وەزارەتی ناوخۆی عێراق دانی بەوەداناوە کە لە دیالە لەکاتی دەستگیرکردنی “داواکراوێک”دا سێ منداڵ کوژراون، بۆیەش لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕووداوەکە پێکهێناوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، لە ناحیەی دارسەلام لە دیالە، هاووڵاتییەکە لە بازگەیەک فەرمانی هێزە ئەمنییەکانی جێبەجێنەکردووە و نەوەستاوە، بۆیەش هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە.
پاش ئەوەی تەقە لە ئۆتۆمبێلەکە کراوە و ناچار کراوە کە بوەستێت، دەرکەوتووە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا سێ منداڵ کوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، پاشان “داواکراوەکە”ش دەستگیرکراوە.
: وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کرد کە لەسەر ئەم ڕووداوە ئەفسەرێک و 10 ئەندامی ئەو هێزە دەستگیرکراون کە تەقەیان کردووە، هاوکات لیژنەی لێکۆڵینەوەش لەسەر ئەم ڕووداوە پێکهێنراوە.