەتە مەترسییەوە. پاشان حکوومەتی عێراق، دوای داگیرکردنەوەی کەركووك، کە هەموو دەزانن چۆن و بە چ شێوەیەک بوو، لەسەر پێشڕەویکردن بەرەو هەولێر و دهۆک بەردەوام بوو، بەڵام هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە، لە دوو داستانی گەورە لە پردێ و سحێلا، بەتووندی لەو هێزانەیان دا و ناچاریان كردن بكشێنەوە. دواتر پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لە ۳۰ی ئەیلوولی ۲۰۱۷دا، داوایان لە وڵاتانی دراوسێ كرد، ڕێز لە یاساکانی هەرێم بگرن. هەروەها داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كرد، ڕێز لەوە بگرێت کە بە وتەی ئەوان، بڕیاری خەڵکی کوردستان بوو. پارت، لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی هەموو پارچەکانی دیکەی كوردستان، بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە باشووری كوردستان دڵخۆش بوون و بە هیوایەک بۆ هەموو كورد لێیان دەڕوانی.
ڕیفراندۆم بووەتە بەڵگەنامەیەکی گرنگ و باوەڕپێکراوی مێژوویی، کەس ناتوانێت ئەنجامەکانی ڕەت بکاتەوە و ڕۆژێک هەر دێت، کە کار بە ئەنجامەکانی بكرێت و كوردستانیش وەکو هەموو نەتەوەکانی دیکەی جیهان، ببێتە خاوەن وڵات، سنوور و ئاڵای خۆی و بچێتە ڕێزی وڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا. کەواتە ڕیفراندۆم بووە بەردی بناغەی دروستکردنی وڵاتی كوردستان، ئەگەر دوایش بكەوێت، بەڵام ڕۆژێک هەر دێت، ئەو خەونە ببێتە ڕاستی و سەربەخۆ بین. بژی كورد، بژی كوردستان.