خه‌بات- سه‌رهه‌نگ نه‌جمه‌دین
لە پارێزگای هەولێر، هەڵبژاردنەکانی یەکێتی سیانیی عێراق بە ئامادەبوونی لێژنەی سەرپەرشتیاری پرۆسەی هەڵبژاردن، نوێنەرانی لێژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانیی عێراق و وەزارەتی وەرزش و لاوان ، هاوشانی نوێنەری یەکێتیی نێودەوڵەتیی یارییەکە بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە بەگوێرەی ڕێکارە یاسایی و پەسەندکراوەکان ئه‌نجامه‌كان، بەختیار فەریق ڕەسول وەک سەرۆکی یەکێتیی سیانیی عێراق و دکتۆر ئەمیر عەبدوڵڵا حەسەن وەک جێگری سەرۆکی یه‌كێتیی سیانی هەڵبژێردران.
هەروەها ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بووە هۆی دیاریکردنی ئەندامانی نوێی دەستەی کارگێڕیی یەکێتییەکە، کە پێکهاتوون لە: ئەحمەد عوبەید عەبدولزەهرە، د. موئەیەد عەبدولڕەزاق، فاهم جەبر سەمیع، د. مانی ئەحمەد عارف، محەمەد فازل کاکە حەمە، جەلال محەمەد سەبری.
شایه‌نی باسه‌ یاریی سیانی کە لەسەر ئاستی جیهان بە (ترایسلۆن – Triathlon) ناسراوە، یەکێکە لە وەرزشە ئۆڵۆمپییە گرنگ و پڕ جەماوەرەکان، کە تێیدا توانای جەستەیی و بەرگەگرتنی یاریزانان دەخرێتە ژێر تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە، ئەم وەرزشە لە سێ چالاکیی جیاواز پێکدێت و پێویستە یاریزان بەبێ هیچ پشوودانێک و بە شێوەیەکی یەک لە دوای یەک ئەنجامیان بدات.
بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی ئەم یارییە، کێبڕکێکان بە قۆناغی مەلەکردن لە ئاوی کراوەدا دەست پێدەکات، پاشان یاریزانان ڕاستەوخۆ دەچنە قۆناغی پایسکیلسواری و لە کۆتاییشدا بە ڕاکردن بەرەو هێڵی کۆتایی پێشبڕکێکە تەواو دەکەن.
لەسەر ئاستی عێراق، هەرێمی کوردستان بە ناوەندی سەرەکی و بڕبڕەی پشتی یاریی سیانی دادەنرێت و زۆربەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق لە یانەکانی کوردستانن