سهرهتا وتار دۆسێی (جورف سەخر)؛ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەهەژێنێت
کاروان محمەد سینۆ
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ڕۆژی دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەچوو، بێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک سەبارەت بە دۆسیەی (جورف سەخر) کۆتایی هات. ئەم پێشهاتە قەبارەی ناکۆکی و جیاوازیی ناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرا دەکات سەبارەت بە مۆڵەتەکەی حکومەت بۆ کشانەوەی کەتیبەکانی حزبوڵـڵا لەو ناوچەیە و هۆشدارییەکان لە لێکەوتەکانی پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت.
بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو پێداگرە لەسەر گێڕانەوەی کۆنترۆڵی تەواوی حکومەت بەسەر ناحیەی جورف سەخردا. زەیدی جەختی کردووەتەوە کە مۆڵەتە دیاریکراوەکە بۆ کشانەوەی کەتیببەکانی حزبوڵـڵا و ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتیی ئەمنی، ئێوارەی ڕۆژی هەینیی داهاتوو بێ هیچ درێژکردنەوەیەک کۆتایی دێت و هێزە سەربازییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئەگەری پابەندنەبوون بەو بڕیارەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆبوونەوەکە کەشێکی گرژ و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە و لە سەر تەواوی دۆسێکەو و بەتایبەت ماوەی مۆڵەتەکە و ڕەتکردنەوەی درێژکردنەوەی؛ دواتریش سەرۆکوەزیران بێ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان، کۆبوونەوەکەی بەجێهێشتووە.
ئەم جیاوازییە، سەختیی هاوسەنگیبوون لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا (کە هێزە نزیکەکان لە ئێران لەخۆدەگرێت) دەخاتەڕوو؛ لە نێوان پشتگیریکردنی ئاراستەی حکومەت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆکردنەوەی چەکی میلیشاکان، لەگەڵ خۆبەدوورگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کە بەشێکن لە پێکهاتەی هاوپەیمانییەکە خۆی. ئەمەش وای کردووە دۆسیەی جورف سەخر ببێتە تاقیکردنەوەیەکی جیدیی بۆ توانای زەیدی لە گۆڕینی بەڵێنەکانی بۆ هەنگاوی کردەیی.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان کە جووڵە سیاسی و ئەمنییەکان چڕ بوونەتەوە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی ناحیەکە کە چەندین ساڵە لەژێر هەژموونی کەتایبی حزبوڵـڵادایە، هاوکات لەگەڵ هەوڵە حکومییەکان بۆ ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە هێزە فەرمییەکان و کۆتاییهێنان بەو کەتوارە ئەمنییە نائاساییەی کە ڕێگر بووە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان لە ناحیەی (جورف سەخر). پێشتریش نێوەندگیرییەک لەلایەن ژمارەیەک لە دیارترین کەسایەتییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی (لەوانە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری و هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق) ئەنجام درابوو بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە لە ڕێگەی کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی کەتیبەکانی حزبوڵـڵا و بڵاوکردنەوەی هێزی جێگرەوەی حکومی (وەک دەزگای دژەتیرۆر). بەڵام پێداگریی زەیدی لەسەر مۆڵەتە دیاریکراوەکە، ئەو نێوەندگیرییانەی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێ و پانتایی مانۆڕی بۆ ئەو هێزانە تەسک کردووەتەوە کە هەوڵی چارەسەرێکی سیاسی دەدەن بۆ دوورخستنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناوخۆیی کە ڕەنگە لێکەوتەکانی سنووری (جورف سەخ)ر تێپەڕێنن.
لەسەر ئاستی مەیدانیش، سەرچاوە ئەمنییەکان باس لە گەیشتنی چەکدارانی هەندێک میلیشیا بۆ (جورف سەخر) لە پارێزگای بابل دەکەن بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەتایبی حزبوڵـڵا، هاوکات لەگەڵ جووڵەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکانی دەوروبەرەوە بۆ بەهێزکردنی یەکە حکومییە جێگیرکراوەکانی ناوچەکە و توکمەکردنی ئەو گەمارۆ سەربازییەی کە خراوەتە سەر(جورف سەخر) لە لایەن حکوومەتەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان هاوتەریبن لەگەڵ ئامادەکاریی مەیدانیی دوولایەنە، کە هەستیاریی کاتژمێرەکانی داهاتوو بەر لە کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکە زیاتر دەکات.