نێچیرڤان بارزانی لە ئەنتاڵیا

3

محەمەد زەنگەنە
بەشداریی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لووتكەی كەش و هەوای جیهان كە ئەمساڵ لە ئەنتاڵیا، لە توركیا ئەنجام درا، دەرفەتێكی دیكە بوو، بۆ سەلماندن و نیشاندان و جەختكردنەوە لەسەر سەنگ و قورسایی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان، لە دۆخێكی زۆر ناسك و هەستیار و مەترسیدار كە ناوچەكە و جیهان بەگشتی پێیدا تێدەپەڕێت، ئەو دۆخەی هەموو جیهانی خستۆتە ئامادەباشی بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ و تێكچوونی دۆخی جیهان بەگشتی و چوونە نێو كێشە و قەیرانێكی قووڵ كە وا بەئاسانی چارەسەر ناكرێت.
دیمانە و كۆبوونەوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردەكانی ناوچەكە و جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ لایەنی ئیقلیمی و عەرەبی، جارێكی دیكە ئەو راستییەی سەلماند، كە هەرێمی كوردستان كاراكتەر و فاكتەری بەهێزی ناوچەكەیە و دەكرێ بۆ زۆر پرسی گرنگ و پرۆژەی گەورە و كاریگەر پشتی پێ ببەسترێت، بەرەچاوكردنی هەبوونی سیاسەتێكی هاوسەنگ و خۆ دوورخستن لە هەر شوێن و لایەن و بەرەیەك كە دەیەوێت هەرێمی كوردستان بۆ لێدانی شوێنێكی دیكە یان بەرەیەكی ركابەر و دژبەر بەكار بهێنێت.
لە دیدار و گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانیشی دا لەگەڵ سەركردەكانی ناوچەكە و جیهان، وەك هەمیشە، نێچیرڤان بارزانی توانی جارێكی دیكە و بەشێوەیەكی راستەوخۆ و بە دوور لە زمانی موجامەلەی دیپلۆماسی، رووی راستەقینەی هەرێمی كوردستان بە سەركردە و نوێنەرانی ئەو وڵاتانە نیشان بدات و پەیامی راستەقینەی پڕاگماتیزمی سیاسیی هەرێم بگەیەنێتە جیهان و هەموو ئەو قسە بێ بنەمایانەش رەت بكاتەوە كە لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە دەكرێن كە هەرێم بە قەوارەیەكی لاواز و پڕ لە كێشە و قەیران تۆمەتبار دەكەن.
خۆی شاراوە نییە كە بەڵێ، هەوڵی بێ وچان هەن بۆ دروستكردن و خوڵقاندنی قەیران، هەر گرفتێكیش لە هەرێمی كوردستان هەبێت، گرفتێكی دروستكراوی دەستی دەرەكییە، بە یارمەتیی دەستێكی نێوخۆیی كە نایەوێت سەقامگیری لەو هەرێمەدا بەرقەرار بێت، بەڵام بەپشت بەستن بەو گۆڕانكارییانەی ئەمڕۆ لەجیهان دا هەن و خێرایی گەیشتنی زانیاری و ئەو كەناڵە دیپلۆماسی و تۆڕی دۆستایەتییەی لەسەرانسەری جیهان دا كە زیاتر لە سێ دەیەیە بوونیان هەیە، دەتوانین بڵێین هەر قسە و هەواڵێكی بێ بنەما، لە چەند كاتژمێرێك زیاتر بەردەوام نابێت و راستییەكان بەشێوەیەكی خێرا ئاشكرا دەكرێن.
لە هەموویشی گرنگتر، هەوڵی بێ وچانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە بۆ پێشخستنی رایەڵەی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ، كە گرنگترین فاكتەری سەقامگیریی هەرێمن، بە رەچاوكردنی بنەمای دەست وەرنەدان لەكاروباری ئەو وڵاتانە و پاراستنی سەروەریی عێڕاق و هەرێمی كوردستان لەو چوارچێوەیەدا، لەگەڵ دووپاتكردنەوەی نەبوونی هەڕەشە لەخاكی هەرێمی كوردستانەوە بەسەر وڵاتانی دراوسێ.