خەبات – تریفە ئازاد:

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و دابەزینی پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان، نرخی نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕە ئازادەكاندا بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتووەتە نزیكەی ٤٠٠ هەزار دیناری عێراقی. ئەم گرانبوونەش بارگرانییەكی دارایی زۆری خستووەتە سەر شانی هاووڵاتیان و نیگەرانییەكی بەرفراوانی لێكەوتووەتەوە، لە كاتێكدا بڕیارە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی بكات و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكانەوە پرۆسەكە دەست پێبكات.
كەمال محەمەد، كە پیشەی مامۆستایە و لەلای نەوتفرۆشێكی هەولێر سەرقاڵی كڕینی نەوت بوو، بە نیگەرانییەوە باسی لە دۆخەكە كرد و گوتی: «بەداخەوە ئەمساڵ نرخی نەوت بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەرز بووەتەوە، خەڵك لەم دۆخە ئابوورییەدا توانای كڕینی نییە». ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد كە لەبەر گرانیی نرخەكە ناتوانێت بەرمیلێكی تەواو بكڕێت و گوتی: «تەنیا دەتوانم 10 تا 15 لیتر بكڕم بۆ ئەوەی پێداویستیی چەند ڕۆژێكی پێ دابین بكەین، چونكە نرخی هەر دەبەیەك (20 لیتر) گەیشتووەتە 35 هەزار دینار، كە ئەمەش بارگرانییەكی زۆرە، بەڵام بەهۆی سەرماوە ناچارین بیكڕین».
هیتەری كارەبایی؛ جێگرەوەیەك كە تێچووی كارەبا زیاد دەكات
لای خۆیەوە هیمداد ئەحمەد، هاووڵاتییەكی دانیشتووی گەڕەكی دارەتووە، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (خەبات) جەختی لەوە كردەوە كە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وایكردووە هاووڵاتیان پەنا ببەنە بەر بەكارهێنانی ئامێرە كارەباییەكانی گەرمكردنەوە وەك هیتەری كارەبایی. ناوبراو گوتی: «ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی زیادبوونی كرێی كارەبا و دروستبوونی گوشار لەسەر تۆڕەكانی كارەبا، بەڵام هاووڵاتیان ناچارن، چونكە كەم كەس دەتوانێت بەرمیلێك نەوت بە 350 هەزار دینار بكڕێت». هەروەها داوای كرد وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پەلە بكات لە دابەشكردنی بەشە نەوتی ماڵان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لەم قەیرانە داراییە ڕزگاریان بێت.
نەوتفرۆشێك: نەوتی سپی ئەمساڵ بەرزترین نرخی تۆمار كردووە
تەحسین سەعید، كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە پیشەی نەوتفرۆشتنە و نەوت بۆ ماڵان و نانەواخانەكانی هەولێر دابین دەكات، پشتڕاستی كردەوە كە ئەمساڵ بەرزترین نرخی نەوتی لە مێژووی كاركردنیدا تۆمار كردووە. تەحسین گوتی: «لەم چەند ڕۆژەدا خۆم نەوتم بە ٤٠٠ هەزار دینار بۆ ماڵان پڕ كردووەتەوە؛ خێزانی وا هەیە نەخۆش یان منداڵی ساوای هەیە و ناچارە تەنانەت ئەگەر بە قەرزیش بێت نەوت بكڕێت، بەشێكی تریش بە دەبە دەیكڕن تاوەكو ڕۆژە ساردەكان بەڕێ بكەن. پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە جیدی ئاوڕ لە خێزانە كەمدەرامەتەكان بدەنەوە».
وادەی دابەشكردنی نەوتی پاڵپشتیكراو
بەپێی بەدواداچوونە فەرمییەكان و ڕاگەیەندراوەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەكاندا دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی خواست لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دواكەوتنی ناردنی بڕە نەوتی تەرخانكراو لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، كە بڕیار بوو بە نرخێكی پاڵپشتیكراو بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بنێردرێت. لە ئێستادا نەوتی بازرگانی لە پاڵاوگە ناوخۆییەكان یان لە ڕێگەی هاوردەكردنەوە دابین دەكرێت، كە بەهۆی تێچووی گواستنەوە و نەبوونی پاڵپشتیی دارایی، نرخەكەی لە 330 بۆ 350 هەزار دینارەوە جێگیر بووە.
ناوچە شاخاوییەكان پێش سەنتەری شارەكان دەكەون
لە بەرامبەردا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پلانی دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵانی بە نرخی پاڵپشتیكراو (بڕی 100 بۆ 105 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێكی 200 لیتری) خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەپێی ڕێنماییە فەرمییەكانی وەزارەت، قۆناغی یەكەمی دابەشكردنەكە تایبەت كراوە بە ناوچە شاخاوییەكان و دەوروبەریان بەهۆی زووتر دابەزینی پلەكانی گەرما تێیاندا، دواتر قۆناغی دووەم سەنتەری شارەكان دەگرێتەوە. حكوومەتی هەرێم جەختی كردووەتەوە كە هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە بۆ دابینكردنی بڕی پێویستی نەوت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و پاڵاوگە ناوخۆییەكان، تاوەكو بتوانرێت لە زووترین كاتدا بەشە نەوتی سەرجەم خێزانەكان دابین بكرێت و هاوسەنگی بۆ نرخی بازاڕ بگەڕێندرێتەوە.