جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، سبەی نەوت لەناوچە شاخاوییەکانی سنووری هەولێر دابەش دەکرێت.

ئەمرۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی دا بە کوردستان24ـی راگەیاندووه‌، تا ئێستا 5 تانکەری نەوت کە دەکاتە 36 هەزار لیتر نەوتی سپی گەیشتووەتە دەستیان و پرۆسەی بەتاڵکردنیان دەستی پێکردووە.

هێمن قادر روونیکردەوە، بڕیارە بەیانی ئەو نەوتە بۆ ناوچە شاخاوییەکان بگوازرێتەوە و دابەش بکرێت.  سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتەکە گوتی: هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتیان پێدەدرێت.

سەبارەت بە کۆی گشتی ئەو خێزانانەی سوودمەند دەبن، هێمن قادر روونیکردەوە ژمارەی دیاریکراو لەبەردەستدا نییە، بەڵام جەختیکردەوە هەوڵەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوت بەردەوامن بۆ ئەوەی بڕی زیاتری نەوت دابین بکرێت. ئەگەر بڕی زیاتریش بەدەست بێت، دووبارە نەوت دابەشدەکرێتەوە.

سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنەکە لە ناو شارەکان،  جێگری پارێزگاری هەولێر روونیکردەوە رۆژانە پێنج تانکەری 36 هەزار لیتری، کە دەکاتە نزیکەی 180 هەزار لیتر، دەگاتە دەستیان.

ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی ئەو بڕەی بەدەستمان دەگات، دابەشکردنەکە لە سنووری ئیدارەی سۆران دەست پێ دەکات و لە هەریرەوە دەستمان پێکردووە، پاشان بەرەو شەقڵاوە و پیرمام و دواتریش بەرەو ناوشارەکان هەنگاو دەنێین.

جەختیکردەوە هەر بڕە نەوتێک بەدەستیان بگات، راستەوخۆ دابەشی دەکەن و لە لای خۆیان هیچ بڕێک کۆگا ناکەن. سەبارەت بە ئەگەری دابەشکردنی بڕی زیاتر لە داهاتوودا، روونیکردەوە دۆخەکە بەپێی ئەو بڕە نەوتە دەبێت کە لە داهاتوودا بەردەست دەبێت.